شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
پڕۆسەی تێکەڵکردنو جێگیربونی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرو
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو فەرمانگەو دەزگاکانی دەوڵەتی سوریادا گەیشتوەتە
قۆناغەکانی کۆتایی، بەڵام چەندین مەلەفی هەستیاری ئەمنیی، کارگێڕییو خزمەتگوزاریی
هێشتا بەتەواونەکراوی ماونەتەوە، بهگوێرهى بەدواداچونەکانی شارپرێس، ڕاگەیاندنی
فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەم پڕۆسەیە تەنها لەچوارچێوەی دروشمو گوتاری سیاسیدا کورتنابێتەوە،
چونکە هێشتا پرسی مافەکانی فەرمانبەران، موچەو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێی جێگەی
مشتومڕی قورسن.
ڕێککەوتننامەی 29ی کانونی دوەمی 2026 لەنێوان حکومەتی سوریاو هەسەدەدا،
دەروازەی بەڕوی ئاگربهستو تێکەڵکردنی قۆناغ بەقۆناغی هێزە سەربازیی، ئەمنییو
کارگێڕییەکاندا واڵاکرد، زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس ئاشکرایدەکەن، بۆ جێبەجێکردنی
ئەم بڕیارە سێ لیژنەی سەرەکی بونیادنراون: لیژنەی سەربازیی هەسەدە، لیژنەی ئاسایشو
لیژنەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەڵام تائێستا هیچ ڕێژەیەکی فەرمیی یەکگرتوو
بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە ڕانەگەیەندراوەو لێدوانەکانی ئەحمەد هێلالی جێگری پارێزگاری
حەسەکە لەسەرەتای مانگى ئەیلولدا نیشانیدەدەن، مەلەفەکە هێشتا کراوەیەو کاتێکی جێگیر
بۆ یەکلاکردنەوەی کاروبارە کارگێڕیی، تەکنیکیو ئەمنییەکان لەئارادانییە.
هێزە سەربازییەکانو ئاسایش؛ ڕاهێنان لەنەبکو پێکهێنانی لیوای عەفرین
پاشئەوەی مەزڵوم عەبدی لە25ى ئابی 2026دا کۆتاییهاتنی ڕۆڵی هەسەدەی وەک
هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگرت، پڕۆسەی ڕاهێنانو دیاریکردنی ئەرکو جێگیرکردنی هێزەکان
بەردەوامبوو، بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی لە20ى ئۆکتۆبەردا بڵاوکرانەوە، چوار لیوای
(حەسەکە، قامیشلۆ، دێریکو کۆبانێ) پڕۆگرامی ڕاهێنانی سەربازییان لەناوچەی (نەبک)
بەکۆتایی گەیاندوە.
زانیارییە فەرمییەکانی شارپرێس دەریدەخەن، بۆچونی کشانەوەی هەسەدە بەمانای
کۆتاییهاتنی تەواوی هەنگاوەکان نییە لەسەر عەرزداو هێشتا کاری تەکنیکی ماوە،
هاوكات هێڵێکی دیكهى گرنگ کە شارپرێس بەدەستیهێناوە، دروستکردنی لیوایەکی تایبەتە
بۆ ناوچەی عەفرین.
لەسەر مەلەفی ئاسایش، پڕۆسەی پشکنینی ناوو دۆسیەی کەسەکان بۆ جێگیربونیان
لەناو پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا بەردەوامە، لیستی سەرەتایی لەمانگى حوزەیراندا
ناوی نۆ هەزار ئەندامی تێدابوو (کە هەزاریان ژن بون)، بەڵام ژمارەی کۆتایی پاش
وردبینیی بەڵگەنامەکان یەکلادەبێتەوە، بهگوێرهى زانیارییەکانی شارپرێس، بەشێک لەفەرمانگە
ئەمنییەکان هێشتا نەگەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی تێکەڵبون، کە ئەمەش دەیسەلمێنێت گۆڕانکارییەکە
تەنها گۆڕینی ناو یان ڕادەستکردنی باڵەخانەکان نییە، بەڵکو بابەتێکی ڕیشەیی پهیوەست
بەبەڕێوەبردنی ڕۆژانەی شارو گوندەوارەکانە.
فەرمانگەکانو خزمەتگوزاریی؛ کێشەی مۆڵەتو موچەی سێ مانگ
زانیارییەکانی شارپرێس پشتڕاستیدەکەنەوە، تائێستا سێ دامەزراوەی خزمەتگوزاریی
بەتەواوی دەستیان بەپڕۆسەی تێکەڵبون نەکردوە، چونکە بابەتەکە تەنها گواستنەوەی فەرمانگەیەک
نییە، بەڵکو یەکخستنی داتای فەرمانبەران، سیستەمی کارکردنو سەرچاوە داراییەکانە،
پرسی موچەش نیشانەی ناهاوسەنگیی مەرجەکانە؛ لەکاتێکدا بەشێک لەفەرمانبەرانی تێکەڵبوو
چەند مانگێکە موچە لەدەوڵەتی سوریا وەردەگرن، داتاکانی ئۆکتۆبەر ئاشکرایدەکەن،
کارمەندانی تەندروستی لەحەسەکە پاش چونە ناو وەزارەتی تەندروستی، ماوەی سێ مانگە بێ
موچە ماونەتەوە، ئەمەش کێشەی کاتو مەرجی وەرگرتنی شایستە داراییەکان دەهێنێتە
ئاراوە.
تایبەتمەندیی ناوچەکەو خوێندنی زمانی کوردی
هەرچەندە لەڕۆژى 29ی کانونی دوەمدا باسی تایبەتمەندیی ناوچەکەو مافەکانی
کورد کراوە، بەڵام هێشتا پێویستییەکی زۆر بەڕونکردنەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی خۆجێیو
سنوری دەسەڵاتەکان بهگوێرهى یاساکانی سوریا هەیە، یاسای ژمارە 107ی ساڵی 2011
چوارچێوەی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لەسوریادا ڕێکدەخات، بەڵام لێکۆڵینەوە یاسایییە نوێیەکان
دەڵێن، ئەم یاسایە خۆی گەرەنتیی بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەری خاوەن دەسەڵاتی ڕون
ناکات؛ بۆیە پێویستە دەسەڵات، بودجەو شێوازی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرەکان بەتەواوی دیاریبکرێت.
زمانی کوردیش یەکێکە لەمەلەفە سەرەکیو بنەڕەتییەکانی ئەم پڕۆسەیە؛ بڕیارنامەی
ژمارە 13ی ساڵی 2026 زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناساندو ڕێگەی بۆ خوێندنی لەقوتابخانەکاندا
واڵاکرد، بەڵام بهگوێرهى بەدواداچونەکانی شارپرێس لەڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاری وەزارەت،
خوێندنی زمانی کوردی کورتکردوەتەوە تەنها لەسێ وانە لەهەفتەیەکدا؛ بەجۆرێک وانەکانی
وەک (جوگرافیا، مێژوو، کۆمەڵناسیو فەلسەفە) دەکرێت بەکوردی بخوێندرێن، بەڵام وانەکانی
(بیرکاریو زانستەکان) بەزمانی عەرەبی دەمێننەوە، ئەمەش لەویستو داواکاریی ڕاستەقینەی
قوتابیانو مامۆستایان بۆ خوێندنی تەواو بەزمانی دایک دورە.
پڕۆسەی تێکەڵکردنی ڕۆژئاوای کوردستان قۆناغێکی سیاسیىو سەربازیی
گرنگی بڕیوە، بەڵام لەسەر عەرزدا ڕوبەڕوی چەندین ههڕهشهى کرداریی بوەتەوە، پێوەری
کۆتایی تەنها ڕاگرتنی دەقو بڕیارەکان نییە، بەڵکو شێوازی جێبەجێکردنی کرداریی ئەوانو
پاراستنی مافەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت لەمەلەفی زمانو بەڕێوەبردندا بنەمای سەرەکین.
