ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانه‌و سه‌رۆكى حكومه‌تیش له‌ڕێگه‌ى كۆبونه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ چه‌ند په‌یامێك به‌خۆپیشانده‌ران ده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێوارەی دوێنێ شەممە هاوپه‌یمانى بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە هێزە سیاسییە فەرمانڕەواکانی عێراق لەخۆدەگرێت، تاووتوێی دۆخی وڵاتی کرد لەناو گەرمەی (شێواوییەکانی ناوچەکەدا)، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی ئەو خۆپیشاندانانە کردەوە کە بڕیارە ئه‌مڕۆ بەڕێوەبچن بەبۆنەی یادکردنەوەی حەوتەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرین.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، زەیدیی ئێوارەی دوێنێ میوانداریی 40مین کۆبونەوەی خولیی هاوپه‌یمانى بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کردوە، بەئامادەبونی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان)و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی؛ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ باسی لەپێشهاتە ئەمنی‌و سەربازییە ناوخۆیی‌و هەرێمییەکان کردوەو جەختی لەسەر گرنگی پێدانی تەواو بەم مەلەفانە کردوەتەوە لەژێر سێبەری کەشوهەوای شێواوی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیدا، هاوكات داوای لەهەموان کردوه‌ پابەندبن بەو سیاسەت‌و داناییەی کە بۆ پاراستنی ئاسایش‌و سەروەریی وڵات بەدیهاتوە.

سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی ئه‌مڕۆش، زه‌یدیى به‌به‌شدارانى كۆبونه‌وه‌كه‌ى وتوه‌، "مافی خۆپیشاندان‌و دەربڕینی ڕای پێشوەختە لەدەستوردا ده‌سته‌به‌ركراوه‌و داوای دابینکردنی پاراستنی پێویستی بۆ خۆپیشاندەران‌و گوێگرتن لەداواکارییە شەرعییەکانیان کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پابەندبون بەدەستورو یاساو خۆبەدورگرتن لەزیانگەیاندن بەئاسایشی هاوڵاتیان، یان دەستدرێژیکردنەسەر موڵک‌و ماڵی گشتیی، یان داخستنى ڕێگه‌کان".

هەروەها هاوپه‌یمانیه‌كه‌ باسی لەپڕۆژەیاسای بودجە کردوه‌و جەختی لەسەر گرنگیی پەسەندکردنی لەناو وادە دەستوریی‌و دیاریکراوەکاندا کردەوە، لەپاڵ پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەریی لەدابەشکردنی سەرچاوەکاندا، بەشێوازێک کە ئەولەویەتی ڕەها بدرێتە ئەو پڕۆژەو بەرنامانەی کە زۆرترین پەیوەندییان بەپێداویستییە خزمەتگوزاریی‌و بژێوییەکانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ژیانێکی شایستە بۆیان.

هاوپه‌یمانى بەڕێوەبردنی دەوڵەت سوپاسى ئەو هەنگاوانەی کردوه‌ کە دامەزراوە پسپۆڕەکان دەیگرنەبەر بەرەو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی‌و فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، "ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابوریی‌و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق".

ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ (بەڕێوەبردنی دەوڵەت) وەک چەترە سیاسییەکەی ئەو هێزانە دادەنرێت کە بەشدارن لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات لەعێراقداو لەئەیلولی 202دا، پاش قەیرانی بنبەستی سیاسیی کە دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 دروستبوو، دامەزرا؛ چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوپەیمانێتییەکانی سیادەو عەزم، لەگەڵ بزوتنەوەی بابلیۆن لەخۆدەگرێت.

ئەم هاوپه‌یمانێتیه‌ زەمینەی خۆشکرد بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی لەتشرینی یەکەمی 2022دا، پێشئەوەی بگۆڕێت بۆ چوارچێوەیەک بۆ هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکەیییەکان، لەڕێگەی کۆبونەوەی خولییەوە بۆ تاووتوێکردنی مەلەفە سیاسیی، ئەمنی‌و ئابورییەکان‌و بەدواداچونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان‌و بەرنامەی حکومەت.