شارپرێس:
دۆسیەی ئەمنیی قەزای شنگال دەچێتە قۆناغێکی نوێو ستراتیژییەوە کە کۆتایی بەساڵانێک
لەفرەچەکداریی لەناوچەکەدا دەهێنێت، بهگوێرهى زانیارییە فەرمییەکان، لەچوارچێوەی
ڕێککەوتنێکی نوێدا بڕیارە بەشێوازێکی فەرمی پێنج هەزارو 300 شهڕڤان لەهێزەکانی یەکینەکانی
بەرخۆدانی شنگال (YBŞ - یەبەشە) لەناو دامهزراوه ئەمنییو فەرمیهكانى
عێراقدا جێگیربکرێنو ببنە بەشێک لەهێزە چەکدارەکانی سەر بەدەوڵەت.
ئەم هەنگاوە نوێیە لەڕێگەی ئامادەبونی وهفدێكى باڵای حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێدەکرێت،
بەمەبەستی تاووتوێکردنی میکانیزمی دابەشکردنی ئەرکەکان، نەخشەی ئەمنیی حکومەتی عێراق
بۆ پۆلینکردنی ئەم هێزانە بەشێوازێک داڕێژراوە کە سەرجەم پێنج ههزارو 300 شهڕڤانهكه
لەسەر دوو قۆناغی جیاوازدا دەخرێنە ناو دەزگا ئەمنییەکانەوە.
شارپرێس زانیویهتى قۆناغی یەکەم، پێداچونەوە بەمەلەفی فەرمیی شەڕڤاناندا دەکرێت
تاوهكو ئەوکەسانەی عێراقین جێگیربکرێن، پاشان لەقۆناغی دوەمدا وادەی دابەشکردنی ئەرکەکانو
دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆیان لەچوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا یەکلادەکرێتەوە.
ئەم پێشهاتە خێرایە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ دێت کە لەنێوان سەرکردەکانی یەبەشەو
حکومەت لەبەغدا بەڕێوەچوو کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنی چەکە قورسەکان بەدەوڵەت
كرا، هاوکات، بڕیارەکە پاڵپشتییەکی گەورەی لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی
کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە بەدەستهێنا، کاتێک لەڕێگەی نامەیەکی فەرمییەوە لەزیندانی
ئیمراڵییەوە داوای لەیەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال کرد کە بەتەواوی بچنە ناو سوپای عێراقەوەو
ڕایگەیاند، پەکەکە چیتر ڕێگر نابێت لە بەردەم چارەسەری کێشەکانی شنگالداو داواشیكردبوو،
ئهم هێزه لهناوچه ئێزدى نشینهكان بمێننهوه وهكو هێزى پارێزهرى خۆیانو هیچ
هێزێكى دیكه نهبێته جێگرهوهیان.
ڕاپۆرتە ئەمنییەکان ئاشکرایدەکەن، هاوپهیمانى بەڕێوەبردنی دەوڵەتو سەرکردە
ئێزدییەکان لەسەر مەرجێکی سەرەکی ڕێککەوتون، ئەویش ئەوەیە کە ئەم هێزانە پاش تێكهڵكردنیان
لەناو سوپای عێراقدا، لەناو خودی قەزای شنگالدا دەمێننەوەو ئەرکی سەرەکییان
پاراستنی ناوچەکەو ڕێگریی دەبێت لەدوبارەبونەوەی هەر هێرشێکی نوێ بۆسەر کەمایەتییە
ئایینییەکان.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ چەسپاندنی هەژمونی یاساو گەڕاندنەوەی
تەواوی ئاوارەکانی شنگال بۆ سەر زێدی خۆیان.
