ئیسرائیل.. شەش ڕکابەر هەوڵی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ناتانیاهۆ دەدەن

ڕاپۆرت

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2614 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە 27ی تشرینی یەکەم بەشداریی هەڵبژاردنێکی پڕکێبڕکێ دەکات، لەکاتێکدا ڕکابەرەکانی هەوڵدەدەن دەسەڵاتی درێژخایەنی ئەو کۆتایی پێبهێنن، ئەم 6 سیاسەتمەدارە بەدیارترین كانديدانى بەرامبەر ناتانیاهۆ دادەنرێن.

غادی ئایزینکۆت.. ڕکابەری سەرەکیی
غادی ئایزینکۆت، 66 ساڵە و کوڕی کۆچبەرانی مەغریبە، بە ڕکابەری سەرەکیی نەتانیاهۆ دادەنرێت. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەبێت کە ڕەچەڵەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان باکووری ئەفریقایی هەبێت.
ئایزینکۆت، سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی سیاسیی زۆر، دوای کوژرانی کوڕەکەی و دوو لە کوڕە براکانی لە شەڕی غەززەدا، پشتگیریی بەرفراوانی خەڵکی بەدەستهێنا. ئەو ساڵی 2024 لە حکومەتی شەڕ کشایەوە و بووە یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی نەتانیاهۆ.
ساڵی 2025 پارتەکەی بە ناوی "یەشار" دامەزراند و  بەڵێنی داوە ڕێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی نەدات و لە ماوەی 18 مانگدا حوکمڕانیی حەماس لە غەززە کۆتایی پێبهێنێت. هەروەک پشتگیریی دروستکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا دەکات.

نەفتالی بێنێت.. جێگرەوەی ڕاستڕەو
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، لە ڕاپرسییەکاندا لە پلەی سێیەمە. ئەو کە پێشتر لە کەرتی تەکنەلۆژیادا وەبەرهێنانی کردووە، بە یەکێک لە ڕێبەرانی ڕاستڕەوی نەتەوەپەرست و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان ناسراوە.
ساڵی 2021، هاوپەیمانییەکی سیاسیی جۆراوجۆری پێکهێنا کە پشتگیریی پارتێکی عەرەبیی لەخۆگرتبوو و 12 ساڵ دەسەڵاتی نەتانیاهۆی کۆتایی پێهێنا؛ بەڵام حکومەتەکەی تەنیا یەک ساڵ خایاند. 
بێنێت بە توندڕەوی لە بابەتە ئەمنییەکان و دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی ناسراوە، بەڵام ئێستا خۆی بە ناوەندڕەوی سێکولار پێناسە دەکات و لەگەڵ یائیر لاپید هاوپەیمانیی پێکهێناوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ.

یائیر لاپید.. ئەستێرەی پێشووی تەلەڤیزیۆن
یائیر لاپید، 62 ساڵە و ڕۆژنامەنووسێکی پێشوویە، ساڵی 2012 پارتە میانڕەوەکەی بە ناوی "یەش عەتید" دامەزراند. ناوبراو پۆستی وەزیری دارایی و دواتر وەزیری دەرەوەی گرتووە و ساڵی 2022 بۆ ماوەیەکی کورت بووە سەرۆک وەزیران.
 سەرەڕای ناسراوی و ئەزموونی سیاسیی، لە ڕاکێشانی دەنگدەرانی دەرەوەی بنکەی سەرەکیی خۆی، کە زیاتر دانیشتووانی شارە سێکولار و ناوەندڕەوەکانن، تووشی کێشە هاتووە.

ئەڤیگدۆر لیبەرمان.. نەتەوەپەرستیی سێکولار
لیبەرمان، لە ساڵی 1958 لە مۆڵداڤیای سۆڤیەت لەدایک بوو و لە کۆتایییەکانی دەیەی 1970 کۆچی کردە ئیسرائیل. پێشتر لە نزیکترین کەسانی نەتانیاهۆ بوو و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی بوو.
لیبەرمان پارتە نەتەوەپەرست و سێکولارەکەی بە ناوی "ئیسرائیل بیتێنو" دامەزراند و پۆستەکانی وەزیری دەرەوە، بەرگری و دارایی وەرگرتووە. لیبەرمان ڕەخنەی بەردەوام لە نەتانیاهۆ دەگرێت و دژی ئەو ئیمتیاز و زێدەمافانەیە کە بە جووە ئایینییە توندڕەوەکان دەدرێن. هەروەها داوای بەشداریپێکردنیان لە سوپا دەکات.

مەنسوور عەباس.. خاڵی کۆکەەوەی ئۆپۆزسیۆن
مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتە عەرەبییەکەی "ڕەعام"، هەوڵ دەدات دەنگی هاووڵاتییە عەرەبەکانی ئیسرائیل، کە 20%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، کۆبکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی نەتانیاهۆ بۆ دەسەڵات. 
ساڵی 2021، پارتەکەی یەکەم پارتە عەرەبییەک بوو کە بەشداریی حکومەتێکی ئیسرائیلی کرد. ئەگەر پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن هاوپەیمانی لەگەڵ بکەن، دەتوانێت ڕۆڵی سازکەری هاوپەیمانییەکە بگێڕێت و چارەنووسی پێکهاتەی حکومەت دیاری بکات.

یائیر گۆلان.. نوێنەری ماوەی چەپ
یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی "دیموکراتەکان"، نوێنەری گرنگی چەپی ناوەندڕەو و لیبراڵی ئیسرائیلە.
 ناوبراو کە ئەفسەرێکی پێشووی سوپایە، پشتگیریی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات و لە ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا، کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بە چەک و ئۆتۆمبێلەکەی چووە دەرەوە بۆ ڕزگارکردنی کەسانی زیانلێکەوتوو.
 گۆلان لە نێوان ڕێبەرە سیاسییە ئیسرائیلییەکاندا یەکێکە لە کەمینەی ئەوانەی بە ئاشکرا پشتگیریی دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەکەن.