لەکۆشک‌و یەختە گرانبەهاکانەوە بۆ پەناگە ئەمنییەکان؛ بن سەلمان ئێستا له‌كوێ ده‌ژیى؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ى بەریتانی لەڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا، تیشکدەخاتەسەر شێوازی ژیانی شاهانەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی تەختی سعودیە، هاوکات دژبەرییەکی قورس دەخاتەڕوو لەنێوان ئەو ڕابردوە پڕ لەنازونیعمەتەو ئەو واقیعە ئەمنییە کتوپڕەی کە ئێستا بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە ڕوبەڕوی بوەتەوە، به‌گوێرى زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، پیاوێک کە ڕۆژانێک خاوەنی گرانترین کۆشک، تابلۆی مێژویی‌و یەختی زەبەلاحی جیهان بوو، لەئێستادا ناچارە لەناو پەناگەو کۆشکە پارێزراوەکاندا کات بەسەر ببات.


کڕینی کتوپڕی یەختی (سیرین ـ Serene) بە500 ملیۆن دۆلار
ئاستی دەوڵەمەندیی شازادەی تەمەن 41 ساڵەی سعودیە کاتێک لەمیدیا نێودەوڵەتییەکاندا دەنگیدایەوە کە لەساڵی 2015دا، تەنها دوای نیو ڕۆژ مانەوە لەسەر یەختی زەبەلاحی (سیرین ـ Serene)، بڕیاری کڕینیدا، بن سەلمان بڕی 429 ملیۆن یۆرۆ (زیاتر لە500 ملیۆن دۆلار)ی پێشکەش بەبازرگانێکی گەورەی ڤۆدکای ڕوسی کرد بۆ کڕینی یەختەکە، درێژییەکەی 439 پێ دەبێت‌و نزیکەی دوو هێندەی نرخی سەرەتایی خۆی بوو.

ئەم یەختە کۆشکێکی گەڕۆکی سەر ئاوە کە خاوەنی دوو شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر، ژوری ژێر ئاو، حەوزی چاکوزی‌و تەنانەت به‌گوێره‌ى کتێبی (خوێن‌و نەوت ـ Blood and Oil)، یەکێک لەشوێنەکانی هێلیکۆپتەرەکەی گۆڕدراوە بۆ یانەیەکی شەوانەی داخراو کە ستافی یەختەکەش ڕێگه‌ی چونە ژورەوەیان نییە، پێشتریش، بێل گەیتس دامەزرێنەری كۆمپانیاى مایکرۆسۆفت، ئەم یەختەی بەبڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی تەنها یەک هەفتە بەکرێگرتبوو.

گرانترین کۆشکی جیهان‌و تابلۆ ئەفسانەیییەکان
جگە لەیەختەکە، ناوی محەممەد بن سەلمان بەکڕینی کۆشکێکی مۆدێرنی فەرەنسییەوە بەستراوەتەوە کە وەک گرانترین کۆشکی سەر گۆی زەوی دەناسرێت‌و تەواوی سیستمی فوارەو ژێرخانی تەکنەلۆژییەکەی لەڕێگەی مۆبایلی ئایفۆنەوە کۆنترۆڵدەکرێت، هاوكات ناوبراو تابلۆیەکی هونەریی مێژویی (سالفاتۆر مۆندی) بەنرخی ئەفسانەیی زیاتر لە450 ملیۆن دۆلار کڕیوه‌، تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شازادە گەیشتبوە لوتکەی هۆلیودو ناوی کەسایەتییەکانی وەک جۆنی دیپ‌و لیندسی لۆهانی تێدا دەبینرا.

لەلوتکەی خۆشگوزەرانییەوە بۆ ناو پەناگە ئەمنییەکانی ڕیاز
دەیلی مەیل بەپشتبەستن بەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ى ئه‌مریكى نوسیویه‌تى، ئەم ژیانە کتوپڕ گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوە، ئێستا بن سەلمان لەناو کۆشکە پارێزراوەکانی خاوەن سیستمی توندی ئەمنیدا خۆی حەشاردەدات؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشە موشەکی‌و درۆنییەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لەناوجەرگەی ڕیازو هەڕەشەکردن لەڕێڕەوە دەریایییەکانی دەریای سور.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنیە نیشانیدەدات کە تەنانەت دەسەڵاتێکی ڕەهای هاوشێوەی بن سەلمان کە خاوەنی گەورەترین سامانی دارایی کەرتی وزەیە، هێشتا ناتوانێت ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لەبەردەم جەنگێکی درێژخایەنی سنوریدا بپارێزێت‌و گەڕانەوەی ئاڵۆزییەکان واقیعی هێز لەکەناراوەکانی کەنداو دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسەوە.

ئەو شارو شوێنانەی شازاده‌ خۆیی تێدا حەشار دەدات
محەممەد بن سەلمان لەبری مانەوە لەپایتەخت (ڕیاز)، زیاتر لەچەند شوێن‌و کۆمەڵە کۆشکێکی جیاوازو دورەدەستدا دەمێنێتەوە کە وەک قەڵای توندوتۆڵ‌و پارێزراو ئامادەکراون، بۆ نمونه‌ (شاری نوێی نیۆم (NEOM) یان کۆشکەکانی شەرما) کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سعودیە لەسەر دەریای سور؛ بەچڕی له‌وێ دەمێنێتەوە، چونکە ناوچەیەکی کەناراوییەو بەئاسانی کۆنترۆڵدەکرێت.

هه‌روه‌ها کۆشکە شاخاوییەکانی تائیف‌و ناوچەی عەسیر، لەکاتی گرژییە زۆر مه‌ترسیداره‌كاندا، شازاده‌ پەنا دەباتەبەر کۆشک‌و پەناگە قوڵەکانی ژێر زەوی لەناوچە شاخاوییە بەرزەکانی باشورو ڕۆژئاوای وڵاتەکە کە دورن لەهێرشی کتوپڕ، هه‌روه‌ها یەختی شاهانەی سیرین-ش ناوى هاتوه‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت، "لەدۆخە یەکجار هەستیارەکاندا، یەختەکەی دەگۆڕێت بۆ ژوری ئۆپەراسیۆنی گەڕۆک لەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوردا، کە سیستمی دژەموشەکی تێدا جێگیرکراوە".

کێن ئەوانەی شازاده‌ دەپارێزن؟
ئەركی پاراستنی ڕاستەوخۆو نزیکی جێنشینی سعودیە لەئەستۆی هێزەکانی پاسەوانی شاهانەی سعودیەو بەشێکی تایبەتە بەناوی هێزی پاراستنی تایبەت، ئەم هێزە بەتەواوی لەسوپاو وەزارەتی بەرگریی جیاکراوەتەوەو ڕاستەوخۆو تەنها فەرمان لەخودی بن سەلمان وەردەگرن، فەرماندەو ئەفسەرەکانیشى لەخێڵ‌و هۆزە زۆر دڵسۆزەکانی ئال سعود هەڵبژێردراون، هه‌روه‌ها کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانی ئەمریکاو بەریتانیا (وەک چەکدارانی پێشوی هێزە تایبەتەکانی وەک Navy SEALsو SAS) وەک ڕاوێژکار، تەکنیکارو چاودێری سیستمی پاراستنی ئەلیکترۆنی لەدەوروبەری جێگیرن.

ژمارەی ئەو هێزەی لەدەوروبەریەتی
ژمارەی دروستی ئەو هێزەی لەدەوروبەریەتی وەک نهێنییەکی باڵای سەربازی دەپارێزرێت؛ بەڵام به‌گوێره‌ى خەمڵاندنە ئەمنییەکان، تەواوی پێکهاتەی پاسەوانی شاهانەی سعودیە زیاتر لە 15 هەزار بۆ 25 هەزار چەکدار لەخۆدەگرێت، لەناو ئەم ژمارەیەشدا، بازنەی یەکەم‌و توندی پاراستنی فیزیکی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بن سەلماندا دەجوڵێنەوەو شوێنگۆڕکێ دەکەن، بەلانیکەم لەنێوان هه‌زارو 500 بۆ دوو هه‌زارو 500 چەکداری یەکجار تەیارکراو بەپێشکەوتوترین چەکی مۆدێرن‌و ئامێری پێشوەختەی ناسینەوەی مەترسی مەزەندە دەکرێت.