شارپرێس:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەفەرمی زانیارییو داتای
نەبیستراو لهبارهى مەلەفی نەوتو غازی هەرێمی کوردستانهوه ئاشکرادەکاتو ڕایدەگەیەنێت،
ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی کوردستان بازدانی پێوانەیی تۆماركردوهو گەیشتوەتە
650 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، دهشڵێت، "هەولێر دوای زنجیرەیەک گوشاری توندی یاساییو
دارایی، دواجار بەناچاریی ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ جێگیرکردنی کۆمپانیایەکی پسپۆڕی
ئەمریکی تاوەکو چاودێریی تەواوی هەناردەو پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتەکەی بکات".
ڕیاز تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لهڕێگهى كهناڵى
(ئولا)وه داتاو زانیاریی نوێی لەسەر قەبارەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی
کوردستان ئاشکراکردو وتى، "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەکێڵگەکانی هەرێمی
کوردستان لەئێستادا گەیشتوەتە 650 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر بەرزەو
پێشتر بەفەرمی ڕانەگەیاندرابوو".
جەختی لەوەشکردهوه، حکومەتی هەرێم لەژێر گوشارەکاندا بەناچاریی، ڕەزامەندیی
دەربڕیوە بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ئەمریکی چاودێریی تەواوی هەناردەو فرۆشتنی
نەوتەکەی بکات.
ڕیاز تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، بهگوێرهى بەدواداچونە تەکنیکیو
داراییەکانیان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم، ئێستا گەیشتوەتە لوتکەیەکی نوێ کە
ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیلە، ئەم پێشهاتەش لەکاتێکدایە کە پێشتر لەگفتوگۆکانی بودجەو
هەناردەکردندا، باس لەبڕی زۆر کەمتر كراوه، ئەمەش دەبێتە مەلەفێکی قورس لەسەر مێزی
گفتوگۆکانی داهاتوی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
بهوتهى ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمان، "هەرێمی کوردستان
دوای زنجیرەیەک گوشاری قورسی یاساییو دارایی لەلایەن بەغداو دادگای فیدراڵییەوە،
دواجار بەناچاری قبوڵیکردوە ئهو کۆمپانیا نێودەوڵەتیه ئەمریکیه جێگیربکرێت بۆ
وردبینی، چاودێریکردنو دۆکیۆمێنتکردنی تەواوی پڕۆسەی هەناردەکردنو فرۆشتنی نەوتی
کوردستان، تا دڵنیایی بدرێتە بەغدا کە داهاتەکان بەڕونی تۆماردەکرێن".
