شارپرێس:
کەرتی وزەو ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستانو عێراق وەرچەرخانێکی
ستراتیژیی گەورەی بەخۆوە بینی، شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای
کار گروپ، بەفەرمی سەرکەوتنی پڕۆژەی نیشتمانیی بەستنەوەی تۆڕی گازی سروشتیی لەکێڵگەی
کۆرمۆرەوە بۆ پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند، وهكو ئاشكراشیكردوه، "ئەمە هاوکاتە لەگەڵ
بازدانی پێوانەیی بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە بۆ نیو
ملیۆن بهرمیل نهوتى ڕۆژانه".
بهگوێرهى پەیامێکی فەرمیی شێخ باز بەرزنجی لەپلاتفۆرمی ئێكس، پڕۆژەی
بەستنەوەی تۆڕی گازی سروشتی لەقۆناغێکی زۆر هەستیاردا تەواوکراوە، دهشڵێت،
"لەمەودوا گازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر لەچەمچەماڵەوە، لەڕێگەی تۆڕێکی
فراوانو یەکگرتوی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ دهۆک، تاوەکو ڕاستەوخۆ بگاتە وێستگەکانی
بەرهەمهێنانی کارەباو کارگەو دامەزراوە پیشەسازییەکان، ئەمەش هەنگاوێکی بنەڕەتییە
بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزەو بوژانەوەی ئابوریی".
ناوەندی نیشتمانیی یاسا، ستراتیژو دیپلۆماسیی وزەی کوردستانیش بڵاویكردوهتهوه،
هاوکات لەگەڵ پڕۆژەی غازدا، بڕی نەوتی هەناردەکراوی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆی عێراق
لەڕێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە بازدانی گەورەی بەخۆوە بینیوەو لە250 هەزار بەرمیلەوە
بۆ 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبوەتەوە، لهو ڕوهشهوه وهكو شێخ باز ئاماژهى
پێكردوه، "کۆمپانیای کار سوپاسو پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە
کردوه کە هاوکاربون لەبەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە".
شێخ باز بەرزنجی جەختیکردوهتهوه، "ئەگەر بۆریی نەوتی
کوردستان بگاتە ئەوپەڕی توانای هەناردەکردنی خۆی کە یەک ملیۆن بەرمیلە لەڕۆژێکدا،
ئەوا نزیکەی 33٪ی کۆی گشتیی نەوتی عێراق لەڕێگەی بۆریی هەرێمەوە دەگاتە بازاڕەکانی
جیهان، ئەمەش دەروازەکانی هەناردەکردنی وڵات فرەچەشن دەکات".
پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆرو گەیاندنی بۆرییەکەی بۆ دهۆک، یەکێکە لەگەورەترین
پڕۆژەکانی وزە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی کارەبا، ئەم پێشهاتە کردارییە پاش کۆبونەوەی
وهفدى باڵای عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دێت کە تێیدا خشتەی
کاتی بۆ چارەسەری کۆتاییی دۆسیەکانی نەوتو کارەبا داڕێژرابوو.
