شارپرێس:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوا لەسەرجەم پەرلەمانتاران دەکات، سبەینێ چوارشەممە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، دوو فراكسیۆنى په‌رله‌مانیش هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاگه‌یاندو جهختدهكهنهوه، به‌شداریى ئه‌و دانیشتنه ناكه‌ن.
ڤالا فەرید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌په‌رله‌مان یاداشتێکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خوێندهوهلکە واژۆی ژمارەیەک پەرلەمانتاری لەسەرە "به‌وته‌ى خۆى"، هۆشداریدا لەمەترسییەکانی بەردەوامبونی پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان‌و داوایكرد، سبەینێ کۆبونەوەی تەواوکاری بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی‌و دەستپێکردنی کارەکانی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتى، "دوای تێپەڕبونی زیاتر لەدوساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بەداخەوە تائێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نییەو نەیتوانیوە بەئەرکە یاسایی‌و چاودێرییەکانی لەسیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا هەستێت؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە تەواوی ئەرکو ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە، کە لە 2ی کانونی یەکەمی 2024 بەستراوە، به‌گوێره‌ى یاسا بەرکارەکان جێبەجێنەکراوە".
ڤالا فەرید لەیاداشتەکەدا پشتی بەبانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و داواکاریی فەرمیی سەرۆکی تەمەن بۆ سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بەستبوو کە لەڕۆژى 9ى کانونی یەکەمی 2024 دەرچوو، بەوەی دەبێت هەموو ڕۆژێک کاتژمێر 11 زەنگی کۆبونەوە لێبدرێت.
له‌و ڕوهشهوه ڕایگه‌یاند، "داوا لەگشت پەرلەمانتاران ده‌كه‌ین سبه‌ینێ چوارشەممە، 4ى تشرینی دوەمی 2026، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم".
له‌به‌رامبه‌ریشدا عه‌لى حه‌مه‌ساڵح بڕیارده‌رى ڕه‌وتى هه‌ڵوێست هه‌ڵوێستى فراكسیۆنه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندو جه‌ختیكرده‌وه، "ئێمه ئۆپۆزسیۆنین، بۆیه نه به‌شداریى كۆبونه‌وه‌كه ده‌كه‌ین‌و نه ده‌نگیش به‌هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ده‌ین".
هاوكات یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆى نیشاندا‌و وتى، "له‌میدیاكانه‌وه زانیومانه سبه‌ینێ كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت، بۆیه بڕیارمان ئه‌وه‌یه به‌شداریى كۆبونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ ناكه‌ین".
هه‌روه‌ها تاكه كورسیه‌كه‌ى پارتی سۆسیال دیموکراتى كوردستان، بڕیاریداوه به‌شداریى كۆبونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێى په‌رله‌مانى كوردستان بكات‌و جه‌ختیكرده‌وه، "بۆ ئاسوده‌یى ڕۆحى شههیدانو خزمه‌تكردنى هه‌رێمى كوردستان، سبه‌ینێ ده‌چینه پهرلهمانو به‌شداریى كۆبونه‌وه‌كه ده‌كه‌ین".
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا نوێنەرانی پێکهاتەکان داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کرد‌و لەداواکارییەکەدا هاتوە، "به‌گوێره‌ى یاسای هەڵبژاردن‌و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەتوانین دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم کە لەڕۆژی 2ی کانونی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، درێژە پێبدەینو بەردەوامی پێبدەین".
ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئامانج لەم داواکارییە بۆ ئەوەیە کە پەرلەمان بتوانێت ڕۆڵی یاسادانان‌و چاودێریکردنی خۆی بگێڕێت‌و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت".
به‌گوێره‌ى مادەکانی 46، 47و 48ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق‌و هەروەها مادەکانی 13و 14ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، داوایان لەسەرجەم فراکسیۆنەکان کرد کە سبه‌ینێ چوارشەممە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان.
