لەدوژمنایه‌تیه‌وه‌ بۆ هاوپەیمانيی... چۆن ئەفغانستان بوو بەقوڵایی ستراتیژیی ئێران؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەساڵی 1998دا، هێزەکانی ئێران لەلێواری هێرشکردنەسەر ئەفغانستاندا بون، ئەمەش پاشئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان، 10 دیپلۆماتی ئێرانی‌و ڕۆژنامەنوسێکی لەشاری مەزاری شەریف لەباکوری ئەو وڵاتە کوشت، قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودس، لەدرێژەی زۆربەی ساڵانی نەوه‌ده‌كانى سەدەی ڕابردودا جەنگێکی بەوەکالەتی دژ بەتاڵیبانی پاڵپشتیکراو لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرد، ئەم ململانێیە تا هێرشەکانی 11ی ئەیلولی 2001 بەردەوامبوو، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دوپاتیانکردوەتەوە، خودی سولەیمانی لەڕێگەی پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگریی زۆر وردو پاڵپشتیی لۆجیستی، هاوکاریی ئه‌مریكاى کردوە بۆ ڕوخاندنی تاڵیبان، دوژمنکاریی نێوان ئێران‌و تاڵیبان گەیشتبوە ئاستێک کە واشنتۆن‌و سوپای پاسدارانی ئێران ناچاربن دژ بەدوژمنێکی هاوبەش هاوکاریی یەکتر بکەن.


ئەمڕۆ، دوای نزیکەی سێ دەیە، هاوکێشەکە بەتەواوی پێچەوانە بوەتەوە؛ بەوپێیەی ئێران بوەتە دیارترین هاوپەیمانی سەربازیی‌و هەرێمیی تاڵیبان‌و توانیویەتی پێگەی دێرینی هەژمونی پاکستان لەو وڵاتەدا پاشەکشە پێبکات، هاوكات ڕوسیاو چینیش لای خۆیانەوە پشت بەتەوەری (تاران-کابول) دەبەستن بۆ بەرەنگاربونەوەی هەژمونی ئەمریکا لەئاسیای ناوەڕاست‌و باشوری ئاسیادا.

لەگەڵ تێڕوانینی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕەکانی دژ بەئێران لەدوای هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس، پەیوەندییە گەشەسەندوەکانی نێوان تاران‌و تاڵیبان قوڵاییەکی ستراتیژیی نوێ دەبەخشێتە ڕژێمی ئێران.

ماڵپه‌ڕى (المجله‌)ى سعودى نوسیویه‌تى، ئەی چۆن بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوی دژەشیعەی وەک تاڵیبان، لەکۆتاییدا گەیشتە هاوپەیمانێتییەکی هێندە توند لەگەڵ ئێراندا؟ له‌وەڵامیشدا ده‌ڵێت، "وه‌ڵامه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزترە لەوەی لەسەرەتادا دەردەکەوێت، هاوكات پەردە لەسەر پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان تاران‌و ڕێکخراوی "قاعیدە" لادەدات.

چۆن ئێران پێگەی هاوپەیمانی سەرەکیی تاڵیبانی لەپاکستان سەندەوە؟
نزیکەی ساڵی 2010، فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا دەستیانکرد بەتۆمەتبارکردنی ئێران بەپاڵپشتیکردنی چەکداریی تاڵیبان دژ بەهێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لەئەفغانستاندا، هەرچەندە پاکستان ئەو لایەنەبوو کە باوەشی بۆ بزوتنەوەکە واڵا کردبوو، حەشارگەی ئارامی بۆ دابیندەکردن‌و یارمەتیدەریشیان بوو بۆ سەرکوتکردنی ناتۆ، بەڵام دواجار کۆنترۆڵی ئیسلامئاباد (پاکستان) بەسەر بزوتنەوەکەدا پاشەکشەیکرد، لەکاتێکدا ئێران توانیی لەداڕشتنی مانۆرەکاندا سەرکەوتن بەسەر هەواڵگریی پاکستان‌و ئەمریکییەکاندا لەیەککاتدا بەدەستبهێنێت.

ماوەیەکی کورت دوای ئەو هێرشە سەربازییەی ئەمریکا بەهاوکاریی سولەیمانی‌و سوپای پاسداران ئەنجامیداو بوە هۆی ڕوخانی حوکمی یەکەمی تاڵیبان، ناکۆکییەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەسەر داهاتوی دەسەڵات لەئەفغانستاندا سەریانهەڵداو هاوکاریی نێوان سولەیمانی‌و سوپای ئەمریکا پەکیکەوت، بەڵام عێراق هۆکاری سەرەکیی هەرەسهێنانی ئەو هاوبەشییەبوو؛ چونکە لەوێشدا سولەیمانی هاوکاریی ئەمریکییەکانی کرد بۆ ڕوخاندنی سەدام حوسێن، پێشئەوەی دوای چەند ساڵێکی کەم، تێڕوانینی هەردولا سەبارەت بەچۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە بەتەواوی لێک جیاببێتەوە.

ئەگەر دابەشبونی سوننەو شیعە هۆکاری سەرەکیی ڕونکردنەوەی سروشتی ململانێکان بێت لەعێراقدا، ئەوا دیمەنی ئەفغانستان زۆر ئاڵۆزتربوو، تاجیکە فارسیزمانەکان کە دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلول گەیشتنە دەسەڵات، سەر بەمەزهەبی سوننەن‌و سەرەڕای پەیوەندییە کولتوریە قوڵەکانیان لەگەڵ ئێرانییەکاندا، بەڵام لەڕوی مەزهەبییەوە لەگەڵیاندا هاوبەش نین، لەبەرامبەردا، ئەمریکییەکان ژمارەیەکی زۆر لەهەزارەکانیان (کە یەکێکە لەدیارترین پێکهاتە شیعەکانی ئەفغانستان) بۆ شەڕکردن لەڕیزی خۆیاندا چه‌كداركرد، ئەمەش وایکرد بۆ ئێران زۆر قورس بێت کە بتوانێت لایەنگرییان بەدەستبهێنێت، لانیکەم لەسەر گۆڕەپانی ئەفغانستاندا.

هاوکات، متمانەی تاڵیبان بەپاکستان بەرەو نەمان چوو، وەک ئەوەی مەلا عەبدولسەلام زەعیف لەکتێبەکەیدا (ژیانی من لەگەڵ تاڵیباندا) دەیگێڕێتەوە؛ چونکە سوپای پاکستان چەندین فەرماندەی بزوتنەوەکەی (لەنێویاندا خودی زەعیف)ى دەستگیرکردو ڕادەستی ئەمریکییەکانی کرد کە دواتر گواسترانەوە بۆ گرتوخانەی گوانتانامۆ، لێرەدا سەرکردایەتیی تاڵیبان تێگەیشت کە پاکستان کاتێک لەژێر فشاری توندی ئەمریکادابێت، لەڕادەستکردنی فەرماندەکانیان دودڵ نابێت.

وه‌كو پێگه‌ سعودیه‌كه‌ نوسیویه‌تى، "بەمشێوازە، بزوتنەوەکە دەستیکرد بەگەڕان بەدوای هاوپەیمان‌و پاڵپشتیکەری نوێدا، تا لەناو ئێران‌و ڕوسیادا (کە سەرسەخترین دوژمنەکانی ڕابردوی بون) شەریکی ئەگەری بدۆزێتەوە، هاوشانی ئەمەش، تاڵیبان دەستیکرد بەچاوخشاندنەوە بەبیروباوەڕە توندەکانی دژ بەشیعەو ئاراستەی نیشاندانی نەرمی‌و لێبوردەیی زیاتری بەرامبەر بەشیعەکان لەناوخۆی ئەفغانستاندا گرتەبەر.

لەتێڕوانینی تاڵیباندا، پاکستان لەکۆتاییدا دەوڵەتێکبوو کە لەلایەن سوپایەکی پاڵپشتیکراو لەلایەن ڕۆژئاواوە بەڕێوەدەبراو هەمیشە ئامادەبوو سوجدە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا ببات، لێرەدا تاران دەرفەتەکەی قۆستەوە؛ پاشئەوەی لەنەوه‌ده‌كاندا شایەتی باڵادەستیی پاکستان‌و دورخستنەوەی ئێرانییەکان بوو لەسەر گۆڕەپانی ئەفغانستان، ئێستا ئێران‌و سولەیمانی به‌پەرۆشبون بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو شکستە مێژوییە، ئەمەش پێویستی بەپاڵپشتیکردنی پاشماوەکانی "قاعیدە" دەکرد کە چەکدارەکانیان لەناو چیاکانی سەر سنوری ئەفغانستان-پاکستان حەشاردابوو.

پاڵپشتیی ئێران بۆ تاڵیبان‌و قاعیدە هاوسەنگیی هێزی گۆڕیی
فەریق مایکل فلین کە سەرۆکایەتیی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکای لەعێراق‌و ئەفغانستاندا دەکرد، یەکەم ژەنەراڵی ئەمریکی بوو کە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لەسەر پاڵپشتیی ئێران بۆ ڕێککەوتنی "قاعیدە" پێشکەشکردو ڕۆڵی ئێرانییەکانی لەگواستنەوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لەئەفغانستانەوە بۆ عێراق واڵاکرد.

(ئەدریان لێڤی) لەکتێبەکەیدا (دورخرانەوە: ڕاکردنی ئوسامە بن لادن)، بەوردی باس لەو ڕۆڵە دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران لەپاراستن‌و حەواندنەوەی خێزانی بن لادن لەناوخۆی ئێراندا گێڕاویەتی، لەپاڵ داڵدەدانی سەرکردەکانی دیكه‌ى قاعیدە، لەنێویاندا (سەیف ئەلعەدل) کە لەئێستادا سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکە دەکات‌و تائێستاش لەناوخۆی ئێراندا نیشتەجێیە.

ئه‌و كتێبەکە به‌وردى باسیده‌كات، چۆن سەرکردەکانی تاڵیبان‌و قاعیدە لەسەرەتادا لەپاکستان حەشارگەیان دۆزییەوە، پێشئەوەی ئێران سەرکەوتوبێت لەزاڵكردنى هەژمونی خۆی بەسەر ئەو سەرکردایەتییانەدا، لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتاییهاتنی شەڕی ئەمریکا لەئەفغانستان لەساڵی 2021دا، تاران زۆر په‌له‌یكرد تاوه‌كو جێگرەوەی سەرەکیی ئه‌مریكا مەلەفی چاودێریی ئەفغانستان هاوشانی ڕوسیا‌و چین بگرێتە دەست.

سەرکردایەتیی تاڵیبان 20 ساڵ چاوەڕوانیکرد تا تۆڵە لەپاکستان بکاتەوە، پاشئەوەی سوپاکەی دژ بەئه‌وان وەستایەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیسلامئاباد حەشارگەی ئارامی بۆ دابیندەکردن، بەڵام پێگەکەی لەسودی ئێراندا دۆڕاند، کە توانیی لەڕێگەی گوتاری دوژمنکاریی هاوبەش دژ بەئەمریکا، بزوتنەوەکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، لەگەڵ زیادبونی وەبەرهێنانەکانی ڕوسیاو چین لەئەفغانستاندا، پەکین بەتایبەتی چاوەڕوانی جێگیربونی ئاسایشی ئەم وڵاتە دەکات، لەبەرامبەر ئەو پشێوییانەی پاکستان بەخۆوەی دەبینێت‌و زیانی گەورەی لەوەبەرهێنانەکانی چین لەبەلوچستاندا داوە.

چین پارەدارکردنی دروستکردنی چەندین ڕێگاوبان‌و هێڵی شەمەندەفەری لەسنورەکانی چین-ئەفغانستانەوە بۆ کابول گرتوەتە ئەستۆ کە لەوێشەوە دەگاتە بەندەر عەباسی ئێران، ڕوسیاش ڕێڕەوی وشکانیی ئەفغانستان بۆ گەیاندنی پێداویستی لۆجیستی بۆ ئێران لەکاتی هێوربونەوەی شەڕەکاندا بەکاردەهێنێت.

سەبارەت بەتارانیش، ئەفغانستان لەساتێکدا دەرکەوت کە ئێران لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەقوڵاییەکی ستراتیژیی نوێ بوو، پاشئەوەی کۆنترۆڵی فەرمیی بەسەر سوریادا لەدەستداو تواناکانی "حزبوڵڵا"ش پاشەکشەی توندی بەخۆوە بینی، ئێران لقی کارگەی بەرهەمهێنانی درۆنی "ئەبابیل-2"ی لەتاجیکستان لەساڵی 2022دا کردەوە، کە شەش هەزار سەربازی ڕوسی تێدا جێگیرە، ئەم ڕێککەوتنەش پشت بەخاکەکانی ئەفغانستان دەبەستێت بۆ بەستنەوەی ئێران بەئاسیای ناوەڕاستەوە لەڕێگەی کابولەوە.

ئەگەر شەڕی دژ بەئێران دەستپێبکاتەوە، ئەفغانستان دەبێتە قوڵاییە ستراتیژییەکەی؛ چونکە پەیوەندیی نێوان تاران‌و کابول لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئەمنی‌و پشتبەستنی هاوبەش بونیادنراوە، نەک لەسەر بنەمای پەیوەندیی ئایینی یان مەزهەبی، بەڵام پارادۆکسەکە لەوەدایە کە تاڵیبان بزوتنەوەیەکە زۆرینەی لەپشتونەکان پێکهاتووە کە سەر بەپێکهاتە فارسیزمانەکان نین، لەکاتێکدا تاجیک، ئۆزبەک‌و هەزارەکان کە فارسیزمانن، ئەمڕۆ لەدەرەوەی تەواوی حساباتی پاڵپشتییەکانی ئێراندایە.