ئێزدیه‌كان به‌ره‌یه‌كى نوێى سیاسیى پێكده‌هێنن‌و هه‌موشتێك له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلەفی ناوچەی شنگال‌و داهاتوی هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە پێشهاتێکی سیاسیى نوێی بەخۆوە بینی، پاش کۆبونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرکردایەتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بڕیارێکی نوێیان لەسەر شێوازی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بەغدا ڕاگەیاند.


عارف قه‌یرانی سەرکردەی دیار لەیەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) پاش کۆتاییهاتنی کۆبونەوەكه‌یان لەگەڵ عەلی زەیدیی، له‌په‌یامێكدا ڕایگەیاند، ئەوان وەک هێزی سەربازیی ناوچەکە، دەسەڵاتی تەواویان بەخشیوە به‌ (هاوپەیمانێتیی دۆسیەی ئێزدی) بۆ ئەوەی لەمەودوا بەناوی ئەوانەوە پڕۆسەی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بەڕێوەببات.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدا دێت، حکومەته‌كه‌ى زەیدیی پڕۆسەیەکی بەرفراوانی بۆ پێداچونەوە بەپێگەی هێزە چەکدارە خۆجێییەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا دەستپێکردوە؛ بۆیە ڕاسپاردنی هاوپەیمانێتییەکی سیاسیى لە لایەن یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)وه‌، وەک هەنگاوێک سەیردەکرێت بۆ گواستنەوەی مەلەفەکە لەچوارچێوەی سەربازییەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی سیاسیى‌و دەستەبەرکردنی مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی لەناو یاساکانی دەوڵەتدا.

هاوپەیمانێتیی دۆسیەی ئێزدی بەرەیەکی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی نوێیە لەناوچەی شنگال کە وەک چەتری فەرمی‌و دەستەی دانوستانکاری نێوان لایەنە جیاوازەکانی ئێزدیی‌و حکومەتی فیدراڵیی بەغدا کاردەکات.

ئەم بەرەیە لەدوایین پێشهاتەکاندا لەلایەن هێزە چەکدارو مەیدانییەکانی شنگالەوە، بەتایبەت (یەبەشە) بەسەرکردایەتیی عارف قه‌یرانی، متمانەو دەسەڵاتی تەواوی پێبەخشراوە بۆ ئەوەی بەنوێنەرایەتیی ئەوان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ى تائێستا یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌، یه‌كلابكرێنه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.

ئەم هاوپەیمانێتییە ڕێکخراوێکی تەنها سەربازی نییە، بەڵکو کۆکەرەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان، سەرکردەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، پیاوانی ئایینی‌و ڕێبەرانی ڕەسەنی هۆزە ئێزدییەکانی شنگالە کە دەیانەوێت بڕیارو داواکارییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی به‌یه‌كده‌نگیى بگه‌یه‌ننه‌ ناوه‌نده‌كانى بڕیار له‌به‌غدا.

ئامانجی ئەم بەرەیە گواستنەوەی دۆسیەی شنگالە لەمەلەفێکی تەنها ئەمنی‌و سەربازییەوە بۆ ناو کایەی ڕێککەوتنی سیاسیی‌و کارگێڕیی لەگەڵ بەغدا، تا بتوانن مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی، یاسایبوونی هێزە خۆجێییەکانیان‌و مەلەفی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لەناو یاساکانی دەوڵەتدا جێگیربکەن.