شارپرێس:
سەرۆكی ئەمریكا بەدوای ئەو بژاردانەدا دەگەڕێت كە جەنگەكەی لەگەڵ ئێران كۆتایی پێ بهێنێت، لەكاتێكدا پێشنیارەكان دژی یەكترن: لەلایەك بەردەوامبوون لەسەر فشاری ئابوری كە وەزیری گەنجینە سكۆت بێسنت پشتگیری دەكات، لەلایەكی دیكەوە دەستپێكردنەوەی خولێكی نوێی هێرشی ئەمریكی و ئیسرائیلی كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ داوای دەكات.
ئیدارەی ترەمپ لێكۆڵینەوە لە تێكەڵكردنی هەردوو ڕێگاكە دەكات، بە توندكردنەوەی گەمارۆ و سزاكان لەگەڵ هێرشی سەربازی زیاتر كە لەوانەیە جبەخانەی موشەك و درۆن و وێستگە ناوكییەكان و كەرتی وزە بكرێتە ئامانج. بەڵام بەرپرسان جەخت دەكەنەوە كە بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
ترەمپ لە ستراتیژیی فشاری ئابوری نیگەرانە، بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و زیادبوونی ئاستەنگە سیاسییەكانی بەردەم كۆماریخوازان پێش هەڵبژاردنی نیوەیی. لەكاتێكدا ڕاپۆرتەكان باسی فشاری ئیسرائیلی دەكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، ترەمپ تا ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر هێرشێكی نوێ پێش هەڵبژاردنەكان نەداوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن كە پلاندانان بۆ جەنگێكی كورتخایەن لەوانەیە توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوە و فراوانكردنی بازنەی ململانێكە لەبەرچاو نەگرێت، بە شێوەیەك ڕێڕەوی شەڕەكە لە لە كۆنترۆڵی ئەمریكا دەرچێت.
ئابوری ئێران لەژێر فشاردا
گەمارۆی دەریایی ئەمریكا و سزاكان و زیانەكانی جەنگ، گرانی و داكەوتنی بەهای تمەن و دژواریی لە دەستكەوتنی كاڵا بنەڕەتییەكانی قووڵتر كردووەتەوە. براد كوپەر فەرماندەی سێنتكۆم دەڵێت گەمارۆكە ڕێگری لە ئێران كردووە لە هەناردەكردنی نەوتی خاو بە بەهای لانیكەم ٢٥ ملیار دۆلار، لەكاتێكدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات ئابوری ئێران بە توندی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بچێتەوە یەك.
ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەڵگە لەسەر نزیكبوونەوەی ئابوری ئێران لە ڕووخانێكی نزیك هێشتا دوورە و فشارە ئابورییەكان گۆڕانكارییەكی بەرچاویان لە هەڵوێستی دانوستانكاریی تاران دروست نەكردووە.
ناتانیاهۆ فشار دەكات
ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان هان بدات، لەگەڵ ئەوەشدا، تێكەڵكردنی فشاری ئابوری و هێرشی سەربازی گەرەنتیی كۆتاییهێنانێكی خێرای جەنگەكە ناكات، چونكە وەڵامی ئێران هۆكارێكی یەكلاكەرەوە دەبێت كە لەوانەیە پێشبینییەكانی واشنتۆن و تەلئەڤیڤ بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكە لە ماوەیەكی كورتدا نەهێنێتە دی.
