نووسەر: کوردستان ئو فیمینەن
وەرگێڕانى: باژێڕ ڕۆژهەڵاتی
کاتێک بزووتنەوەی «هێلەک زەردەکان» لە مانگەکانی کۆتایی
ساڵی ۲۰۱۸دا گەشەی کرد و پەرەی سەند، یەکێک لەو پرسیارانەی کە بەردەوام
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیا بیانییەکاندا دەخرایە ڕوو ئەمە بوو: بۆچی ئەم
بزاڤە «ئەوەندە سپییە»؟ چما ڕەوەندی بیانی لە فەرەنسا بەتایبەت نەوەی دووەم و سێیەم
کە زۆرینەیان لە کۆچبەرانی عەرەب و ئەفریقی پێک هاتوون لەم بەدەنگەوەهاتن و ناڕەزایەتییە
کەموێنەیەدا بەشداری بەرچاو ناکەن؟!
بەڵگەفیلمی «سووریار»، لە دەرهێنانی زانیار عومرانی هەوڵێکی
دەگمەنە بۆ گێڕانەوەی «هێلەک زەردەکان» لە پەراوێزەوە، واتە گێڕانەوەی چیرۆکی پەراوێزخراوانە،
لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکەوە کە خۆی لە پەراوێزدا لەدایک بووە.
کەسایەتی سەرەکیی سووریار کە شایەتحاڵ و گێڕەرەوەی فیلمەکەیە،
کەیۆمەرس جەهانزاد، پەناخوازێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە «تەنانەت ئۆتۆمبێلیشی
نییە تا گرانیی نرخی بەنزین بیهێنێتە سەر شەقام»!
سووریار وێنەیەکی کەمتربینراو لە هێلەک زەردەکان نیشان دەدات،
وێنەیەک کە تەنانەت لە دیموکراتیکترین کۆبوونەوەکانی بزاڤەکەشدا وەک پێویست نەبینراوە
و بە هەند وەرنەگیراوە. لەم سۆنگەیەوە، سووریار چیرۆکی پەراوێزخراوانی نێو هێلەک زەردەکان
و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە پێکهاتەی هەنووکەی فەرەنسا
پشتگوێی خستوون.
بەڵگەفیلمی سووریار هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی فەرەنسا لە پەراوێزەکانییەوە.
وڵاتێک کە لە گێڕانەوەی فەرمییدا سەرچەشنی کۆمار، ئازادی، یەکسانی و برایەتییە، بەڵام
لە ژیانی ڕۆژانەی زۆرێک لە هاووڵاتییاندا بووەتە گۆڕەپانی شەڕی بەردەوام لەنێوان
دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لۆژیکی بازاڕدا. ئەمە گێڕانەوەی کۆمەڵگەیەکە کە دەکرێت لە
هەمانکاتدا کە لە ڕیزی دەوڵەمەندترین ئابوورییەکانی جیهاندایە، بە ملیۆنان دانیشتووی
هەست بکەن کاتێک باسی بڕیاردان لەسەر داهاتوویان دەکرێت هیچ دەنگ و ڕۆڵێکیان نییە،
هەست بکەن «حیسابیان بۆ ناکرێت» و بە سادەیی، وەک مرۆڤی تەواو سەیر ناکرێن.
بە بەراوردکردن و خستنەڕووی ئەو گێڕانەوانەی کە بە شێوەیەکی
گشتی هەرگیز لە یەک چوارچێوەدا کۆ ناکرێنەوە، سووریار نیشانی دەدات کە زۆرێک لەو قەیرانانەی
ئەمڕۆ فەرەنسا پێیدا تێپەڕ دەبێت، لە هێلەک زەردەکانەوە تا هێلەک ڕەشەکان (بزووتنەوەی
بێبەڵگەکان)، لەو خوێندکارانەی خۆیان دەسووتێنن تا خەبات بۆ پاراستنی باخچە کۆمەڵایەتییەکانی
کرێکاران، لە توندوتیژیی پۆلیسەوە تا پڕۆژە گەورەکانی شارسازی، ڕووداو و ئەڵقەی لێکدابڕاو
نین، بەڵکوو بەشە جیاوازەکانی یەک چیرۆکن؛ لقەکانی یەک دارن کە دەبێت بۆ دۆزینەوەی
ڕەگەکانی بگەڕێینەوە بۆ چوار دەیە سیاستگەلی ئابووری، گۆڕانکاریی شارسازی، بە تایبەتی
کردنی کەرتە گشتییەکان، چڕبوونەوەی دەسەڵات و قووڵبوونەوەی نایەکسانییەکاندا.
فەرەنسا لانیکەم لە سێیەم ساڵی سەرۆکایەتییە چواردە ساڵییەکەی
فرانسوا میتێرانەوە چووەتە سەردەمی «نیۆلیبرالیزمی ئابووری» و تا ئێستاش لەو دۆخەدا
ماوەتەوە. ئەوەی ڕەنگە فەرەنسا لە زۆرێک لە وڵاتانیتر جیا بکاتەوە، ئەو شێوازەیە
کە خەباتی چینایەتی تێیدا خۆ دەردەخات: هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە
لە سەرەوە، ئەوە چینە بندەستەکان و مووچەخۆرانن کە لە شەقامەکاندا لەگەڵ ئەم دۆخە
نوێیە دەستوپەنجە نەرم دەکەن. سووریار مێژوونامەی وێنەیی و بینراوی ئەم دۆخە پڕ لە
گرژییەیە.
لە ڕاستییدا سووریار باسی بزووتنەوەیەک ناکات، بەڵکوو دەپەرژێتە
سەر دۆخێک تێیدا توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، کە هەر یەکەیان ڕووبەڕووی ئەزموونێکی
جیاواز لە هەڵاواردن، هەژاری یان پەراوێزخستن بوونەتەوە، هێدی هێدی لەوە تێ دەگەن
کێشەکانیان لە یەکتر دابڕاو نین.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ۲۰۱۷دا، زیاتر لە ۸۷٪ی گرێبەستەکانی
کار لە فەرەنسا کاتی بوون و نزیکەی ۳۰٪یشیان تایبەت
بوون بە ئەرکی ڕۆژانە.
لە فەرەنسای ئەمڕۆدا، باڵەخانە ئاسۆبڕ و هەوربڕەکانی لا
دێفانس (La Défense) بەردەوام بەرزتر
دەبنەوە، هێڵەکانی گراند پاریس ئێکسپرێس (Grand
Paris Express) ملیارەها یۆرۆ سەرمایەگوزاری ڕادەکێشن، فڕۆکەخانەکان دەکەونە
بەر هێرشی کەرتی تایبەت، گەشتیاران ساڵانە ڕیکۆردی نوێ تۆمار دەکەن و ئۆڵۆمپیکی ساڵی ۲۰۲۴ وەک هێمای سەرکەوتنێکی
نەتەوەیی دەخرێتە ڕوو.
بەڵام لە هەمانکاتدا، تەنیا چەند کیلۆمەترێک دوور لەو پڕۆژە
زەبەلاحانە، خێزانگەلێک دەژین کە ساڵانێکە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامە و ناسنامەی نیشتەجێبوون
تێ دەکۆشن، کرێکارانێک کە سەرەڕای کارکردن هەر لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین، خوێندکارانێک
کە توانای دابینکردنی کرێی ماڵیان نییە، خانەنشینانێک کە توانای کڕینیان دادەبەزێت،
ژنانی قوربانیی توندوتیژی کە پشتیوانیی پێویستیان لێ ناکرێت و گەنجانێک کە یەکەم بەریەککەوتنیان
لەگەڵ دەوڵەتدا نە قوتابخانەیە و نە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەڵکو پشکنینی
ناسنامە و ئامادەیی زەبروزەنگی پۆلیسە. هەر ئەم دژوازییەشە کە لە ڕاستیدا بەستێنی
لێکگرێدانەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانی فەرەنسایە.
سووریار «ئەزموونی بەجیهانیبوونی شارستانی» بەشێوەیەکی ڤیژواڵی
بێوێنە دەگێڕێتەوە، ئەزموونی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە خەڵکانێک کە بەرەو پەراوێزەکان
پاڵ نراون تاکوو ژیانی دانیشتووانی ناوەندی پاریس کوالێتییەکی باشتری هەبێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سووریار ئەوەیە کە ڕەتی
دەکاتەوە بابەتەکان سادە بکاتەوە. لە فیلمەکەدا هەموو پۆلیسەکان دێو و درنج نین و
هەموو خۆپیشاندەرانیش فریشتە نین. گشت پڕۆژە شارسازییەکان شایانی سەرکۆنەکردن نین
و سەرجەم گەشەسەندنەکانیش بە سرووشتی خۆیان وێرانکەر نین. پرسیارە ڕاستەقینەکە لە
شوێنێکیترە: کاتێک بڕیارە چارەنووسسازەکانی پەیوەندییدار بە شار، ئابووری و
داهاتوو بە بێ بەشداریی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە دەدرێن کە زۆرترین کاریگەرییان بەر
دەکەوێ، دیموکراسی چ مانایەک دەبەخشێت؟
ئەم پرسیارە بینەر لە شەقامەوە پەلکێشی نێو پێکهاتەکان و
پێداگری کردن لەسەر مافی شار دەکات و ئەمەش دەقاودەق ئەو چەمکەیە کە ئەنری لێفیڤەر (Henri Lefebvre) فەیلەسوفی فەرەنسی دەیان ساڵ پێشتر باسی
کردبوو: شار تەنێ لە کۆمەڵێک باڵەخانە پێک نایەت بەڵکوو فەزایەکە کە دەبێت هەموو
دانیشتووانی، مافی بەشداریکردن لە درووستکردنیدا و لە بڕیارەکانی پەیوەندیدار پێییەوە
هەبێت.
کاتێک باخچە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران لە ئۆبێرڤیلیێ (Aubervilliers) بچووک دەکرێنەوە تا شوێن بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان
چۆڵ بکرێ، کاتێک خێزانە کەمدەرامەتەکان بەرەو دەوروبەری شار پاڵ پێوە دەنرێن، کاتێک
گەڕەکەکان لەژێر گوشاری «جێنترۆفیکاسیۆن»دا (زەنگیناندن، بەرزکردنەوەی چینی کۆمەڵایەتیی
گەڕەکەکان) ڕوخساریان دەگۆڕدرێت، کاتێک مەیدان و شەقامەکان کە شوێنی کۆبوونەوەی جەماوەری
بوون دەکەونە ژێر ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵ و ئەمنییەتیکردنەوە... کەواتە ململانێکان تەنیا
لەسەر زەوی و زار نابن، بەڵکوو لەسەر پرسیارێکی بنەڕەتیتر دەبن: شار موڵکی کێیە؟
کاتێک گەشەپێدان لە پێش مرۆڤەوە دادەنرێت، چی لە دیموکراسی دەمێنێتەوە؟
دوای چەندین مانگ خۆپیشاندانی شەممانە، داگیرکردنی فەزای
گشتیی، وێستگەکانی وەرگرتنی باج و گۆڕەپانەکانی ناوچە پیشەسازییەکان، بزووتنەوەی هێلەک
زەردەکان دواجار بە هاتنی پەتای کۆڤید-۱۹ بەرەو پووکانەوە
چوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لە مانگ و ساڵەکانی دواییدا، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون،
بەتایبەتی دژی چاکسازیی یاسای خانەنشینی.
پێکهاتەی سیاسیی فەرەنسا ئامرازگەلێک بە حکوومەت (واتە دەسەڵاتی
جێبەجێکار) دەبەخشێت کە ڕێگەی پێدەدات پڕۆژەیاساکانی سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان
پەسەند بکات، تەنانەت کاتێک لەگەڵ دژایەتیی زۆرینەی نوێنەرانی پەرلەماندا (ئەنجومەنی
نیشتمانی) ڕووبەڕوو دەبنەوە.
بڵاوبوونەوەی درەنگوەختی «سووریار» ڕەنگە لە کۆتاییدا ڕووداوێکی
ئەرێنی بێت. سەرەڕای شکستیان، هێلەک زەردەکان خۆیان ئامادە دەکەن لە تشرینی یەکەمی
ساڵی ۲۰۲۶دا بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی سەرسامهێنەری تێچووی ژیان.
بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە فەرەنسا،
ئاکامەکەی هەرچییەک بێت، وادیارە پشتڕاستکەرەوەی گێڕانەوەکەی سووریارە: دۆخی ئێستا
و نادادپەروەری و شێوازەکانی سەرکوتکردن، بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هان دەدا پەرچەکردار
بنوێنن. لە مووچەخۆرێکەوە کە دەبێت باکەکەی بە بەنزینی دوو یۆرۆ بۆ هەر لیترێک پڕ
بکاتەوە تا بتوانێت لە پەراوێزی شارەوە بچێت بۆ سەر ئیشەکەی، تا ئەو کۆچبەرەی بەتەنیا
جێهێڵدراوە تا «هێزی کاری بە نرخێکی هەرزانتر» بفرۆشێت؛ لە پۆلیس، پزیشک یان پەرستارێکەوە
کە بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە گشتییەکان ناچارن بەردەوام کاری زیاتری کاتی بکەن، تا
ئەو خوێندکارەی کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی «دۆخ»ی باو، ئاگر لە جەستەی خۆی بەر
دەدات، هەموویان قوربانی ڕەهەندە جیاوازەکانی یەک قەیرانن.
