شارپرێس:
پرسی گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
بۆ تورکیا لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیو کۆمەڵگەی دیموکراتیدا دوبارە دەگەڕێتەوە ڕۆژەڤ،
ئەمەش دوای 16 ساڵ بەسەر ئەزمونی (کۆمەڵەی ئاشتیی لەخابوور) لەساڵی 2009، لەنێوان
پەندەکانی ڕابردوو و پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستادا، (گرەنتییە یاساییەکان) وەک
فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەردەکەون بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی گەڕانەوەکەو زامنکردنی
دوبارەنەبونەوەی شکستی ئەزمونەکەی پێشوو.
پاش تێپەڕبونی 16 ساڵ بەسەر دەستپێشخەریی (کۆمەڵەی ئاشتی
لەخابور) کە لە34 کەس پێکهاتبون، پرسی گەڕانەوەی گهریلاكانى پەکەکە لەچوارچێوەی
"پڕۆسەی ئاشتیو چارەسەری دیموکراتی"دا، جارێکی دیكه لەتورکیاو باكورى
کوردستاندا بوەوە بەسەرباسی ڕوداوەکان، بەڵام ئەو پرسیارەی کە زۆرترین دەنگدانەوەی
هەیە ئەوەیە: کەی ئەم گەڕانەوەیە ڕودەداتو چۆن دەبێت؟.
کۆبونەوەکانی نێوان بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیاو سەرکردایەتیی
پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه) لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ لەساڵی 2008دا دەستیان
پێکرد، لەساڵی 2009شدا، لەگەڵ پڕۆسەی (کرانەوەی دیموکراتی) قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد،
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆمەڵەیەکی ئاشتیی کە لە34
کەس پێکهاتبون، لە 19ی تشرینی یەکەمی 2009دا لەڕێگەی دەروازەی سنوریی خابورەوە پەڕینەوە
بۆ ناوخاکی تورکیا؛ کە ههشت کەسیان لەقەندیلەوە هاتبونو 26 کەسەکەی دیكهش لەکەمپی
مەخمورەوە بون.
دەیان هەزار کەس لەخابور بەگەرمی پێشوازییان لەکۆمەڵەی
ئاشتی کردو پاش تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکان لەسەر سنور، ئەندامانی کۆمەڵەکە
چونە ناوخاکی تورکیاوە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لەماوەیەکی کورتدا پەکخرایەوە؛ دۆسیەی
دادوەریی لەدژی ئەندامانی کۆمەڵەی ئاشتی واڵاکرا، هەندێکیان دەستگیرکرانو سزای زیندانیکردنیان
بەسەرداسەپێنرا.
لەهەمانکاتدا، داخرانی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دهتهپه ـ DTP)و ئەو ئۆپەراسیۆنە
ئەمنییانەی کە سیاسەتمەدارانی کوردیان کردبوە ئامانج، بونە هۆی زیادبونی بەربەستەکان
لەبەردەم گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسیی، بەمەش بەشداریکردنی کۆمەڵەی دوەمی ئاشتیی کە
بڕیاربوو لەئەوروپاوە بێن، هەڵوەشێنرایەوە.
دەستپێشخەریی کۆمەڵەی ئاشتیی لەخابور نەبوە هۆی گەیشتن بەچارەسەرێکی
سیاسیی بەردەوام، دادگاییکردنی ئەوکەسانەی کە بەئامانجی بەدیهێنانی ئاشتیی هاتبون،
سەلماندی کە گەڕانەوە ناتوانێت بەبێ بونی گرەنتیی یاسایی جێبەجێبکرێت.
بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پڕۆسەی ئاشتییو کۆمەڵگەی
دیموکراتی کە لە27ی شوباتی 2025دا دەرچوو، پرسی گواستنەوە لەخەباتی چەکدارییەوە بۆ
سیاسەتی دیموکراتی، جارێکی دیكه هێنایەوە پێشەنگی گفتوگۆکان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لەپارتی کرێکارانی کوردستان کرد،
کۆنگرەی خۆی ببەستێتو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆییو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریی
بدات، لەئایاری 2025دا، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه)،
12مین کۆنگرەی خۆی بەستو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی ڕاگهیاندو کۆمەڵێک لەگەریلاكانیش
لەمەراسیمێکدا کە لە11ى تەمموزی 2025دا لەئهشكهوتى جاسهنه لهقهزاى دوكانى سهر
بهپارێزگاى سلێمانی بەڕێوەچوو، چەکەکانی خۆیان سوتاندو (لەناوبرد).
بەدوای ئەم پەرەسەندنانەدا، پرسێکی بنەڕەتی هاتە پێشهوه
کە بریتیبوو لەو مەرجو بارودۆخانەی کە گەڕانەوەی پەکەکە (گەریلا) بۆ تورکیا لەسایەیدا
جێبەجێدەکرێت، دابینکردنی گرەنتی یاسایی، واڵاکردنی بوار لەبەردەم سیاسەتی دیموکراتیو
دۆخی دەستبەسەرکراوە سیاسییەکان بونە ئەو بابەتانەی کە خراونەتەسەر ئەجێندای کارەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، لە 11ی ئابى ئهمساڵدا، یاسای چوارچێوەیی
بۆ "بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانیو تێکەڵبونی کۆمەڵایەتی" کە لە 12 مادە
پێکهاتوە، بەزۆرینەی 467 دەنگ لەدەستەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا لەژێر سێبەری پڕۆسەی
ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراتیدا پەسەندکرا، یاساکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکارەکان
بەیەکجار ناکاتەوە، بەڵکو چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پڕۆسەیەک دادەنێت کە وا بڕوا دەکرێت
بەچەندین قۆناغدا تێپەڕێت؛ ئەوانیش بریتین لەبابهتەکانى چەکداماڵین، میکانیزمەکانی
بەدواداچون، ههماههنگى نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتو ئەو ڕێکارە سیاسییو یاساییانەی
لەدوای ئەمانەوە دێن.
