شارپرێس:
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند كە ١٧١ پێشێلكاریی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە شەڕكەر و سیخوڕییەكانی ئەمریكا لە نێوان ٣٠ی ئەیلول تا ٢٣ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ تۆمار كراوە. هەروەها دووپاتی كردەوە كە داخستنی دەروازە سنوورییەكانی ئێران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە دەستی "هێزە دەرەكییەكان" ئاڕاستەكراوە.
لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا مقاوەمەی ئیسلامی ڕایگەیاندووە، "بەردەوامی پێشێلكردنی سەروەری عێراق لەلایەن ئەمریكاوە بێبایەخكردنی بەڵێننامە ڕاگەیەندراوەكانە بەرامبەر بە حكومەت، پێشێلكاریی ڕێككەوتنە واژۆكراوەكان و پابەندبوونەكانە، حكومەت لە ژێر ئەركێكی ئەخلاقیدایە كە ڕاستگۆ بێت لەگەڵ گەلی عێراق سەبارەت بە واقیعی ئەوەی ڕوودەدات."
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، "بڕیارەكانی داخستنی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیرادەی ئەمریكا دەكرێت. قسەكردن لەسەر گەیشتن بەسەروەری نەتەوەیی لە كاتێكدا پێشێلكاری بەردەوامە، سوكایەتیكردنە بە كەرامەت و ئیرادەی گەلەكەمان، چۆن دەتوانرێت باس لە سەروەری دەوڵەتێك بكرێت كە بڕیارەكانی لە دەرەوە سنووردار بكرێن، بەم شێوەیە هەژموونی ئەمریكای چەسپاندووە و كاریگەرییەكەی لەسەر حیسابی سەربەخۆیی نەتەوەیی بەهێزتر دەكات".
ڕاشیگەیاند: "وەستان لەگەڵ هێزە ڕاستگۆكان لە بەرامبەر هێزەكانی خراپەكاردا ئەركێكە كە سروشتی مرۆڤی ساغ دیاریدەكات. ئەوەی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی دەبێتەوە، نوێنەرایەتی سروشتی ڕاستەقینەی شەڕی نێوان ڕاست و هەڵەیە".
