هەواڵگریی ئێران: ئیمارات بەشداری جەنگە دژمان و با چاوەڕێی وەڵامێکی توند بکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی لە تاران، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "The Cradle Arabic"، ئاشکرای کردووە کە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئێران، ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ڕۆڵی چالاکی ئیمارات لە دەستپێکردن و بەردەوامبوونی جەنگەکە دژی ئێران هەڵدەسەنگێنن.

بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوە ئێرانییە، بڕیارێک لە ئاستی سەرکردایەتیی ئێراندا دراوە بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی لێبوردەیی چەند هەفتەیی بەرانبەر ئیمارات. سەرچاوەکە بانگەشەی کردووە کە ئیمارات، جگە لە میوانداریی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا، هەندێک لە بنکە ئاسمانییەکانی خۆیشی خستۆتە بەردەستی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی ئێران.

بەپێی هەڵسەنگاندنی هەندێک لە شیکەرەوە ئەمنییە ئێرانییەکان، ئیمارات بۆتە شوێنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. سەرچاوەکە هەروەک بانگەشەی کردووە کە ئەبووزەبی، لە ڕێگەی ژێرخانی پێشکەوتووی زیرەکیی دەستکردەوە، یارمەتیی دروستکردنی داتابەیسی ئامانجەکانی داوە و زانیاریی کەسایەتیی و ئامانجە ئێرانییەکانی دابین کردووە.

ئەو بەرپرسە هۆشدارییداوە کە بەئامانجگرتنی کەشتیی و بەلەمە تایبەتە ئێرانییەکان و ناوچە کەنارییەکان لە خاکی ئیماراتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی وەڵامێکی توندی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداریی دا کە دوژمنانی ئێران بە پشتگیریی وڵاتێکی ناوچەیی خۆیان بۆ داگیرکردنی یەکێک لە دوورگەکانی ئێران ئامادە دەکەن.

قالیباف لە تۆڕی "ئێکس" نووسییەتی کە هێزە ئێرانییەکان چاودێریی هەموو جووڵەکانی دوژمن دەکەن و ئەگەر ئەم هەنگاوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ژێرخانی گرنگی ئەو وڵاتە ناوچەییە دەکەوێتە ژێر هێرشە بەردەوامەکانی ئێران.