وه‌فدێكى باڵای بەغدا دەگاتە هەولێرو بژاردەی سڕکردنی نەوتی هه‌رێم دەخرێتەسەر مێزی گفتوگۆکان

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبونەوەی چارەنوسساز لەسەر دۆسیەی پەککەوتوی نەوت‌و وزە، ئەمڕۆ یەکشەممە وه‌فدێكى باڵاى حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان،  شارپرێس زانیاریى گرنگ‌و هه‌ستیارى ده‌ستكه‌وتوه‌ سه‌باره‌ت به‌یه‌كێك له‌ته‌وه‌ره‌كان كه‌ سڕكردن‌و ڕاگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌.


هه‌روه‌ك زانیارییه‌كانى شارپرێس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، سه‌ردانى ئه‌م وه‌فده‌ باڵایه‌ى عێراق كه‌ موحسین مه‌نده‌لاوى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات بۆ تاووتوێکردنی کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەولێرو بەغدایە، بەڵام یه‌كێك له‌گفتوگۆكان بژاردەی (ڕاگرتن و کڕینی پێشوەختەی هەناردەی نەوتی هەرێم)ى كوردستانه‌ وەک تەوەرێکی سەرەکی دەخرێتەڕوو.

وه‌فده‌كه‌ى حکومەتی فیدراڵی عێراق بەسەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو کۆبونەوەکانەوەو بڕیاریشە بەفەرمی چاوی بەمەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم‌و وەزیری سامانە سروشتییەکان‌و تیمی تەکنیکیی وەزارەته‌كه‌ بكه‌وێت.

هه‌روه‌ك زانیاریه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، "ناوه‌ڕۆك‌و كرۆكى گفتوگۆكانى ئه‌مڕۆى هه‌ولێر به‌غدا، تیشکدەخاتەسەر لایەنی ئابوریی تێچوی بەرهەمهێنان؛ حکومەتی عێراق تائێستا بۆچونی وایە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەهۆی شێوازی گرێبەستی کۆمپانیا بیانییەکانەوە تێچویەکی زۆر بەرزی هەیە، به‌گوێره‌ى تێڕوانینی بەغدا، ڕاگرتنی فەرمیی نەوتی هەرێم بڕێکی یەکجار زۆر لەداهاتی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگێڕێتەوە، چونکە عێراق دەتوانێت هەمان ئەو بڕە نەوتە لەکێڵگەکانی دیكه‌ى ناوەڕاست‌و باشور بەتێچویەکی زۆر کەمتر بەرهەمبهێنێت‌و هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات".

ئەم کۆبوونەوانە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێن کە هەرێمی کوردستان پێداگریی لەسەر شایستە دارایییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان‌و مافە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە لەبەڕێوەبردنی کێڵگەکاندا، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم مەلەفە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر بودجەو شایستەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت، بەڵکو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەپێگەی ئابوریی عێراقەوە هەیە لەڕێکخراوی ئۆپێکدا.