چوارچێوەی هەماهەنگی میکانیزمی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 198 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کوتلەی پەرلەمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان زانیاریى له‌باره‌ى ئەو نەخشەڕێگه‌و هاوکێشە نوێیە ئاشكراكرد کە لەلایەن هێزە باڵادەستەکانەوە بۆ کۆنترۆڵکردن‌و دابەشکردنی لیژنەکانی په‌رله‌مانى عێراق پەسەندکراون، وتەبێژی کوتلەکەش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لایەنەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی له‌کەسایەتییە کاریگەرەکانی خوار لوتکەی دەسەڵاتی حزبه‌كان بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە لەسەر بنەمای قورسایی سیاسیی‌و شایستەی هەڵبژاردن".


له‌پەیڕەوی نوێی پەرلەمانى عێراقدا، تەواوی لیژنە فەرمییەکان بەسەر پێکهاتە جیاوازەکاندا به‌گوێره‌ى شایستەی کورسییەکانیان دابەشدەکرێن‌و بۆ سێ جۆری سەرەکیی به‌شێوه‌یه‌ك، (یه‌كه‌میان: لیژنە باڵاو سیادییەکان) ئه‌م لیژنه‌یه‌ خاوەنی بەرزترین ئاستی خاڵن‌و بودجەو بڕیارە قورسەکانی دەوڵەتیان لەدەستە؛ ئەوانیش بریتین لەلیژنەکانی (ئاسایش‌و بەرگریی، دارایی، وەبەرهێنان، وزەو سامانە سروشتییەکان).

لیژنه‌ى دوه‌میش (لیژنە خزمەتگوزارییەکان)ه‌، ئه‌مه‌یان خاڵەکانیان مامناوەندەو بریتین لەلیژنەکانی (پەروەردە، خوێندنی باڵا، پلاندانان‌و کشتوکاڵ)، هه‌روه‌ها سێیه‌میش (لیژنە گشتییەکان)ه‌، له‌مه‌شدا ئاستی خاڵەکان نزمترەو بریتین لەلیژنەکانی (ڕۆشنبیریی، لاوان‌و وەرزش).

ئەم زانیاریانه‌ش پاش ئەوەدێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی خولیی ژمارە 300ی خۆی لەنوسینگەی سودانی‌و بەئامادەبونی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران ئه‌نجامدا، لەو کۆبونەوە هەستیارەدا دۆخی سیاسیی، یاسا پەککەوتوەکان‌و لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکە خرانە بەر باس‌و سەرکردەکان جەختیانکردەوە، دەبێت سەرۆکایەتیی لیژنەکان بەخێرایی لەسەر بنەمای لێهاتویی‌و هاوبەشیی نیشتمانی یەکلابکرێنەوە تاوەکو ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان پەکینەکەوێت.

بڕیاریشە لیژنە تەکنیکییەکە دوای تەواوکردنی هاوکێشەکە، کاغەزی کۆتایی ڕادەستی سەرۆکی کوتلە پەرلەمانییەکان بکات تاوەکو هەڵبژاردنی ناوخۆیی لەناو هۆڵەکەدا بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێی لیژنەکان بەفەرمی ئەنجامبدرێت.