شارپرێس:
بەگوێرەی نوسراوێكى فه‌رمى، دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەرکردوه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "سكاڵاكه په‌یوه‌ندیى به‌باره‌گاى پارتی سۆسیال دیموکراته‌وه هه‌یه له‌شارۆچكه‌ى ته‌كیه‌ى سه‌ر به‌قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ".
له‌و نوسراوه‌ى دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵدا كه واژۆى دادوەر محه‌مه‌د ستار عه‌بدوڵڵا-ى لەسەرە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محه‌مه‌دى حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ده‌ركردوه.
دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ له‌فەرمانه‌كه‌یدا كه ئاراسته‌ى ئاڕاستەی سه‌رجه‌م ئەندامانی ده‌سته‌ى دادوەریی‌و ئەندامانی هێزه‌كانى کراوە جه‌ختیكردوه‌ته‌وه له‌دۆزینەوەو دەستبەسەرکردنی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.
وه‌كو له‌نوسراوه‌كه‌دا هاتوه، محەممەد مەحمود ئەحمەد حەسەن کە لەناو خەڵک‌و کایەی گشتیدا بەمحەممەدى حاجى مه‌حمود دەناسرێت، ناوبراو لەدایکبوی ساڵی 1953یەو تەمەن 73 ساڵه‌و نیشتەجێی گوندى گوڵه‌خانه‌یه له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانه.
وه‌كو نوسراوه‌كه‌ى دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ ڕونیكردوه‌ته‌وه، "سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم تۆمەتبارە تۆمارکراوە بەهۆی ئەوەی لەکاتی پێویستدا ئامادەی بەردەم دادگا نەبوە، دادگا-ش بڕیاریداوە لەسەر بنەمای مادەی 11 لەیاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات كه ماده‌كه تایبه‌ته به‌یاساى لابردنى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر موڵك‌و زه‌وى".
شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت‌و ئاگاداره‌وه زانیویه‌تى، "ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندیى به‌باره‌گاى پارتی سۆسیال دیموکراته‌وه هه‌یه له‌شارۆچكه‌ى ته‌كیه‌ى سه‌ر به‌قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، چونكه لەلایەن دادگاوە بەزیادەڕەوی (تەجاوز) لەقەڵەمدراوە، بەهۆی ئامادەنەبونى سه‌رۆكى حزبەکەش لەبەردەم دادوەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سکاڵایە، دادگا به‌گوێره‌ى یاسا فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوە".
پێشتریش محەممەد حاجی مەحمود لەلێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا سەبارەت بەفەرمانی دەستگیرکردنەکەی وتبوى، "بۆیە نەچوم بۆ دادگاییکردنەکە، چونکە ئەم بارەگایەی من کە لەتەکیەیە، پێشتر هی حزبی بەعس بوەو دواتر بوە بەبارەگای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان؛ کێ خۆی بەواریسی بەعس دەزانێت، با بێتە لای من‌و بارەگاکەی پێشکەشدەکەم".
