شارپرێس:
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، ڕێنمایی دەردەكات بۆ بە هەمیشەییكردنی سەرجەم كارمەندانی گرێبەست و كرێكاران و هەروەها 120 هەزار پلەی دامەزراندن بۆ هەموو چین و توێژەكان و پارێزگاكان لەچوارچێوەی بودجەی 2027دا.
نوسینگەی سەرۆك وەزیران لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، زەیدی، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی كرد بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری دارایی فالح ساری.
زەیدی لە كۆبوونەوەكەدا، ڕێنمایی كرد بە هەمیشەییكردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و كرێكاران، هاوكات 120 هەزار پلەی دامەزراندنی نوێ بە شێوەی گرێبەست لەناو بودجەی ساڵی 2027دا، كە سەرجەم توێژەكان دەگرێتەوە و بە شێوازێكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، لەگەڵ كردنەوەی سەكۆیەكی تایبەت بۆ دامەزراندن بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری لە نێوان پێشكەشكاراندا.
سەرۆك وەزیران ڕوونی كردەوە كە حكومەت كار دەكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ڕێكارەكانی هەمیشەییكردن و پلەی دامەزراندنی نوێ بەپێی مەرج و ڕێكارە پەسەندكراوەكان.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی سوربوونی حكومەتدایە لەسەر دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجان و بەهێزكردنی سەقامگیری كار و ژیان، سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگ و فشارە داراییەكانی كە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.
