موراد قەرەیلان: ئێمە هاوبەشین لەدەوڵەتی سوریاداو ڕێگه‌نادەین لەڕۆژئاوا پشێویی بنرێتەوە

کوردستان

51 خولەک پێش ئێستا‌ 2910 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی گەل جەختیکردەوە، قۆناغی ئێستا پێویستی بەخەباتی سیاسیی هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کوردو بەهێزکردنی هاوبەشیی عەرەب‌و کورد لەسوریادا، ده‌شڵێت، "گەلەکەمان قوربانیی زۆر گەورەیداوە، خوێنی هەردوو گەلی عەرەب‌و کورد پێکەوە ڕژاوە، ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت لەم ڕاستییە پاشەکشه‌ بکات"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دەبێت په‌یوەندیی بەبنەماڵەی ئەو شەهیدە عەرەبانەوە بکەین کە هاوشانی هەڤاڵانی ئێمە شەهیدبون‌و په‌یوەندیی‌و هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئەو هۆزانه‌دا بەهێزبکەین کە هەڵوێستی ئەرێنی نیشاندەدەن".


لەژێر سێبەری ئەو پێشهاتانەی کە شاری حەسەکە بەخۆیەوەی دەبینێت، موراد قەرەیلان ئەندامی ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی گەل جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، بەهێزکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی‌و توندکردنەوەی په‌یوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی عەرەب‌و کورد کردەوەو وتى، "قۆناغی ئێستا پێویستی بەخەباتی سیاسیی، جوڵەی جەماوەریی‌و کاری هاوبەش هەیە لەپێناو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسوریادا".

نابێت دامەزراوە فەرمییەکان دەستەوستان بوەستن
له‌په‌یامێكدا كه‌ ئاژانسى هاوار نیوز بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاندوه‌، "ئەوکەسانەی ئەمڕۆ ئاڵای سوریا لەحەسەکە بەرزدەکەنەوەو ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانە پەیڕەو دەکەن، نوێنەرایەتیی گەلی عەرەب ناکەن، ئەوان بانگەواز دەکەن‌و دەڵێن، "با دەوڵەت بێت"، بەڵام دەبێت پێیان بوترێت: ئێمە خۆمان دەوڵەتین، ئایا ئێمە نەبوین پڕۆسەی تێكه‌ڵبونمان ئەنجامدا؟ ئێمە هاوبەشین لەدەوڵەتداو ئێمە دەوڵەتی ئەم ناوچەیەین، ئێوە کێن؟، دەبێت ئەم پرسیارە بخرێتەڕوو وەڵامیش بدرێتەوە؛ واتە پێویستە دامەزراوە فەرمییەکان بەنیگەرانی‌و ڕاڕاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا نەکەن، بەڵکو دەبێت بچنە پێشه‌وه‌و ڕوبەڕوی ئەوان ببنەوەو لێیان بپرسن: ئێوە کێن؟ ئێمە ڕێگه‌ بەهیچ کەسێک نادەین لێرەدا پشێویی بنێتەوە".

به‌بڕواى موراد قه‌ره‌یلان، "پێویستە دامەزراوەو لایەنە فەرمییەکان خۆیان نەخەنە پلەی دوەمەوە، بەڵکو دەبێت بەرپرسەکانیشیان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هاوكات، دەبێت دامەزراوەو هێزە سیاسییەکان بتوانن زیاتر قسە بکەن، وەڵامی ئەم هەڵوێستانە بدەنەوە، ڕای گشتیی لەسوریادا دروستبکەن‌و بەردەوامبن لەخەبات، نابێت خەبات تەنها لەسەرشانی چەند کەسێک بەجێبهێڵرێت، بەڵکو پێویستە هەموان تێیدا بەشداربن، ئێستا کاتی شەڕ نییە، بەڵکو کاتی خەباتی سیاسیی, دیالۆگ، وەڵامدانەوەو جوڵەی جەماوەرییە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا، قه‌ره‌یلان به‌پێویستى ده‌زانێت، "گەلی کورد مافەکانی خۆی بپارێزێت، چونکە خاوەنی مافی خۆیەتی‌و پێگەی لەحکومەتی سوریادا هەیە، لەژێر بارودۆخی ئێستادا، ناچارییە کە نوێنەرایەتیی دۆسیەی شەهیدان بکرێت‌و بەردەوامبن لەسەر ڕێبازی ئەوان، گەلەکەمان قوربانیی زۆر گەورەیداوە، خوێنی هەردوو گەلی عەرەب‌و کورد پێکەوە ڕژاوە، ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت لەم ڕاستییە پاشەکشه‌ بکات‌و بمانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوو، دەبێت په‌یوەندیی بەبنەماڵەی ئەو شەهیدە عەرەبانەوە بکەین کە هاوشانی هەڤاڵانی ئێمە شەهیدبون‌و په‌یوەندیی‌و هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئەو هۆزانه‌دا بەهێزبکەین کە هەڵوێستی ئەرێنی نیشاندەدەن".

وه‌كو باسیكرد، "ئێمە دەزانین کە کەسانێک هەن هەوڵی نانەوەی پشێویی‌و دروستکردنی سەرکێشی دەدەن‌و دەشزانین کێ لەپشت ئەم هەوڵانەوە وەستاوەو کێ پاڵپشتییان دەکات، بۆیە پێویستە سەرجەم دامەزراوەو کەسایەتییەکان، بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدان، به‌زوترینکات کۆببنەوەو ڕێکخستنەکانی خۆیان بەهێزبکەن‌و دەبێت وەڵامدانەوەی کاریگەرتر بۆ ئەم ڕەفتارانە پەرە پێبدرێت".

بۆچونی قه‌ره‌یلان، "پێویستە کۆمەڵگەکەمان لەهەموو شوێنێکدا بگۆڕدرێت بۆ هێزێک کە خاوەنی ئیرادەو توانای جوڵانەوە بێت، ڕاستە هێزەکانی پاراستن هەن‌و ئەرکی سەرشانیانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام دەبێت ئەوانیش نەرێنی نەبن یان خۆیان بەبێدەسەڵات نیشان نەدەن؛ ئەگەر بێدەسەڵاتن، ئەی بۆچی چەکیان هەڵگرتوە؟ لەهەمانکاتدا، پێویستە گەلەکەمان خۆیشی خۆی بپارێزێت، جا چ لەڕێگەی هێزی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە بێت یان لەڕێگەی ڕێکخستنی ڕیزەکانییەوە، نابێت هیچ کەسێک لەهیچ شوێنێکدا بێ پاراستن بەجێبهێڵرێت".

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، لایەنگەلێک هەن دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم گەلی کورد لەسوریادا دابنێن، ئەمەش بابەتێکی ڕونە، بەڵام وه‌كو وتى، "گەلی کورد بەخوێنی شەهیدەکانی پێگەیەکی بۆ خۆی لەم وڵاتەدا دروستکردوەو دەتوانێت ببێتە لایەنێکی بنەڕەتی لەسوریادا، هاوكات دەتوانێت بەهێزەوە بەردەوامبێت لەخەباتی خۆی لەڕێگەی تێڕوانینی نەتەوەی دیموکراتی‌و برایەتیی گەلانەوە، لەڕاستیدا تاڕادەیەک زەمینە بۆ ئەم بابەتە بونیادنراوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە بجوڵێینەوە کە تائێستا دروستکراوە".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "نابێت تەنها لەوەدا کورت ببێتەوە کە بوترێت، ئێمە ئەمەمان کردو ئەوەمان کرد، بەڵکو دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوکارانەش هەڵبگیرێت کە ئەنجامدراون‌و حیسابیان لەسەر بدرێت، پێویستە کەسانی بەرپرس وەڵامی کردەوەکانی خۆیان بدەنەوە، بەڵام ئەمە بەمانای چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە نییە بۆ ئەوانی دیكه‌؛ بەڵکو دەبێت ئێمە ئەم مەیدانە بەکۆمەڵگەی دیموکراتی پڕبکەینەوەو لەڕێگەی کارو خەباتی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین‌و پێویستە بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی بەرزبێتەوە، گەشە بکات‌و بەهێزتربێت".