هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی پێشبینیدەکات دەستپێکردنەوەی جەنگی (ئەمریکا-ئێران) لەڕێگەی عێراقەوە بێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندوە، بەغدا گوماندەکات دوو شوێنی کۆگاگکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەرشان (شانهاوێژ)، کە دروستکراوی چینن، لەهەفتەی ڕابردودا کەوتونەتە بەردەم گورزی ئاسمانیی؛ ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسان خەریکی لێکۆڵینەوەن لەهەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی کە ئاماژە بەوەدەکات، جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بەئێران، لەوانەیە پێش ڕاگەیاندنی کاتژمێری سفر، لەئێستاوە لەسەر خاکی عێراق دەستی پێکردبێتەوە.


ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت ئاشكرایكردوه‌، پێشتر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە17ى تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا، کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەکیان ڕاگه‌یاند کە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنیی کۆن‌و بەسەرچوو لەناو یەکێک لەبارەگاکانیان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا ڕویدابوو؛ ئاماژەیان بەوەشکردبوو، ڕوداوەکە بوەتە هۆی برینداربونی پێنج کارمەند بەسوکی‌و جەختیان لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان کردبوەوە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.

وه‌كو له‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه‌، سەرەڕای تێپەڕبونی زیاتر لەهەفتەیەک بەسەر ڕوداوەکەدا، هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە داوایكردوه‌ ناوى ئاشكرانه‌كرێت وتویه‌تى، "لایەنە پەیوەندیدارەکان هێشتا خەریکی بەدواداچونی وردن بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ڕوداوەکە".

سەرچاوەکان بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت-یان ڕاگه‌یاندوه‌، گوماندەکرێت ئەو دوو شوێنە کەوتبێتنەبەر هێرشێک کە بوەتە هۆی تێکشکاندنی بارێکی گەورەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دروستکراوی چین کە بەمدواییانە لەئێرانەوە گەیشتبوو و گواسترابوەوە بۆ لای ئەو گروپە عێراقییانەی کە لایەنگری تارانن.

سەرچاوەیەک ڕونیکردوەتەوە، "ئەو گروپە چەکدارەی کە ئەم شوێنەی بۆ کۆگاگکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی دەستنیشانکردبوو، پێیوابوو، گەیشتن بەم شوێنە یان دۆزینەوەی زۆر ئەستەمە، هێرشە گومانلێکراوەکە ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنی بارەکە بۆ ناو هەردوو کۆگای نیشتەجێکردن ڕویداوە.

سەرچاوەیەکی دیكه‌ ئاشکرایکردوە، ئەم تەقینەوەیە دوای زنجیرەیەک تەقینەوە دێت کە لەیەکی تشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکردوەو کۆگاکانی سەر بەگروپە چەکدارەکانیان لەناوچە جیاجیاکانی دەوروبەری بەغدا کردوەتە ئامانج، لەنێویاندا ئەو کۆگایانەی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) تایبەت بەهێرشی خۆکوژیی‌و سیخوڕییان تێدا بوە.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی سەرچاوەکان، چەندین گروپی چەکدار لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا بەچڕیی چالاکبون لەگواستنەوەی سیستەمی پێشکەوتوی بەرگریی ئاسمانی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئێرانەوە بۆ عێراق‌و کۆگاکردنیان لەو شوێنانەی کە سەر بەخۆیانن.

پێشتریش هەندێک ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە باسیان لەگواستنەوەی نهێنیی چەندین بار لەچینەوە بۆ ئێران کردبوو کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەرشان (شانهاوێژ) لەخۆدەگرن، کە بەئاراستەکردنی گەرمی کاردەکەن‌و تایبەتن بەڕوبەڕوبونەوەی ئەو فڕۆکانەی لەنزمیدا دەفڕن، لەنێویاندا هێلیکۆپتەرو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی چین، لە28ی تەمموزی ڕابردودا، تەواوی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردبوەوە کە باسیان لەگرێبەستی فرۆشتن یان ناردنی موشەک‌و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دروستکراوی چین بۆ ئێران دەکرد.

ئەم چالاکییەی گروپە چەکدارەکان هاوکاتبوو لەگەڵ بەشداریکردنی ژمارەیەک لەوان لەناو ئەو پێکهاتە حکومییەی کە لەلایەن عەلی زەیدییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە کە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی ڕێگەی بەم بەشدارییەداوە، پاشئەوەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی کۆکردنەوەی چەکیان بەدەستهێنا کە لە 30ی حوزەیرانی 2027دا کۆتایی دێت.

دوو کەسی نزیک لەفەرماندەی یەکێک لەگروپە چەکدارەکان بەشەرقولئەوسەت-یان ڕاگەیاندوە، گروپە لایەنگرەکانی ئێران ئاگربەستی ڕاگەیەندراویان لەگەڵ ئەمریکییەکان دەقۆستەوە بۆ سەرلەنوێ جێگیربونەوەو گواستنەوەی چەکی ستراتیژیی.

تائێستا شێوازی جێبەجێکردنی ئەم گورزانەى له‌گروپه‌كانى عێراق وه‌شێندراون ڕون نییە، جا چ لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بوبێت یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕاپۆرتە دژ بەیەکەکان باسیان لەگەشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردوە، بەپاڵپشتیی فڕۆکەکانی تێدەکردنی سوتەمەنی، لەڕێگەی ئاسمانی عێراقەوە لەنزیک سنورەکانی ئێران، بەبێئەوەی چاودێرییەکی سەربەخۆ ئەم زانیارییانە پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمنی وتویه‌تى، "دەسەڵاتدارانی بەغدا بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بڕوا بکەن ئیسرائیل لەپشتی بەئامانجگرتنی ئەم کۆگایانەوە وەستاوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە ئەنجامێک کە چۆن هێرشەکان جێبەجێکراون".

بەرپرسێکی عێراقی ئه‌وه‌ى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، حکومەت سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەڕوداوەکە بەهۆی قەبارەی ئەو زیانە گەورانەی کە بەر هەردوو شوێنەکەو ناوچەکانی دەوروبەریان کەوتوە، جەختیشیکردوەتەوە، تائێستا زانیاریی بڕاوەیان لەبەردەستدانییە بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە.

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، "عەلی زەیدیی‌و فەرماندە باڵاکانی سەربازیی خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی زیاترن دەربارەی هێرشەکەو ئایا پەیوەندیی بەو ڕاپۆرتانەوە هەیە کە باسیان لەپێشێلکاریی ئیسرائیل بۆسەر ئاسمانی عێراق دەکرد، کە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە30ی ئەیلولی 2026دا دەستیپێکردوە"، تائێستا نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستیی ئەم زانیارییانە یان گەیشتنی ئەم سیستەمانە بۆ عێراق پشتڕاستبکرێتەوە.

ڕاوێژکارێکی باڵای سیاسی له‌وباره‌یه‌وه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، هێرشەکە ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنێکە لەناوەندە هەواڵگرییەکانی عێراقدا کە پێیوایە، دەستپێکردنەوەی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بەئێران لەوانەیە لەڕاستیدا دەستیپێکردبێت، بەڵام بەشێوازێکی بێدەنگ‌و ڕانەگەیەندراو لەڕێگەی گۆڕەپانی عێراقەوە؛ ئەوەش لەڕێگەی بەئامانجگرتنی هێڵەکانی دابینکردنی گروپە چەکدارەکان‌و بڕینی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی تەقەمەنی بۆیان، وەک ئامادەکارییەک لەئەگەری بەشداریکردنیان لەهەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێی هەرێمیدا.

سەرکردەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندوە، سەرکردەی پارتە فەرمانڕەواکان لەچەند هەفتەی ڕابردوەوە پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەتێکشکاندنی تەواوەتیی تواناکانی گروپە عێراقییەکانەوە دەستپێدەکات.

گروپە عێراقییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو فۆکەسیان خستبوە سەر پرسی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق کاتێک ئاگربەستەکە هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیەندرا، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا لە30ى ئەیلولدا پابەندبونی خۆی بەڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕاگەیاند، بەڵام ئەو هێرشانەی بەدەرکرد کە وەک خۆی وتی، "پەیوەندییان بەفڕین‌و پێشێلکاریی ئاسمانیی دوژمنکارانەوە هەیە"، تائەوکاتەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی حکومەت تەواو دەبن.

ڕۆژی شەممە، ئەو گروپەی کە خۆی بەمقاومەی ئیسلامی لەعێراق دەناسێنێت ڕایگەیاند، ئەوان 171 پێشێلکاریی ئاسمانییان دۆکیۆمێنت کردوە کە لەلایەن فڕۆکە جەنگی‌و سیخوڕییەکانەوە لەسەرەتای ئۆکتۆبەری 2026وە ئەنجامدراون.

ئەو سەرکردەیەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر وتویه‌تى، "بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی پێشتر ڕێنمایییان دابوە فەرماندەی گروپە عێراقییەکان بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاریی زیاتر بەمەبەستی دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی دژ بەفڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن".