شارپرێس:
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بەباشی لەو گرفتو ئاستەنگانە تێدەگات کە ڕوبەڕوی عەبدولڕەحمان سەید كاندیدی پارتی دیموکرات بۆ ئەنجومەنی پیران (سێنات) لەویلایەتی میشیگان دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو هێرشانەی کە کۆمارییەکان دەیکەنەسەر ناوەکەی.
سی ئێن ئێن نوسیویهتی، "پێشتر دۆناڵد ترەمپ پڕوپاگەندەی بۆ تیۆرییەکی تیژو چەواشەکاری پیلانگێڕی کردبوو کە گوایە ئۆباما لەناوخۆی ویلایەتەیەکگرتوەکاندا لەدایکنەبوە، هاوکات تائێستاش لەوتارەکانیدا فۆکەس دەخاتەسەر ناوی ناوەڕاستی ئۆباما کە (حوسێن)ە".
ئهوهش باسكراوه، "لەکاتی بەڕێوەچونی گردبونەوەیەکی هەڵبژاردندا لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ترەمپ بەشێوازێکی هەڵە ناوی عەبدولڕەحمان سەیدی وەک (موحەممەد) هێناو بەدرۆ بانگەشەی ئەوەیکرد، ئەم كاندیده دیموکراتە جیهادییە، ئەم لێدوانانەش بونەتە بەشێکی دوبارەبوەوە لەگردبونەوەکانی ئەمدواییەی هەڵبژاردنی ترەمپو سەرنجەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".
ئۆباما لەکاتی بەشداریکردنی لەگردبونەوەیەکی هەڵبژاردندا بۆ پاڵپشتیکردنی عەبدولڕەحمان سەیدو كاندیده دیموکراتەکانی دیكه لەشاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگان، ڕایگەیاند، "ئەوان پەنا دەبەنەبەر درۆ، ترساندنو چاندنی تۆوی دوبەرەکی؛ تەنانەت ڕەنگە ناو یان بیروباوەڕت بەکاربهێنن بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن کە تۆ مەترسیت لێدەکەوێتەوە، یان شایەنی متمانە نیت، یاخود کەمتر نیشتمانپەروەرو کەمتر ئەمریکیتریت لەوان".
وتیشی، "ئێمە پێشتر سەیری ئەم فیلمەمان کردوە، من خۆم پاڵەوانی سەرەکی بوم تێیداو بڕوانامەیەکی وردی لەدایکبونیشم (ناسنامە)م هەیە کە ئەمە پشتڕاستدەکاتەوە، هێرشەکانی کۆمارییەکان هیچ سودێکی لەدژی عەبدولڕەحمان سەید نابێت، ئەم ڕێگایانە دژ بەمن سەرکەوتونەبون، بەتایبەتی لێرە لەمیشیگانو دژ بەسەیدیش سەرکەوتونابن، سهید لێرە لەدایکبوەو لێرەش گەورەبوە؛ دایکو باوکی لەکەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا کاریانکردوەو خۆیشی لەبلۆمفیڵد هایتس یاریی تۆپی پێی ئەمریکی (فوتبۆڵ)ی کردوە".
)عەبدولڕەحمان سەید) پزیشک، پسپۆڕی ناسراوی بواری پەتاناسی و سیاسەتمەدارێکی پێشکەوتنخوازی پارتی دیموکراتی ئەمریکایە کە وەک کاندیدی فەرمیی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات) لەویلایەتی میشیگان کێبڕکێ دەکات.
سەید لەساڵی 1984 لەدایکبوەو خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لەتەندروستیی گشتیدا لەزانکۆی ئۆکسفۆردو دکتۆرای پزیشکی لەزانکۆی کۆڵۆمبیا، پێشتریش وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی تەندروستیی شاری دیترۆیت کاریکردوەو بەهۆی کارنامەو پێگەی زانستیو سیاسییەوە وەک یەکێک لەدەموچاوە گەنجو دیارەکانی باڵی چەپی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان سەیردەکرێت.
سەبارەت بەتۆمەتی پەیوەندیی بەڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین، سی ئێن ئێن نوسیویهتی، ئەم کێشە سیاسییە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ماڵپەڕی ههواڵیی (واشنتن فانی بیکۆن) چەند پۆستێکی کۆنی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (ئیمان عەبدولهادی کە دەکاتە زڕخوشکی عەبدولڕەحمان لەلای دایکییەوە) بڵاوکردەوە، ئیمان لەو پۆستە کۆنانەیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، دایکیان لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردودا پەیوەندیی بەڕێکخراوی ئیخوانەوە هەبوە.
مایک ڕۆجەرز، کاندیدی کۆمارییەکانیش بۆ ئەنجومەنی پیران، ئەم بابەتەی لەدیبەیتی یەکەمیاندا دژ بەعەبدولڕەحمان بەکارهێنا تا متمانەی لەلای دەنگدەران کەمبکاتەوە، بەڵام عەبدولڕەحمان سەید لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی NBC بەتەواوی لایەنگری یان پەیوەندیی خۆییو خێزانەکەی بەو ڕێکخراوەوە ڕەتکردەوەو ڕونیکردەوە، دایکو باوکی کاتێک تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوە جیابونەتەوە، ئەو لای دایکی گەورە نەکراوە، بەڵکو لای باوکو باوەژنی (زڕدایکی) گەورەبوەو هیچ پەیوەندییەکی بەبیروباوەڕی دایکیو زڕخوشکەکەیەوە نییە.
