شارپرێس:
بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا لەبەکارهێنانی
ئاسمان یان خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی سەربازیی دژ بەکۆماری ئیسلامیی ئێران،
بزوتنەوەکە جەختدەکاتەوە، ئەم هەنگاوە وەک پێشێلکردنی ڕونیی سەروەریی عێراق سەیر دەکرێتو
بهگوێرهى بڕیاری سەرکردایەتییەکەیان، وەڵامی توندیان دەبێت.
عەلی فەتلاوی وتەبێژی فەرمیی بزوتنەوەکە ڕایگەیاند، ئەوان تەنها لەوکاتەدا
پابەندی بێلایەنی دەبن کە خاکی عێراق نەکرێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی
دراوسێ، دهشڵێت، "پێویستە واشنتۆن پابەندبێت بەبەزاندنی ئاسمانی عێراقو هەر
پێشێلکارییەک ڕوبەڕوی هەڵوێستی توندی ئەوان دەبێتەوە کە جۆری وەڵامەکەش لەلایەن سەرکردایەتییەوە
بهگوێرهى بارودۆخی قۆناغەکە دیاریدەکرێت.
سەبارەت بەدۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک، فەتلاوی پشتڕاستیکردەوە،
"بزوتنەوەکەمان بەهیچ شێوازێک چەکەکانی ڕادەستنەکردوە، ڕێککەوتنی نوێی نێوان
لایەنەکان تەنها تایبەتە بەڕێکخستنو كۆنترۆڵكردنى چەک لەماوەی نێوان ئەیلولی 2026
تا حوزەیرانی 2027، نەک سەندنەوە یان دانانى چهكو ڕادهستكردنى بهدەوڵەت".
ئەم هۆشدارییە توندە لەکاتێکدا دێت، یەکەکانی سهر بهبهرهى موقاوهمهى
ئیسلامی لەعێراق ڕایانگەیاندوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا دەیان پێشێلکاریی ئاسمانیی فڕۆکە
جەنگیو سیخوڕییەکانی ئەمریکایان تۆمارکردوە، هاوکات ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکانیش
ئاشکرایانکردوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەسەر ئاسمانی عێراقو چەند
وڵاتێکی ناوچەکە، مانۆڕو ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامداوە بۆ هاوشێوەکردنی
لێدانی کتوپڕی بنکە ستراتیژییەکانی ناو ئێران.
