شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، بهتهنها پهیوهندییهكى
تەلەفۆنی، کۆتاییهێنا بەئەرکی عەمید جەمیل ساڵح لەپۆستی فەرماندەیی فرقەی 74ی هێزە
تایبەتەکانو بڕیاری ناردنەوەی بۆ ماڵەوە دەرکرد، سهرچاوهكانیش لهوبارهیهوه
زانیاریى گرنگو ههستیار ئاشكرادهكهن.
سهرچاوهكان دهڵێن، ئەم بڕیارە کتوپڕەى وهزارهتى
ناوخۆ، دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع
دێت، کە تێیدا سوپاکەی عەمید جەمیل واته (جیش العزه) بەتەواوی لهچوارچێوەی سوپای
نوێی سوریادا ڕێكخراوه، سەرچاوە ناوخۆییەکانیش، دورخستنەوەی ناوبراو دهگێڕنهوه
بۆ دروستبونی ناکۆکیی قوڵ لەسەر پلانە ئەمنییەکانی ناوچەی سەهل غابو ڕەخنەگرتنی
عهمید جهمیل لەهەندێک لەپەیوەندییە دیپلۆماسییە نوێیەکانی دیمەشق.
لەهەڵگیرساندنی شۆڕشەوە بۆ دامەزراندنی (جیش
العزه)
عەمید جەمیل ساڵح (کە پێشتر بەپلەی ڕائید لەسوپای
سوریا کشایەوە)، لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریاوە لەساڵی 2012 لەپارێزگای حەمما
دەستی بەخەباتی چەکداریی کرد، سەرەتا لیواى شەهیدانی شارۆچکەی تامنەى دامهزراند،
ئەم لیوایە هێزى سەرەکیو یەکەمین گروپی چەکداریی بوو کە لەساڵی 2012دا لەلایەن عەمید
جەمیلهوه لەگوندێكى باکوری پارێزگای حەما بونیاد نرا، دواتر پاش فراوانبونیو زیادبونی
ژمارەی چەکدارەکانی، ئەم لیوایە گەشەیکردو بوو بەسوپایەکی ناسراو بەناوی (جەیشولعزه)
کە وەک هێزێکی سەرەکیی سەر بەسوپای ئازادی سوریا دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد شەڕی دەکرد.
هۆكارى دامهزراندنى لیواى شەهیدانی شارۆچکەی
تامنە بەهۆی توندی شەڕەکان بوو لەدژی ڕژێمی ئەسەدو حزبوڵڵا، ئهو توانیی ناوبانگێکی
زۆر پەیدابکات، پاشان لەساڵی 2015دا سوپایەکی سەربەخۆی بەناوی (جیش العزه) ڕاگەیاند
کە وەک گروپێكى گرنگی سوپای ئازاد سەیر دەکراو بەیەکێک لەڕێکخراوترین هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی
نیشتمانی سوننە دەناسرا کە ڕەتیدەکردەوە بچێتە ژێر بڕیاری لایەنی دەرەکی یان توندڕەوەکان.
هاوکێشەی عهمید جەمیلو ئەحمەد شەرع پێش گۆڕانکارییەکان
پێشئەوەی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی)
بێتەسەرکارو قۆناغی نوێ لەدیمەشق دەستپێبکات، جیاوازییەکی قووڵ لەنێوان عەمید جەمیلو
شەرعدا هەبوه، ئەحمەد شەرع لەو ساڵانەدا لەناو بەرەی نوسرەو پێکهاتە ئیسلامییە
توندڕەوەکاندا بوو، بهگوێرهى سەرچاوە مێژوییەکان، لەچەندین قۆناغدا هێزە توندڕەوەکان
دژایەتی سوپای ئازادی سوریایان دەکرد.
پێچهوانهى شهرع، عەمید جەمیل لەهێڵی نیشتمانی
سوپای ئازاددا مایەوە، بەڵام دوای سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لەهێرشی (ڕێگریى لهشهڕانگێزى)و
ڕوخانی بەشار ئەسەد، هاوکێشەکە گۆڕا؛ جهیشولعزه تێکەڵ بەسوپای نوێ کراو عەمید جەمیل
کرا بەفەرماندەی فرقەی 74ی هێزە تایبەتەکان لەوەزارەتی بەرگریی دیمهشق.
دۆستایەتی یان دژایەتی لەگەڵ شەڕڤانانی ڕۆژئاوای
کوردستان؟
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، پەیوەندی عەمید
جەمیلو هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (هێزەکانی سوریای دیموکرات - ههسهده) هەمیشە
لەچوارچێوەی ناکۆکییە نیشتمانییەکاندا بوە، جهیشولعزه وەک بەشێک لەسوپای ئازاد،
هێزەکانی ڕۆژئاوای بەجوداخواز یان هاوپەیمانی ناڕاستەوخۆی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەبینی،
بەپێچەوانەی زۆربەی گروپهكانى هاوپەیمانی تورکیا (سوپای نیشتمانیی سوریا)، جهیشولعزه
لەناوچەکانی ئیدلبو حەمما جێگیر بوو، بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لەهێرشەکانی تورکیا بۆسەر
عەفرین یان سەرێکانی نەکرد، لەبەرئەوە، دژایەتییەکەی لەگەڵ شەڕڤانان زیاتر سیاسییو
لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا بوو، نەک شەڕی ڕاستەوخۆی نەتەوەیی بەوەکالەتی وڵاتانی
دیكه.
تەلەفۆنەکەی وەزارەتو دورخستنەوەی لەپڕ
دوای ماوەیەک لەخزمەتکردن لەسوپای نوێدا،
کتوپڕ لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە بڕیاردراوه بەدورخستنەوەی عەمید جەمیل لەپۆستەکەی
بەبێئەوەی هیچ پۆستێکی نوێی پێبدرێت، بهگوێرهى ڕاپۆرتە هەواڵییەکانو سەرچاوەکانی
مافی مرۆڤ لەسوریا، چەند هۆکارێک لەپشت ئەو بڕیارەوەبون، ئاماژە بەوەدەکرێت کە عەمید
جەمیل ڕەخنەی لەهەندێک پەیوەندییە دیپلۆماسییە نوێیەکان گرتوە (لەوانهش پەیوەندییە
تەلەفۆنییەکان لەگەڵ سەرکردە دەرەکییەکان)، ههروهها ناوبراو ڕەزامەند نەبوە لەسەر
هەندێک پلانی ئەمنیی تایبەت بەناوچەی سەهل غاب.
چاودێرانی سیاسیی ئەم هەنگاوە بەدوبارەبونەوەی مێژوو
دەبینن (هاوشێوەی جوڵانەوە ڕاستکردنەوەکانی ڕابردوو)، کە تێیدا سەرکردە کۆنەکانی مەیدانی
شەڕ لەپرۆسەی بونیادنانی دەسەڵاتی نوێدا لادەبرێن، عهمید جەمیل بهتەنها تەلەفۆنێک
نێردرایەوە بۆ ماڵەوەو لەنێوان لایەنگرانی شۆڕشدا، ئەمە وەک جۆرێک لەپەراوێزخستنی
هێزە نیشتمانییە ڕەسەنەکان سەیر دەکرێت.
