هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر وەرچەرخانێکى گەورەدا

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پوختە
هەرێمی کوردستانی عێراق لەقۆناغێکی هەستیارو ئاڵۆزی قەیرانی سیاسیی‌و دامەزراوەییدایە، ئەم قەیرانە بەشێوەیەکی سەرەکی لەئەنجامی فراوانبونی ناکۆکییەکان لەنێوان دوو هێزی سیاسیی سەرەکیی هەرێم، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەریهەڵداوە. شکستی دوو حزبە سەرەکیەکە لەگەیشتن بەڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، ئەوەی لەسەرەتادا وەک ناکۆکییەکی سیاسیی لەسەر دابەشکردنی پۆست‌و دەسەڵات دەردەکەوت، گۆڕیوە بۆ قەیرانێکی قوڵتری پەیوەست بەبنەماکانی خۆبەڕێوەبردنی کوردستان.

کێشەی سەرەکی ئێستا تەنها پێکنەهێنانی حکومەت نییە، بەڵکو لاوازبونی ئەو چوارچێوە سیاسیی‌و دامەزراوەییەیە کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی کوردستان، یارمەتیی پاراستنی یەکپارچەیی سیاسیی‌و کارگێڕیی هەرێمی کوردستانی داوە.

ئەم دۆخە سێ نیگەرانیی سەرەکی دروستدەکات:
ـ لاوازبونی حکومەتی هەرێم وەک دەسەڵاتێکی سیاسیی‌و کارگێڕیی یەکگرتوو.
ـ زیادبونی توانای بەغدا، تاران‌و ئەنكەرە بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانیان لەناو هەرێمدا.
ـ ئەگەری جێگیرکردنی دابەشبونی سیاسیی نێوان هەولێرو سلێمانی‌و گۆڕینی بۆ واقعێکی دامەزراوەیی‌و درێژخایەن.

لەبەرئەوە، مەترسییەکە بەمانای ڕوخانی فەرمیی هەرێم نییە، بەڵکو ئەوەیە هەرێم بەهێواشی ببێتە ناوچەیەکی دابەشبوی سیاسیی کە دامەزراوەکانی لەڕوی فەرمییەوە هەن، بەڵام لەڕوی کردارەوە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی خۆیان لەدەستدەدەن.

ناکۆکیی نێوان پارتی‌و یەکێتیی: لەململانێی سیاسییەوە بۆ قەیرانی دامەزراوەیی
پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمێژوی سیاسیی هەرێمدا بەململانێ، بێمتمانەیی‌و هەندێکجاریش پێکدادانی سیاسیی ناسراوە، بەڵام ڕێککەوتنی ستراتیژیی ساڵی 2006 چوارچێوەیەکی هاوبەشی بۆ هاوکاریی‌و هاوبەشکردنی دەسەڵات دابینکرد کە ڕۆڵێکی گرنگی لەجێگیرکردنی بارودۆخی سیاسیی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا هەبوو.

ئەم ڕێککەوتنە ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بوە، به‌گوێره‌ى شیکاریی چاتام هاوس (پەیمانگه‌ی شاهانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ـ The Royal Institute of International Affairs)، یەکێکە لەکۆنترین، بەناوبانگترین‌و کاریگەرترین سەنتەرەکانی توێژینەوەو شیكاریى لەجیهانداو بارەگای سەرەکیه‌كه‌ى لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە)، ناکۆکییەکە چیتر تەنها لەسەر وەرگرتنی وەزارەت‌و پۆستە حکومییەکان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دوو تێڕوانینی جیاوازە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن‌و دابەشکردنی دەسەڵات لەهەرێمدا.

پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپشتبەستن بەئەنجامی هەڵبژاردن‌و ژمارەی کورسییەکانی لەپەرلەمان، خۆی بەهێزی سیاسیی یەکەمی هەرێم دەزانێت‌و داوای ئەوە دەکات له‌ڕێککەوتنی سیاسیی نوێ، ئەم قەبارەو جێگەیەی ڕەنگبداتەوە.

لەبەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕازیی نییە ببێتە هاوبەشێکی لاوەکی لەحکومەتدا، ئەم حزبە داوای گەرەنتیی سیاسیی‌و دامەزراوەیی دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەسەڵات‌و بەشداریکردن لەبڕیاردانی ستراتیژیی، ئەم جیاوازییە وایکردوە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ توشی بنبەست ببێت.

گرنگتر لەوەش، نەبونی ڕێککەوتن، لاوازیی دامەزراوە هاوبەشەکانی هەرێمی زیادکردوەو ڕێگەیداوە سەرکردایەتییە حزبییەکان بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەچوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە دەسەڵات بەکاربهێنن.

سەرهەڵدانی دوو ناوچەی سیاسیی‌و کارگێڕیی
یەکێک لەگرنگترین خاڵەکانی شیکاریی چاتام هاوس، ئەو دابەشبونە جوگرافی‌و سیاسییەیە کە بەهێواشی لەناو هەرێمی کوردستاندا قوڵتر دەبێتەوە، لەڕوی کردارییەوە، هەرێم زیاتر لەدوو بازنەی جیاوازی کاریگەریی سیاسیی‌و کارگێڕیی پێکدێت:
ـ هەولێرو دهۆک: بەشێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەریی پارتی دیموکراتی کوردستاندان.
ـ سلێمانی‌و هەڵەبجە: بەشێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندان.

هەرچەندە هەردوو ناوچەکە لەڕوی یاسایی‌و فەرمییەوە بەشێکن لەحکومەتی هەرێم، بەڵام بڕیاردانی سیاسیی‌و کارگێڕییان بەشێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەریی سەرکردایەتییە حزبییەکانی خۆیاندا ماوەتەوە.

ئەم دابەشبونە تەنها لەبواری نوێنەرایەتیی سیاسیی نییە، بەڵکو بواری دامەزراوە کارگێڕییەکان، هێزە ئەمنییەکان‌و چالاکییە ئابورییەکانیشی گرتوەتەوە، ئەنجامەکە بریتییە لەبارودۆخێک کە تێیدا دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەندە هاوتەریبەکانی دەسەڵاتی سیاسیی بونیان هەیە، ئەم دۆخە چەند مەترسییەکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە لاوازبونی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، کەمبونەوەی کاریگەریی هه‌ماهه‌نگى دامەزراوە ئەمنییەکان، ئاڵۆزبونی بەڕێوەبردن‌و دابەشکردنی داهاتی گشتیی، زیادبونی ململانێ لەسەر دەروازە سنورییەکان‌و چالاکییە بازرگانییەکان، سەختبونی دانانی پلانێکی یەکگرتوی ئابوریی‌و کارگێڕیی، مەترسیی سەرەکی ئەوەیە ئەم دابەشبونە نافەرمییە بەهێواشی ببێتە واقعێکی سیاسیی جێگیر.

پێشنیازی یەکێتیی: ناوەندینەکردنی دەسەڵات یان دامەزراوەییکردنی دابەشبون؟
یەکێک لەبابەتە گرنگەکانی شیکاریی چاتام هاوس، ئەو پێشنیازەیە کە لەلایەن هەندێک لەکەسایەتییە سیاسییەکانی یەکێتییەوە بۆ ناوەندینەکردنی دەسەڵاتی کارگێڕیی‌و دارایی خراوەتەڕوو، ئەم پێشنیازە گواستنەوەی بەشێکی گرنگ لەبەرپرسیارێتییەکان بۆ پارێزگا، شارەوانی‌و بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکان، لەگەڵ مانەوەی هەندێک دەسەڵاتی ستراتیژی لەئاستی هەرێمدا لەخۆدەگرێت، پشتیوانانی ئەم بیرۆکەیە ئاماژە بەئەزمونی سیستەمی کانتۆنی سویسراو مۆدێلی میرنشینەکانی ئیمارات دەکەن، لەڕوانگەی یەکەمدا، ناوەندینەکردنی دەسەڵات دەتوانێت وەک چارەسەرێکی کرداریی بۆ بنبەستی سیاسیی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکە ببینرێت، بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتی لێرەدا سەرهەڵدەدات: ئایا ناوەندینەکردنی دەسەڵات دەبێتە هۆی بەهێزکردنی حوکمڕانی، یان دەبێتە ئامرازێک بۆ فەرمی‌و دامەزراوەییکردنی دابەشبونی ئێستای هەرێم؟.

وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندیی بەو چوارچێوە دامەزراوەییەوە هەیە کە ئەم گۆڕانکارییەی تێدا جێبەجێدەکرێت، ئەگەر دەسەڵات بگوازرێتەوە بۆ دامەزراوە خۆجێییە هەڵبژێردراوەکان‌و ئەم دامەزراوانە پابەندی یاساو ڕێسایەکی هاوبەشی دارایی‌و یاسایی بن، ئەوا ناوەندینەکردنی دەسەڵات دەتوانێت بەڕێوەبردنی گشتی باشتربکات، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان هەر لەژێر فەرمانی سەرکردایەتیی حزبەکاندا بمێننەوە، ئەوا ئەم پێشنیازە دەکرێت دابەشبونی ئێستای دەسەڵات بەدامەزراوەیی بکات.

لەو بارودۆخەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەهێواشی بگۆڕێت بۆ دوو سیستەمی کارگێڕیی جیاواز کە تەنها لەناوەندی ناوی هەرێمدا هاوبەشن.

فراوانبونی کاریگەریی بەغداو لاوازبونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن
دابەشبونی سیاسیی ناوخۆیی دەرفەتی بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕەخساندوە تا پێگەی خۆی لەناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەهێزتربکات، پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر بەهێواشی زیاتر بەرەو ئەو ئاراستەیە چوە کە حکومەتی فیدراڵی لەبوارەکاندا دەستوەردان دەکات کە پێشتر بەشێوەیەکی سەربەخۆتر لەلایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە بەڕێوەدەبران، سێ بابەت لەم بارەیەوە گرنگن:

یه‌كه‌م: بەڕێوەبردنی نەوت‌و وزە: زیادبونی ڕۆڵی حکومەتی فیدراڵی لەبەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەکەی هەرێم بەرەو تورکیا، توانای سەربەخۆی هەرێمی لەدانوساندندا کەمکردوەتەوە.

دوه‌م: دەسەڵاتی دارایی‌و گومرگ: فراوانبونی ڕۆڵی بەغدا لەدانانی ڕێکارە فیدراڵییەکانی گومرگ‌و کۆکردنەوەی داهات، کاریگەریی لەسەر توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی دۆخی دارایی هەبوە.

سێیه‌م: نوێنەرایەتیی سیاسیی لەبەغدا: ململانێی پارتی‌و یەکێتیی لەسەر پۆستە فیدراڵییە گرنگەکان، بەتایبەتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، توانای کوردی بۆ دانوساندنی هاوبەشی لاوازکردوە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا تێبینی بکرێت ئەوەیە کە بەغدا پێویستی بەهەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هەرێمی کوردستان نییە تا بتوانێت دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، بەڵکو دەتوانێت لەڕێگەی ئامرازە دارایی، کارگێڕیی‌و یاساییەکانەوە، بەتایبەتی کاتێک هێزە سیاسییە کوردییەکان لەسەر یەک پۆستى هاوبەش کۆک نین، دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێواشی فراوان بکات، ئەمەش لەدانوساندنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا لاوازییەکی ستراتیژی دروستدەکات.

هێزە ناوچەییەکان: تورکیاو ئێران لەدابەشبونی سیاسیی کوردستان چۆن سود وەردەگرن؟
قەیرانی سیاسیی هەرێم لەناو بارودۆخێکی هەستیارو ئاڵۆزی ناوچەییدا ڕودەدات، هەرێمی کوردستان لەشوێنێکی ستراتیژیی گرنگدا هەڵکەوتوە، لەنێوان عێراق، ئێران، تورکیاو سوریا. هێزە ناوچەییەکان بەهۆی پەیوەندییە ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی‌و ئەمنییەکانیانەوە توانای زیاتر بۆ گونجاندنی خۆیان لەگەڵ بارودۆخی هەرێمێکی دابەشبودا هەیە.

تورکیا: بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بەنیگەرانییە ئەمنییەکان، پەیوەندییە ئابورییەکان‌و داهاتوی پرۆسەی سیاسیی کوردی لەناوخۆی تورکیادا، ئەنكەرە لەگەڵ هەردوو حزبی سەرەکیی کوردی پەیوەندیی سیاسیی هەبوە، هەرچەندە ئاست‌و شێوازی ئەم پەیوەندییانە جیاوازن، هەروەها پارتی‌و یەکێتیی لەپەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەو داهاتوی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەناو دەوڵەتی نوێی سوریادا بەرژەوەندییان هەیە، بەڵام بەردەوامبونی دابەشبونی ناوخۆیی دەکرێت هه‌ماهه‌نگى کوردی لەسەر ئەم بابەتە ناوچەییانە ئاڵۆزتر بکات، ئەگەر ئەنكەرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەک ناوەندی سیاسیی بەزیانی ناوەندەکەی دیكه‌ بەهێزتربکات، ئەوا هاوسەنگیی سیاسیی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت.

ئێران: ئامانجەکانی ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی ئەمنی‌و ستراتیژین، تاران هەوڵدەدات ڕێگریی لەوەبکات کە پارتە چەکدارە کوردییەکان لەململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا بەشداربن، هەروەها چالاکیی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییە ئێرانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵبکات، لاوازیی دامەزراوە یەکگرتوەکانی هەرێم، توانای حکومەتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کێشانەی ئەمنییە کەمدەکاتەوە، لەبەرئەوە، ئێران دەتوانێت زیاتر پشت بەفشاری ڕاستەوخۆی سیاسیی‌و ئەمنی ببەستێت، نەک تەنها مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، ئەمەش بارگرانییەکی زیاتر لەسەر دامەزراوە سیاسییە لاوازەکانی هەرێم دروستدەکات.

ئەمریکاو ئەوروپا: شیکاریی چاتام هاوس هەروەها ئاماژە بەکەمبونەوەی توانای هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان بۆ کاریگەریدانان لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەعێراق لە30ى ئەیلولی 2026، دوای 12 ساڵ ئۆپەراسیۆن دژ بەداعش، گۆڕانکارییەکی گرنگ لەژینگەی ئەمنیی ناوچەکە دروستدەکات.

هەرچەندە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا هێشتا کاریگەریی دیپلۆماسی‌و سیاسییان هەیە، بەڵام توانایان بۆ کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی سەرکردایەتییە کوردییەکان زیاتر سنوردار بوە، ئەمە دەکرێت بۆشاییەکی ستراتیژیی دروستبکات کە وڵاتانی دراوسێ توانای زیاتر بۆ پڕکردنەوەی هەیە.

ڕەهەندی ئەمنی: دابەشبونی سیاسیی‌و لاوازیی ستراتیژیی
ناکۆکییە سیاسییەکان تەنها لەسنوری پێکهێنانی حکومەت‌و دامەزراوە کارگێڕییەکاندا نامێننەوە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخی ئەمنیش هەیە، نەبونی هه‌ماهه‌نگى کاریگەر لەنێوان پارتی‌و یەکێتیی، توانای دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دانانی سیاسەتی ئەمنیی یەکگرتوو لاوازدەکات، ئەم بابەتە بەتایبەتی لەبەرئەوە گرنگە کە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ململانێیە ناوچەییەکان، فشاری ئێران‌و چالاکیی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەدا هەڵکەوتوە، سێ ئەگەر لێرەدا شایانی سەرنجن:
ـ کەمبونەوەی هه‌ماهه‌نگى لەنێوان دامەزراوە ئەمنییەکان لەناوچە جیاوازەکاندا.
ـ ئاڵۆزبونی بەڕێوەبردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر سنورەکان.
ـ زیادبونی هەڕەشەکانى سەر هەرێم لەبەرامبەر فشاری دەرەکی‌و دەستێوەردانی سیاسیی.

کێشەکە بەپێویستی مانای لەناوچونی دامەزراوە ئەمنییەکان نییە، بەڵکو مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەولەویەتیی کارکردنی ئەم دامەزراوانە زیاتر لەلایەن ناوەندە سیاسییە ناکۆکەکانەوە دیاریبکرێت، ئەمەش توانای هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی هاوبەش بەرامبەر هەڕەشە نوێکان لاوازدەکات.

داهاتوی هەرێمی کوردستان
بەپشتبەستن بەگۆڕانکارییە سیاسییەکانی باسکراو، دەتوانرێت سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتوی هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت.

سیناریۆی یەکەم: ڕێککەوتنی سیاسیی‌و چاکبونەوەی دامەزراوەکان: سیناریۆی ئەرێنی، پارتی‌و یەکێتیی دەگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسیی، حکومەتی نوێ پێکدەهێنن‌و چوارچێوەی هاوکاریی دامەزراوەیی زیندودەکەنەوە، ئەمە پێویستی بەسازش لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، مافی دارایی‌و هه‌ماهەنگیی ئەمنی هەیە، ئەم سیناریۆیە باشترین ڕێگه‌یە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی هەرێم، بەڵام قوڵیی ناکۆکییەکانی ئێستا ئەگەری جێبەجێکردنی سەختدەکاتەوە.

سیناریۆی دوەم: دامەزراوەییکردنی دابەشبونی سیاسیی: سیناریۆی مەترسیدار، دوو حزبەکە لەسەر بەبنبەست گەیاندنى پڕۆسەى سیاسیی بەردەوامدەکەن‌و بەهێواشی سیستەمە جیاوازەکانی کارگێڕیی‌و دارایی خۆیان فراوان دەکەن، حکومەتی هەرێم لەڕوی فەرمییەوە بەردەوامدەبێت، بەڵام دەسەڵاتی کرداریی زیاتر لەدەستدەدات، ئەم دۆخە دەکرێت تاڕادەیەک هاوشێوەی دابەشبونی بەڕێوەبردنی کوردستان لەنێوان ساڵانی 1998و 2005 بێت، هەرچەندە بارودۆخی سیاسیی‌و یاسایی ئێستا جیاوازە.

سیناریۆی سێیەم: کەمبونەوەی هێواشی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی هەرێم: مەترسیی ستراتیژیی، بەغدا دەسەڵاتی خۆی لەبوارە دارایی، کارگێڕیی‌و ئەمنییەکاندا فراواندەکات، لەکاتێکدا هێزە ناوچەییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە دولایەنەکانیان لەگەڵ ناوەندە سیاسییە کوردییەکانەوە کاریگەرییان زیاد دەبێت، لەم سیناریۆیەدا هەرێمی کوردستان پێگەی یاسایی‌و دەستوریی خۆی دەپارێزێت، بەڵام بەشێکی زیاتر لەتوانای بڕیاردانی سەربەخۆی لەدەستدەدات.

کاریگەرییە ستراتیژییەکان لەسەر سلێمانی
ئەو گۆڕانکارییانەی لەڕاپۆرتی چاتام هاوسدا باسکراون، گرنگییەکی تایبەتییان بۆ شاری سلێمانی هەیە، سلێمانی تەنها ناوەندی جوگرافی‌و سیاسیی کاریگەریی یەکێتیی نییە، بەڵکو یەکێکە لەگرنگترین ناوەندە ئابوریی، کۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر هەوڵێک بۆ دامەزراوەییکردنی بەناوەندگەراکردنی دەسەڵات، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندیی سلێمانی لەگەڵ هەولێرو حکومەتی هەرێم هەبێت.

لەمبارەیەوە دوو ئەگەری جیاواز هەن، لەلایەکەوە، فراوانکردنی دەسەڵاتی کارگێڕیی‌و دارایی دەتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ سلێمانی بڕەخسێنێت تا توانای ئابوریی‌و کارگێڕیی خۆی بەهێزتر بکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر ناوەندگەرابونى دەسەڵات زیاتر لەسەر بنەمای ملمڵانێی حزبی بێت نەک چاکسازیی دامەزراوەیی، ئەوا دەکرێت دابەشبونی سیاسیی قوڵتر بکات‌و دەستی سلێمانی لەبەشداریکردن لەسەرچاوە هاوبەشەکانی هەرێم‌و بڕیاردانی گشتیی کەمبکاتەوە، لەبەرئەوە، بەرژەوەندیی درێژخایەنی سلێمانی نابێت بەبەرژەوەندیی هیچ حزبێکی سیاسییەوە یبەسترێتەوە، داهاتوی شارەکە پەیوەندیی بەدامەزراوەی شەفاف، ڕێکخستنی دارایی، یەکگرتویی ئابوریی‌و پەیوەندییەکی جێگیری لەگەڵ هەولێرو بەغداوە هەیە.

ئەنجام‌و پێشنیازە ستراتیژییەکان
قەیرانی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان نابێت تەنها وەک قۆناغێکی دیکە لەململانێی نێوان پارتی‌و یەکێتیی لێکبدرێتەوە، ئەم قەیرانە ڕەهەندێکی قوڵتری هەیە کە پەیوەندیی بەداهاتوی شێوازی خۆبەڕێوەبردنی کوردستان‌و توانای دامەزراوەکانی بۆ کارکردن بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەبەرژەوەندییە حزبییەکانەوە هەیە، گرنگترین مەترسی لەڕوخانی فەرمیی هەرێمدا نییە، بەڵکو لەلاوازبونی هێواشیی بنەما دامەزراوەییەکانی ئەوەدایە.

هەرێم دەتوانێت پێگەی دەستوریی خۆی لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بپارێزێت، بەڵام بەشێکی گرنگ لەدەسەڵاتی سیاسیی‌و ئابوریی خۆی لەدەستبدات، لەبەرئەوە، ئەم هەنگاوانە شایانی سەرنج‌و جێبەجێکردنن:
ـ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی سیاسیی: پارتی‌و یەکێتیی پێویستە چوارچێوەیەکی نوێی هاوبەشکردنی دەسەڵات دابمەزرێنن کە تەنها لەسەر دابەشکردنی وەزارەت‌و پۆست نەوەستێت.
ـ پاراستنی دامەزراوە هاوبەشەکان: وەزارەتەکان، پەرلەمان‌و دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیی دەستوری کاربکەن، نەک لەژێر فەرمانە حزبییەکاندا.
ـ دانانی سیستەمێکی شەفافی دارایی: کۆکردنەوەو دابەشکردنی داهات دەبێت لەسەر بنەمای میکانیزمێکی ڕون‌و چاودێریکراوبێت.

ـ یەکخستنی پێگەى کورد لەبەغدا: هێزە سیاسییە کوردییەکان پێویستە ستراتیژییەکی هاوبەشیان بۆ دانوساندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی نەوت، موچە، گومرگ‌و مافە دەستورییەکاندا.

ـ ناوەندینەکردنی دامەزراوەیی، نەک حزبی: هەر گواستنەوەیەکی دەسەڵات بۆ ئاستی پارێزگا دەبێت لەگەڵ گەرەنتیی دەستوریی، شەفافیەتی دارایی‌و بەرپرسیارێتیی دیموکراتیدابێت.

ـ پێداچونەوە بەهه‌ماهه‌نگى ئەمنی: پارتی‌و یەکێتیی دەبێت میکانیزمێکی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان نەبنە هۆی لاوازبونی توانای وەڵامدانەوە بەهەڕەشە دەرەکییەکان.

ـ بەهێزکردنی دامەزراوە سەربەخۆ سیاسیی‌و ئابورییەکان: کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە پیشەییەکان، میدیا سەربەخۆکان‌و کەرتی تایبەت دەبێت ڕۆڵێکی زیاتر لەپاراستنی بەرپرسیارێتی‌و چاودێریی دامەزراوەکاندا بگێڕن.

هەڵسەنگاندنی کۆتایی
داهاتوی هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی پەیوەندیی بەقەبارەو هێزی سیاسیی پارتی یان یەکێتییەوە هەبێت، پەیوەندیی بەتوانای ئەم دوو هێزەوە هەیە بۆ پاراستنی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی هاوبەش.

خۆبەڕێوەبردنی کوردستان تەنها لەسەر بنەمای سەرکەوتنی سەربازیی یان پشتگیریی نێودەوڵەتی دانەمەزراوە، بەڵکو ئەوەی ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا، بونی ڕێککەوتنی سیاسیی، هاوکاریی دامەزراوەیی‌و توانای سەرکردایەتیی کورد بوو بۆ دانوساندنی هاوبەش لەگەڵ بەغداو هێزە ناوچەییەکان.

ئەم بنەمایانە ئێستا لەژێر فشارێکی زیاتردان، لەبەرئەوە، پرسیاری ستراتیژیی سەرەکی چیتر ئەوە نییە کە ئایا هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا دەمێنێتەوە یان نا، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسیی کاریگەر بمێنێتەوە کە توانای بڕیاردانی سەربەخۆی هەبێت، سەرچاوەکانی بەڕێوەببات‌و پێگە دەستورییەکەی بپارێزێت؟

گەورەترین مەترسی لەسەر خۆبەڕێوەبەری کوردستان لەوانەیە لەهێرشێکی سەربازیی یان دوژمنێکی دەرەکییەوە نەبێت، بەڵکو لەبەهێواشیی لەناوچونی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە ناوخۆییەوەبێت کە بوە هۆی دروستبونی ئەم خۆبەڕێوەبەرییە.

بەپەلە