شارپرێس:
پارتیی یهکسانیو دیموکراسیی گەلان (دهم پارتى) داوا لەدەسەڵاتدارانی
تورکیا دەکات بەبێ دواکەوتنی زیاتر، هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری دیموکراتیی پرسی
کورد بنێنو پڕۆسەی ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراتی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، جێگری
سەرۆکی فراكسیۆنهكهش لهپهرلهمانى توركیا هۆشداریدهدات، "شکستهێنان لەچارەسەکردنی
پرسی کورد لەمێژوی 100 ساڵەی کۆماردا ئاستەنگی گەورەی بۆ وڵاتەکە دروستکردوە"،
دهشڵێت، "کۆمار لەلایەن ڕژێمێکەوە ڕاگیراوە کە لەدیموکراسیو ئازادییەکان ڕادەکات".
سەزای تەمەللی جێگری سەرۆکی فراكسیۆنى پەرلەمانیی پارتیی یهکسانیو
دیموکراسیی گەلان (دهم پارتى) ڕایگەیاند، تێپەڕاندنی کێشەو گرفتە قوڵەکانی ئێستا،
پێویستی بەدیموکراتیزەکردنی کۆمار هەیە؛ هاوكات جەختی لەسەر پێویستیی بونیادنانی دەوڵەتێکی
دیموکراتیو یاسایی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان کردەوە.
تەمەللی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەناو تەلاری پەرلەمانى توركیا،
باسی لەدوایین پێشهاتە سیاسییەکان کردو ئاماژەی بەوەدا، چارەسەری دیموکراتیی پرسی
کورد خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، بۆیه داوادهكهن هەنگاوە
پێویستەکان بەبێ دواکەوتنو لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتییو کۆمەڵگەی دیموکراتیدا بنرێن.
ناوبراو تیشکیخستەسەر ئەوەی، "پرسی کورد لەمێژوی 100 ساڵەی کۆماردا
بەناچارەسەکراوی ماوەتەوە، ههربۆیه فەشەلهێنان لەچارەسەکردنیدا، ئاستەنگی گەورەی
بۆ تورکیا دروستکردوە، پڕۆسەی ئێستاش دەرفەتێکی زۆر گرنگە، لەسەر بنەمای ئەو بەیاننامەیەی
لە27ى شوباتی 2025دا دەرچوو، ئێمەی خستەسەر ڕێڕەوی چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد،
کۆمەڵگەی تورکیا چاوەڕوانە کە هەنگاوەکان لەم مەلەفەدا بەبێ دواکەوتنی زیاتر بنرێن،
بەم پێیەش، چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد، گرنگترین هەنگاوە بۆ خۆشکردنی ڕێگه لەبەردەم
دیموکراتیزەکردنی گشتگیرو دیموکراتیزەکردنی کۆماردا".
تەمەللی ئهوهشى وت، "ئێمه دەمانەوێت کۆمارێک لەسەر بنەمای
هاوڵاتیبونی یەکسان بونیادبنێینو گەیشتنیش بەم ئامانجە، پێویستی بەبونیادنانی کۆمەڵگەیەکی
دیموکراتی هەیە، ئەمڕۆش کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەین، باس لەئازادیی ڕۆژنامەگەری،
ئازادیی دەربڕینو قەدەغەکاریی سیاسیی دەکەین، لەژێر ئەم مەرجانەدا، مەحاڵە کۆمار
دیموکراتیزە بکرێت، لەبەر ئەم هۆکارەش، دەبێت بەبێ دواکەوتن هەنگاوی ڕاستەقینە بنێین
بەرەو کۆمارێکی دیموکراتی کە تێیدا ئازادیی ڕۆژنامەگەرییو ئازادیی دەربڕین بەتەواوی
دهستهبهربکرێنو مافەکانی مرۆڤو مافە بنەڕەتییەکان پارێزراوبن".
سهزاى تەمەللی بەردەوامبوو لهپهیامهكانىو وتى، "هێشتا زیندانیی
سیاسیی لەم وڵاتەدا هەن، پێویستە ئێمە ئەو هۆکارانە نەهێڵین کە دەبنە هۆی زیندانیکردنی
سیاسیی، فیگەن یوکسەکداغ، سەڵاحەدین دەمیرتاشو چەندین هاوکارمان ئەمڕۆ لەئەنجامی
دۆسیەی پیلانگێڕیی کۆبانێدا لەزینداندان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هەڵبژێردرابون، جان
ئەتەلای لەزینداندایە، چونکە دەستوری ئێستا جێبەجێناکرێت، بڕیارەکانی دادگای مافەکانی
مرۆڤی ئەوروپاش ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە دەبینین کە کۆمار لەلایەن ڕژێمێکەوە
ڕاگیراوە کە لەدیموکراسیو ئازادییەکان ڕادەکات؛ بەڵام کۆمار دەبێت لەگەڵ دیموکراسیدا
گونجاوبێت، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی بەردەوام تەنها لەڕێگەی دەوڵەتێکی دیموکراتیو یاسایی
لەسەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان بەدیدێت، بۆیە پێویستە لەزوترینکاتدا دەوڵەتێکی لەمشێوازە
دابمەزرێنین".
تەمەللی لەکۆتاییدا ڕونیكردهوه، "دیموکراسی بهگوێرهى دۆخی
ناو زیندانەکان هەڵدەسەنگێندرێت، بەوە پێوانە دەکرێت کە خەڵک تا چەند بەئازادی دەتوانن
گوزارشت لەخۆیان بکەن، بەمافە سەندیکاییەکان، بەڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لەسیاسەتو
ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەئاستی هەژاریی لەوڵاتدا دەناسرێتەوە، کاتێک سەیری سەرجەم ئەم
پێوەرانە دەکەین، بەڕونی دەبینین کە هەژاریی توندو توندوتیژی دژ بەژنان بەردەوامە،
دەبینین کە دەستی کار بەشێوازێکی زۆر قورس دەچەوسێندرێتەوەو کرێکاران لەژێر هێڵی هەژارییو
هێڵی برسێتیدا دەژین، گومان لەوەدانییە کە ڕێگهی تێپەڕاندنی سەرجەم ئەم مەرجە نالەبارانە،
تەنها لەدیموکراتیزەکردنی کۆمارەوە دەستپێدەکات".
