شارپرێس:
مهزڵوم عهبدى کار لەسەر بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆییو کۆمەڵایەتیی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات، لەپێشهاتێکی گرنگی جیۆپۆلەتیکیدا، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی كۆمارى سوریا، لەبارەگای تایبهتى خۆى پێشوازیی لەشێخ مانع حەمیدی دەهام ئەلهادی ئەلجەربا سهرۆك هۆزى شەمەرو فەرماندەی هێزەکانی سەنادید کرد، میدیاى ڕۆژئاواى كوردستان ڕایگهیاندوه، ئەم دیدارە هەستیارە کە «ڕێک دوەم کۆبونەوەی فەرمیی نێوان عەبدیو سهرۆك هۆزى شەممەرە لەدوای زنجیرە هێرشە مەیدانییەکانی ئەمدوایانەی دەسەڵاتی دیمەشق بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان"، ئاماژەیەکی ڕونه بۆ شکستهێنانی تەواوی ئەو پیلانانەی کە دەیانویست شەڕی نەتەوەیی لەنێوان کوردو عەرەبدا هەڵگیرسێنن".
مەزڵوم عەبدیو شێخ مانع جەربا جەختیانکردوهتهوه، پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان پێکەوە بەیەکدەنگ لەدژی ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە ڕاوەستن کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشقو لایەنە هەرێمییەکانەوە هاندەدرێن بۆ چاندنی تۆوی دوبەرەکیو فیتنە لەناوچەکەدا، پێداگریی تەواویش کراوه لەسەر توندکردنەوەی ههماههنگى مەیدانیی بەمەبەستی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیو هێشتنەوەی سەقامگیریی کانتۆنەکان لەکاتی قەیرانە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
گرنگیی یەکلاکەرەوەی ئەم دیدارە لەکاتی خۆیدا بەستراوەتەوە بەو پاشخانە مێژوییەی کە تێیدا لەچەند مانگی ڕابردودا، کاتێک بەشێک لەهۆزە عەرەبەکانی دەوروبەری دێرەزورو حەسەکە بەپاڵپشتیی داراییو سەربازیی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی دیمەشقو گروپەکانی نزیک لەتوركیا لەبەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری هەڵگەڕانەوە، شێخ مانع ئەلجەربا سەرکردایەتیی بەرەی بەرپەرچدانەوەی گرتە دەست.
شێخ مانع خیانەتی ئەو هۆزانەی وەک «جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ڕەشی دەرەکی بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ چاخی تاریکپەرستی» ناوزەدکردو هێزەکانی خۆی (فەوجەکانی سەنادید) بەکرداریی خستە پاڵ شەڕڤانانی هەسەدە بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبونە چەکدارییەکان، ئەمەش ڕێگهیگرت لەداڕمانی بەرەی ناوخۆیی".
ئەم کۆبونەوەیە کە دوەم لوتکەی سیاسیی-خێڵەکییە لەدوای هێرشەکانی سوپای سوریا، پەیامێکی یەکجار توند ئاراستەی کۆشکی کۆماری لەدیمەشق دەکات، پێشتر دەسەڵاتی دیمهشق لەپێگەی میدیایی خۆیدا وا بڵاویدەکردەوە، کەرتی عەرەبی لەباکوری سوریا بەتەواوی پشتگیریی لەگەڕانەوەی هێزەکانی دیمەشق دەکات؛ بەڵام ئامادەبونی سهرۆك هۆزی شەممەر کە یەکێکە لەگەورەترینو پڕنفوزترین هۆزە عەرەبەکانی سوریاو عێراق) لەپاڵ فەرماندەی پێشوى هەسەدە، دەیسەلمێنێت کە پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکە داکۆکی لەمۆدێلی نیشتمانیی خۆبەڕێوەبەری دەکەن.
شێخ مانع حەمیدی دەهام ئەلهادی ئەلجەربا هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزەکانی (سەنادید)یشە (هێزێکی چەکداری عەرەبی سەر بەهۆزی شەممەر کە پێشتر لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدەدا كاریان دهكرد)، ناوبراو کوڕی شێخ حەمیدی دەهام ئەلجەربایە (حاکمی هاوبەشی پێشوی کانتۆنی جەزیرە) کە بەڕەسەنایەتیو پارێزەری هاوپەیمانێتیی مێژویی نێوان کوردو عەرەب لەڕۆژئاوای کوردستان دەناسرێت.
لەکاتی ئاڵۆزییە مەترسیدارەکانی ساڵانی ڕابردودا، کاتێک بەشێک لەهۆزە عەرەبەکانی دەوروبەری دێرەزورو حەسەکە (بەهاندانی لایەنی دەرەکی، تورکیاو دەسەڵاتی دیمەشق) لەهێزە کوردییەکانو هەسەدە هەڵگەڕانەوەو پشێوییان نایەوە، شێخ مانع بەتەواوی دژ بەو هۆزانە ڕاوەستا کە دەیانویست شەڕی نەتەوەیی لەنێوان کوردو عەرەبدا هەڵبگیرسێنن، ڕایگەیاند، "هاوپەیمانێتیی هۆزی شەممەر لەگەڵ کورددا ستراتیژییەو مێژوەکەی بۆ سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو بەهیچ جۆرە فیتنەیەک نالەقێت".
شێخ مانع ڕایگەیاند، ئەو لایەنانەی چەکیان دژ بەبەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری هەڵگرتوە نوێنەرایەتیی واقیعی عەرەب ناکەن، بەڵکو بریکاری نفوزی دەرەکین کە دەیانەوێت ناوچەکە ڕادەستی تیرۆریستان بکەنەوە.
