شارپرێس:
حکومەتی فیدراڵی عێراق لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ پاراستنی سەروەریی ئاسمانیی وڵاتو ڕێگریی لەهەر پێشێلکارییەکی دەرەکی، پڕۆسەی پڕچەککردنی هێزە ئاسمانییەکانی بردوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، بهگوێرهى ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە لەڕێگەی کەناڵی (الأولى)وە بڵاوکراوەتەوە، بەغدا لەئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی چەندین شەپۆلی نوێی (سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو، ڕاداری یەکجار وردو سیستەمی موشەکیی دژەموشەکو دژەدرۆن) دەکات.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرایکردوە، عێراق لەئێستادا لەقۆناغی کۆتاییی وەرگرتنی ئەو سیستەمە پێشکەوتوانەدایە کە توانایەکی زۆر وردیان هەیە لەئاشکراکردنو شوێنپێکەوتنی ئامانجە ئاسمانییە نزمو بەرزەکان، ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە تایبەتە بەپەکخستنو خستنەخوارهوهی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن)و ئەو موشەکانەی کە دەخرێنە ناو کایەی ئاسمانیی عێراقەوە، ئەمەش دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی توندوتۆڵ لەدەوری ناوچە ستراتیژییەکان دەستەبەردەکات.
ئەم ڕاگەیاندنە فەرمییە دوای ئەوەدێت، لەماوەی ڕابردودا چەندین لایەنی سیاسییو سەربازیی ناوخۆیی ڕەخنەیان لەنەبونی بەرگریی ئاسمانیی بەهێز دەگرت لەکاتی پێشێلكاریه ئاسمانییەکاندا، جێگیرکردنی ئەم ڕادارو سیستەمە دژەموشەکییانە وەک وەڵامێکی کرداریی حکومەتی عێراق سەیر دەکرێت بۆ گرتنەدەستی تەواوی کۆنترۆڵی ئاسمانی وڵات لەپاش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەشێوازێک کە چیتر ڕێگه بەهیچ لایەنێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی نەدرێت ئاسمانی عێراق بۆ ململانێ سڕکراوەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
تیمی تەکنیکیی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیراندا، لەماوەی ڕابردودا زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی چەکی پێشکەوتوو ئەنجامداوە بۆ کڕینی ئەم سیستەمانە بەپارەدارکردنی ڕاستەوخۆ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان، ئامانجی فەرمیی بەغدا ئەوەیە کە سوپای عێراق لەڕوی بەرگریی ئاسمانییەوە پشت بەتوانای سەربەخۆی خۆی ببەستێتو تۆڕی ڕاداریی نیشتمانی بەتەواوی بەمۆدێرنترین تەکنەلۆژیای سەردەم بپۆشێت.
