شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) بەرپەرچداوەتەوەو تێکشکاندوە کە ئاراستەی شانشینەکە کرابون، لەنێویاندا چەند درۆنێک لەناوچەی مەدینەی مەنەوەرە بون.
تورکی مالیکی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس نوسیویەتی، "چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی شانشینەکە کرابون، بەرپەرچدرانەوەو تێکشکێندران".
لەبڵاوکراوەیەکی دیكهشدا ڕونیکردوهتهوه، پڕۆسەی تێکشکاندنى درۆنهكان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتو ناوچەی مەدینەی منەوەرەدا ئەنجامدراون.
مالیکی کە لایەنی ئاراستەکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەستنیشان نەکرد، دواتر ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیكهش لەناوچەی ڕۆژهەڵات بەرپەرچدراوەتەوە.
حوسییەکانی یهمهن لەم مانگەدا هێرشەکانیان بۆسەر سعودیە بەتوندی چڕترکردوەتەوە، لەوانەش وەشاندنی چەند گورزێک بۆسەر فڕۆکەخانەی ڕیاز کە یەکێکیان لە 10ی تشرینی یەکەمدا بوە هۆی کوژرانی 13 کەسو برینداربونی سەدان کەسی دیكه کە ئەمەش وەک کوشندەترینو خێراترین هێرش بۆسەر خاکی شانشینەکە لەماوەی زیاتر لە10 ساڵی ڕابردودا دادەنرێت.