هەڤاڵ عارف
ئەمڕۆ ڕۆژی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە کە (81) ساڵ پێش ئێستا لەسەر خۆڵەمێشی وێرانکارییەکانی دوو جەنگی جیهانیو لەپاش شکستی (کۆمەڵەی گەلان) لەپاراستنی سەقامگیرییو دەستەبەرکردنی ئاشتی هاتەکایەوە.
لەبنەڕەتدا، ئەم دامەزراوەیە بەکۆمەڵێک ئامانجی باڵا لەدایکبوو، چەسپاندنی دادپەروەریی نێودەوڵەتی، یەکسانیی لەسەروەریی دەوڵەتان، ڕێزگرتن لەمافی چارەی خۆنوسینی گەلانو قەدەغەکردنی پەنابردنەبەر هێز لەیەکلاکردنەوەی ململانێکاندا، تاوەکو نەوەکانی داهاتوو لەنەهامەتی جەنگ بپارێزرێن، بەڵام هەر لەساتی یەکەمەوە، ئەم پرەنسیپانە لەپێکهاتەی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەدا ڕەنگیان نەدایەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش، وەک بەرپرسی یەکەمی ئاسایشی جیهان، لەسەر پێدانی پێگەی تایبەت بەپێنج ئەندامە هەمیشەییەکە (ئەمریکا، ڕوسیا، چین، بەریتانیاو فەرەنسا) بونیادنرا، بەمەش لەڕێگەی مافی ڤیتۆوە دەسەڵاتی پەکخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان لەدەستی ئەم پێنج زلهێزەدا قۆرخکرا، بەشێوەیەک تەنانەت کۆدەنگی زۆرینەی وڵاتانی دیکەش نەتوانێت سنورێک بۆ ئەو هەژمونە دابنێت.
بۆ هەڵسەنگاندنی قوڵتری ڕۆڵو کاریگەری نەتەوەیەکگرتوەکان لەساڵی (1945)وە تا ئەمڕۆ، پێویست ناکات لەدەرەوەی خۆیدا بەدوای پێوەردا بگەڕێین، خودی پەیماننامەی ڕێکخراوەکە، کە بنەمای یاسایی کۆکەرەوەی (193) دەوڵەتەو هەر لەدەستپێکی دیباجەکەیدا، بەرپرسیارێتی بنەبڕکردنی جەنگو پاراستنی ئاسایشی مرۆڤایەتیو نەوەکانی داهاتوی خستوەتە پێش هەموو ئەرکەکانی دیکەوە بەراورد بەکارنامەی مەیدانیو ڕوداوەکانی جیهان باشترین تەرازوە بۆ ئەو دادوەرییە کە بەم میکانیزمەش ئەزمونو هەنگاوەکانی (81) ساڵەی ئەو دامەزراوەیە دەخەینە بەردەم ئاوێنەی واقیع، پرسیاری ئەوە دروستدەبێت، ئایا نەتەوەیەکگرتوەکان توانیویەتی لەئاست ئەو پەیمانە مێژوییەدا بێت کە لەسەری بونیادنراوە بۆ ئەوەی جیهان لەدوبارەبونەوەی کارەساتەکانی جەنگ بپارێزێت؟ لێرەدا لەبری وەڵامێکی سەرپێی، داتاو ئامار دەکەینە سەنگی مەحەک.
لەدوای ساڵی (1945)وە تائێستا، بهگوێرهى زانیارییە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، جیهان زیاتر لە (250) ململانێی چەکداریی ناوخۆییو نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها بهگوێرهى دوایین ئاماری ساڵانەی پرۆگرامی داتای ملمڵانێی زانکۆی ئۆپسالای سویدیش لەساڵی (2025)دا (65) شەڕو ململانێی چەکداریی لەجیهاندا هەبوە کە بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوە لەدوای جەنگی دوەمی جیهانیەوە.
لەپاڵ ئەم داتایانەشدا، هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیاو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەریانخست کە سەردەمی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتانیش کۆتایی نەهاتوە، لەڕوی تێچوی مرۆییەوە، لەجەنگی ڤێتنامەوە تا قەیرانەکانی ئەمڕۆ، ملیۆنان کەس ڕاستەوخۆ لەمەیدانی جەنگدا کوژراونو دەیان ملیۆن هاوڵاتی مەدەنیش بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە(وەک برسێتی، بڵاوبونەوەی نەخۆشیو وێرانبونی نەخۆشخانەو سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، بونەتە قوربانیو گیانیان لەدەستـداوە.
هەر لەسەردەمی ئەم ڕێکخراوەدا، جیهان شاهیدی چەندین جینۆساید، کوشتاری بەکۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوە، لە کارەساتەکانی کەمبۆدیا (1975–1979)، کوشتاری حەما لەسوریاو سەبراو شاتیلا لەلوبنان (1982)، جینۆسایدی ئەنفالو هێرشی کیمیایی هەڵەبجە (1988)، جینۆسایدی ڕواندا (1994)و سربرێنیتسا لەبۆسنە (1995)وە، تا جینۆسایدی ئێزدییەکان لەشنگال (201) نوێترین نمونەی ئەم کارەساتانەش، غەزەیە کە لەساڵی (2023)وە جگە لەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی سیڤیلی تێدا بونەتە قوربانی، وێرانکارییەکانیش بەشێکی فراوانی ناوچەکەیان لەگەڵ زەویدا یەکسان کردوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی خودی نەتەوە یەکگرتوەکانیش (82٪)ی بیناکانی کەرتی غەزە یان وێرانبون یان زیانیان پێگەیشتوە، کەواتە تۆی خوێنەر پێمان بڵێ ئەمانە دەستکەوتن یان شکست؟
هۆکاری ئەو روداوانەی سەرەوەش، کە بەژمارەو دۆکیۆمێنت خستمانەڕو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو پێنج ووڵاتەی لە ڕێگەی مافی ڤیتۆوە بڕیاری شەڕو ئاشتییان بەدەستە، لە زۆربەی قەیرانەکاندا خۆیان لایەنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ململانێکانن و بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی خۆیان دەخەنە پێش بنەماکانی پەیماننامەکەوە، بۆیە کاتێک دوای تێپەڕبوونی (81) ساڵ و سەرەڕای گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا و پێشکەوتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، هێشتا پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش و قۆرخکاریی مافی ڤیتۆ هەر وەک سەردەمی دامەزراندنی ماوەتەوە، ئەوا چاوەڕوانی جیهانێکی سەقامگیر و عەدالەتێکی سەرتاسەری لەم ڕێکخراوە، تەنها وەک بانگەشەیەکی تیۆری و دور لە واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.
بەدیوێکی دیکەدا، ئەم نادادپەروەرییە تەنها لە مۆنۆپۆڵکردنی بڕیاردا کورت نەبوەتەوە بەڵکو لە شێوازی پێکهاتەی ئەنجومەنەکەشدا بەتەواوی رەنگی داوەتەوە، هیچ ڕەوایەتییەکی تێدا نییە کیشوەرێکی وەک ئەفریقا، کە نزیکەی یەک ملیار و نیو دانیشتوی هەیە، لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەردەوام لەناو شەڕ و ئاڵۆزیدایە، کورسییەکی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا نەبێت بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان، کەچی پێنج دەوڵەت تەراتێنی تێدابکەن و مافی ڤیتۆ وەک ئامرازێکی تایبەت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان بەکاربهێنن.
گرێکوێرەی سەرەکی لە بەردەم ڕاستکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییەش، لە خودی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان خۆیدایه، بەتایبەت لە ماددەکانی (1.8)و (1.9)دا کە دەرگای بەڕوی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەمەدا داخستوەو خستویەتییە ناو تەڵەیەکی یاسایییەوە، بهگوێرهى ئەو دو ماددەیە، هەر هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی پەیماننامەکە یان دەستکاریکردنی مافی ڤیتۆ، جگە لە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامان، پێویستی بە ڕەزامەندی هەر پێنج زلهێزەکەش هەیە، واتە بەخشینی مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی خودی ڤیتۆ.
بۆیە تا ئەم بەربەستە یاساییانە تێکنەشکێندرێت، ئەقڵیەت و هەیکەلیەتی پێکهاتەی ئەم ڕێکخراوە لە قاڵبی ساڵی (1945) نەهێندرێتە دەرەوەو نەخشەی نوێنەرایەتی گەلان لەئەنجومەنی ئاسایشدا سەر لەنوێ دانەڕێژرێتەوە، ئەوا نەتەوە یەکگرتوەکان هەرگیز ناتوانێت بەڵێنەکانی ساتی دامەزراندنی بکاتە واقیع و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی گەلانەوە، جیهان لە هەڵگیرسانی جەنگەکان بپارێزێت.
