سلێمانی موعینی چۆن ڕادەستی ئێران کرایەوەو چۆن گولەبارانکراو دواتر تەرمەکەی بەناو مەهاباددا گێڕدرا؟
بۆچی مەلا مستەفا سلێمان موعینیو هاوڕێکانی گولەبارانکردو هاوڕێکانی خۆی توشی شۆک کرد؟
شای ئێران چی بەمەلا مستەفا وت بۆ ڕادەستکردنی سلێمان موعینی؟
سلاوتان لێبێت،، من چاوەروانم و باسی کارەسات و روداوێکتان بۆ دەکەم کە زیاتر لە نیو سەدەیە مشتومرێکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێناوە و تا ئێستاش بە چەند شێوازێک باسکراوە و هەرجارە و لە زاری کەسێکەوە لە بەرژەوەندی لایەنێک و دژی لایەنێکی تر چیرۆکەکە باس دەکرێت، ئەویش چیرۆکی شەهیدکردنی سلێمانی موعینی و هاورێکانیەتی.
لەم نێوەندەدا و لەنێو گێرانەوەکاندا دکۆتر مەحموود عوسمان کەسایەتی دیاری کوردستان و سیاسەتمەداری دێرینی کورد لە نوێترین کتێبی خۆیدا بە ناوی بیرەوەریەکانم زۆر بە وردی باسی ڕوداوەکە دەکات و وەک ئەوەی خۆی بەشێک بوە لە مێژووی ئەو سەردەمە پەنجە دەخاتە سەر برینەکان و بە ڕونی پێمان دەڵێت ئەو تاوانە چۆن و بۆچی و لەلایەن کێوە ئەنجامدراوە.
دکتۆر مەحموود عوسمان بەمجۆرە چیرۆکەکە دەگێرێتەوە و دەڵێت " ئەو ساڵانە ئێران فشارێکی زۆری دەکردە سەر شۆرشی کوردستان بۆ ئەوەی دژی کوردانی ئێران بوەستێتەوە و رێگەنەدات چەکدار بن و دژی رژێمی ئێران چالاکی چەکداریی بکەن.
رۆژێک سلێمان موعینی سکرتێری کاتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک هاورێی لە سلێمانییەوە گەرابوونەوە و ویستبویان بچنە ئێران، لای چوارتا کەوتبونە دەست پێشمەرگەی سەر بەپارتی و دەستگیرکرابوون، هەرزوو هەواڵ گەشتبوە ئیتلاعاتی ئێران و بەبابەتی دەستگیرکردنەکەیان زانیبوو، بۆیە فشارێکی زۆریان خستەسەر مەلا مستەفا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی شۆرش کە رادەستی ئێرانیان بکەنەوە، سەرکردایەتی شۆرش هەر کە بەم روداوەی زانی بروسکەیەکی بەپەلەی نارد بۆ چوارتا و داواکرا موعینی و هاورێکانی بگەنە ئەو ناوچەیەی مەلا مستەفا و سەرکردایەتی لێیە.
وەفدێکی ئێران بە سەرۆکایەتی مەنسورپور کە ژەنەراڵێکی ساواک بوو، هاتە لای مەلا مستەفاو لەو بارەیەوە گفتوگۆیەکی زۆریان کرد، ئەوان دەیانگوت جگە لە رادەستکردنیان هیچ رێگەیەکی تر نییە.
جگە لە مەلا مستەفا ژمارەیەک مەکتەبی سیاسی لەو دانیشتنەدابوین، تا دەهات گفتوگۆکە ئاراستەی توندتری وەردەگرت و من شەخسی خۆم لەگەڵ مەنسور پوردا دەممان لە یەک گیرا و قرەقرمان بوو، وتم راستە ئێمە دۆستی ئێرانین بەلام تەسلیمکردنەوەی ئەوان بە هیچ شێوەیەک رێی تێناچێت.
مەنسور پوور لەم قسەیەی من زۆر تورەبوو، وتی کاتی خۆی یەکێتی سۆڤیەت کەسانێکی رادەستکردوینەتەوە کە ئێمە داوامانکردبوون، ئێستا ئێوە چۆن شتی وا دەکەن. قسەیەک لە ئێمە و قسەیەک لەوان نەگەشتینە هیچ ئەنجامێک و دانیشتنەکە دواخرا. ئەوانەی لەوێ بوون بینییان چۆن بە گژ یەکدا چوین تەنانەت هەژاری شاعیر لە نوسینێکدا بەوردی باسی ئەو ڕوداوە و هەڵوێستی ئێمەی کردوە. چونکە ئاگاداربوو دەڵێت داواکەی رژێمی ئێران زۆر دژی هەڵوێستی نەتەوەیی ئێمەبوو.
ئێران بەوە نەوەستا، بەڵکو پەیامی راستەوخۆی شا گەیشتە مەلا مستەفا، ئەوکاتە بڕیارێکی زۆر نارەوا درا و رۆژی ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٦٨ سلێمان موعینی گولەبارانکرا و هەر لەو ناوچەیە بەخاک سپێردرا. لە مەکتەبی سیاسی ئێمە هەندێکمان ئاگاداری ڕوداوەکە نەبوین.
ئێران زۆر زیرەکانە ئەم هەلەی قۆستەوە و هات داوای تەرمەکەی کرد. تەرمی موعینی و هاورێکانی خستە پشتی پیکابێکەوە و بەناو مەهاباددا سوراندیانەوە و دەیانوت ( ئەمە سلێمانی موعینییە، ئێمە نەمانکوشتوە. مەلا مستەفا کوشتویەتی) ئەمە زەبرێکی گەورەی وەشاند و ناوبانگی شۆرشەکەی لای خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەکەدارکرد.
مەحمود عوسمان لەبارەی ئەوکارەی کەکرا دەڵێت " پێم وایە سەرکردایەتی و شۆرش چارەیەکی تریان پێبوو، دەیانتوانی موعینی و هاورێکانی ئازاد بکەن و وا لە ئیران بگەیەنن کە هەڵهاتوون، ئەوکاتە ئێران ماوەیەک زویر دەبوو داتر کێشەکە چارەدەکرا و ئێمەش توشی ئەو وەزعە نالەبارە نەدەبوین. کاتی گولەبارانکرینیشیان بیانوی ئەوە هێنرایەوە گوایە موعینی و هاورێکانی سەربەباڵی جەلالی بوون، کە واش نەبوو.
ئەوکاتەی سلێمان وموعینی گولەبارانکرا ئێمە نەمانزانی چونکە کارەکە زۆر بە نهێنی کرابوو، دواتر کە تەرمەکەیان بە ناو مەهاباددا گێرا زانیمان و زۆر تورەبوین، مەلا مستەفا لە بەرابەر تورەبونەکەمان وتی بۆیە ئەوکارەی کردوە چونکە ناچارکراوە و هیچ چێرەی تری نەبوە بیکات.
بەبڕوای من بەرپرسیارێتی یەکەمی کوژرانی سلێمانی موعینی خراوەتە ئەستۆی بارزانی کە خاوەنی بڕیاربوو، چونکە کێ دەسەڵاتی زیاتر بێت زیاتر بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمەش بێتاوان بوین، ئەگەرچی ئاگامان لە شەهیدکردنەکەی نەبوو، خۆ دوای ئەوەش کەسانی تر کوژراون و رادەستکراونەتەوە و ئەزیەت دراون، کە تا رادەیەک ئێمەش ئاگامان لێی بوە و لێی بەرپرسیارین.
هەر ئەو دەمە شۆرش چەند بڕیارێکی هەڵەی دا، کە بە بڕوای من هێڵە سورەکانیان تێپەراند ، چونکە دوای شەهیدکردنی سلێمان موعینی ژمارەیەک کوردی ئێران لە دژی رژێم چەکیان هەڵگرتبوو دابویانە شاخەکان، لەلایەن تارانەوە پێشمەرگە ناچارکرا لەگەڵ هێزی ئێرانی شوێنپێیان هەڵبگرن، راستە پێشمەرگە نەیدەویست شەری کوردانی رۆژهەڵات بکات بەڵام ئۆپەراسیۆنکردن لەگەڵ چەکداری ئێرانی کارێکی زۆر نابەجێبوو، ئێران بە مەبەست ئەم داوا خراپانەی لە شۆرش دەکرد. لەو شەرانەدا چەندین کوردی ئێران شەهیدکران و هەندێک دەستگیرکران و رادەستی ئێران کرانەوە، هەواڵ لە هەندێکی تر درا لەوانە مەلا ئاوارە و هاورێکانی. ئیتر ئێران فێربوو داوای زیاتری لە شۆرش دەکرد کە هیچی بەسودی شۆرش و کورد نەبوو.
