حکومەتی هەرێم لەبارەی موچەوە دڵنیایی دەدات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین جار دوپاتیان کردوەتەوە کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زامنکراوە و پابەندن بە ناردنی لە کاتی خۆیدا.


پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی ئاماژەی بەوەکردوە،" حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوە؛ چ لە دۆسیەی نەوت، چ لە داهاتی نانەوتی و رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە، هەروەها سەرجەم پابەندییە تەکنیکییەکانی دیکەش کە وەزارەتی دارایی داوای کردبون جێبەجێ کراون، بۆیە هیچ کێشەیەک لەسەر موچە نییە، ناکۆکییەکەمان لەسەر موچە نییە و بەوهیوایەش هیچ گرفتێکیشی بۆ دروست نابێت ".

لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە،  پێشەوا هەورامانی وتیشی،" دیسان غەدرێکی دیکە کراوە؛ پشکی هەرێم لەبری 14.4%ی کۆی گشتی بودجە بە رێژەی 12% دیاریکراوە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین کە پشکی هەرێم بەپێی ئەو سەرژمێرییە دیاری بکرێت کە حکومەتی فیدراڵ خۆی سەرپەرشتیی کردوە و ئەنجامی داوە".

وتەبێژی حکومەت باسی لەوەشکرد،" پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە ناو پەرلەماندا بۆمان بدورن، پێویستە هەمومان وەک کورد بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، دەبێت تەواوی فراکسیۆن و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق یەکدەست بن بۆ پاراستنی مافی خەڵکی کوردستان، تاوەکوو وەک ساڵانی رابردوو لێنەیەت کە بە ناڕەحەتییەکی زۆردا تێپەڕین و پشکێکی زۆری هەرێم خورا و دەست بۆ موچەی فەرمانبەران برا ".