مەکۆی ئەمریکی وێنەیەکی تاریک لەسەر حکومەتەکەی زەیدیی دەخاتەڕوو؛ هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی عێراقییەکانی نائومێدکردو خەریکی خەڵەتاندنی ترەمپە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگەی (مەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی شیکاریدا، هەڵسەنگاندنێکی کتوپڕو "تاریک"ی بۆ قۆناغی سەرۆکایەتیی عەلی زەیدیی بڵاوکردوەتەوە، ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات، زەیدیی هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی گەلی عێراقی نائومێد کردوەو پۆستەکەی بەتەواوی بۆ خزمەتی هەژمونی نوری مالیکی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا لەسەر مەلەفی چەکدارەکان خەریکی پێشکەشکردنی زانیاریی ناڕاست‌و خەڵەتاندنی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، کۆشکی سپی لەسەرەتادا بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە پاڵپشتیی لەدەستبەکاربونی عەلی زەیدیی کردبوو؛ یەکەمیان، چونکە ناوبراو دەموچاوێکی نوێ بوو و وەک نوری مالیکی سەیر نەدەکرا (کە ڕاپۆرتەکە مالیکی بەگەندەڵ، تائیفی‌و فرۆشیاری سەروەریی عێراق بەئێران وەسفدەکات)، دوەمیش، بەهۆی ئەو بەڵێنە جدیانه‌ى کە زەیدیی لەکۆشکی سپی بەفەرمی دابویە ترەمپ سەبارەت بەچەکداماڵینی تەواوی ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێن، بەڵام پێشهاتەکان دەریانخست کە ئەمە تەنها خەیاڵ بوەو زەیدیی لەڕوی دارایی‌و پێگەی سیاسییەوە بەتەواوی قەرزداری مالیکییە.

ڕاپۆرتی پەیمانگە ئەمریکییەکە ئاشکرایدەکات، زەیدیی هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوی عێراق، تەنها ئەو قسانەی بەسەرۆکی ئەمریکا وتوە کە ترەمپ حەزی لێ بوە بیبیسێت، بەڵام لەڕاستیدا چاکسازیی نەکردوەو بەڵێنەکانی بۆ سنوردارکردنی فەیلەقی بەدر، کەتائیبی حزبوڵڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق پێشێلکردوە.

ڕاپۆرتەکە، زەیدیی تۆمەتباردەکات بەوەی کە مەلەفی گرێبەستی کۆمپانیاکانی گەیاندنی تێکداوە تەنها بۆ ئەوەی ڕێگه‌ بۆ دزەکردنی نوێی بریکارە ئابورییەکانی ئێران‌و کەرەستە چینییەکان خۆشبکات‌و لەڕێگەی تەسلیمبونی بۆ مالیکی، تەواوی عێراقی خستوەتە مەترسییەوە.

ڕاپۆرتەکە پاشخانی مێژویی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019ی بەسەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی دەهێنێتەوە یاد، کاتێک توڕەیی گەنجانی شیعە بەهۆی بێکاریی، گەندەڵیی‌و سازشی پارتە ئایینییەکان لەژێر دروشمی «نیشتمانێکمان دەوێت» تەقییەوەو بوە هۆی سوتانی کونسوڵخانەکانی ئێران‌و ڕوخانی حکومەت، ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات، مستەفا کازمی‌و محەممەد شیاع سودانی‌و ئێستاش زەیدیی، خەڵکیان نائومێدکردوە، بەڵام مەترسییەکە لێرەدایە کە ئەمجارە جەماوەر بەبەڵێنی درۆینەی چاکسازیی ناخەڵەتێن‌و ئەگەر شۆڕشێکی نوێ بتەقێتەوە، تەواوی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕادەماڵن کە دەبێتە هۆی داڕمانی عێراق‌و دروستبونی گەردەلولێکی ئاگرین، ئه‌وه‌شى ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ترەمپ لەسەر ئەم درۆیانەی زەیدیی بێدەنگ دەبێت یان نا؟.