شارپرێس:
تیرۆرکردنی کتوپڕی یەکێک لەسەرکردە دیارە فەرەنسییەکان بەناوی (ئەبو ئهیمەن) لەڕێگهی سەرەکیی شاری حارم لەباکوری ئیدلب، مەلەفی تەمومژاوییو یەکجار هەستیاری چەکدارە بیانییەکانی لەسوریادا ڕوبەڕوی ڕای گشتیی کردەوە، پاش ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لەدەوروبەری کەمپی چەکدارە فەرەنسییەکانو تۆمەتبارکردنی دەزگا ئەمنییەکانی دیمەشق بەوەستان لەپشتی هێرشەکە، ناوەندە هەواڵگرییەکان تیشکدەخەنەسەر قەبارە، ژمارەو جوگرافیای جێگیربونی چەکدارە بیانیهكان بەگشتییو فەرەنسییەکان بەتایبەت لەناوخاکی سوریادا.
ئهبو ئهیمهن كه تائێستا ناوه ڕاستهقینهكهى نهزانراوه، یەکێکه لەسەرکردە سەرەکییەکانی کەمپی چەکدارە بیانییە فەرەنسییەکان لەنزیک شاری حارم لەباکوری ئیدلب، هۆکاری
بڵاوبونهوهى ناوهكهى لە میدیاکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەسەر ڕێگهی سەرەکیی نێوان کەمپەکەیانو شاری حارم، لەلایەن چەکدارانی دهمامكدارهوه دەستڕێژی گوللە لەئۆتۆمبێلەکەی کراو خۆییو ژمارهیهك لههاوڕێکانی کوژران.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی تیمی چاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکانو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەمەلەفی تیرۆردا، سەرەڕای ڕوخانی دەسەڵاتی جوگرافیی ڕێکخراوی داعشو گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لەدیمەشق، هێشتا زیاتر لە10 هەزار بۆ 12 هەزار چەکداری بیانی لەناوچەکانی باکورو باکوری ڕۆژئاوای سوریادا جێگیرن، زۆربەی ئەم چەکدارانەش لەژێر چەتری گروپە جیاوازەکانی وەک (حراس الدین ـ باڵی فەرمیی قاعیدە لەسوریا، الحزب الإسـلامی التركستانی)و چەندین گروپى سەربەخۆی دیكهدا لەپارێزگای ئیدلبو دەوروبەریدا نیشتەجێنو خاوەنی کەمپو جومگەی سەربازیی تایبەت بەخۆیانن.
فەرەنسا لەپێشەنگی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە بوو کە لەسەرەتای تەقینەوەی جەنگی ناوخۆی سوریاوە، زۆرترین ژمارەی هاوڵاتیانی ڕویان لەکایە چەکدارییەکانی سوریا کرد، ئامارە فەرمییە هەواڵگرییەکانی فەرەنسا جەختدەکەنەوە، زیاتر لەههزارو 700 كهسى فەرەنسی گەشتی سوریایان کردبوو، ئێستاش پێکهاتەی ئەوان بەمشێوازە دابەشبوە، چەکدارە چالاکەکان لەئیدلب: لەئێستادا پێشبینیدەکرێت لەنێوان (100 بۆ 150) چەکداری باڵای فەرەنسی بەتەواوی لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپه توندڕەوەکانی ئیدلبو حارمدا مابنەوە کە زۆربەیان لەچوارچێوەی (گروپی فەرەنسییەکان) یان هاوشانی چەکدارە مەغریبیو تونسییەکان کاردەکەن.
ههروهها باس لهوهشدهكرێت، بەشێکی دیكهى زۆری خێزان، ژنانو منداڵانی فەرەنسی لەکەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادان (وەک کەمپی هۆڵو ڕۆژ)، کە ژمارەیان لەنێوان 150 بۆ 200 ژنو ومنداڵ دەخەمڵێندرێتو پڕۆسەی گەڕاندنەوەیان بۆ پاریس بەشێوازێکی زۆر خاو بەڕێوەدەچێت.
کەمپی چەکدارە فەرەنسییەکان لەنزیک شاری حارم لەباکوری ئیدلب، وەک ناوچەیەکی داخراوو جیاواز سەیر دەکرێت، لێدوانی چەکدارە فەرەنسییەکان پاش کوژرانی ئەبو ئهیمەن نیشانیدەدات، ئەوان هەست بەمەترسیی لهناوبرددن دەکەنو پێیانوایە، لەپاش ڕێککەوتنە دیپلۆماسییە نوێیەکانی دەسەڵاتی دیمەشقو گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بڕیاردراوە کۆتایی بەبونی چەکدارە ئەوروپیەکان بهێندرێت لەناوچەکەدا، چونکە بونی ئەوان لەم قۆناغەدا بارگرانییەکی قورسی سیاسییە بەسەر تەواوی لایەنە ناوخۆیییەکانەوە لەسوریادا.
