شارپرێس:
ئەنجومەنی زانکۆی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، سەرەڕای پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی تێکەڵبون (ئینتیگراسیۆن)، بەڵام بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای سوریا وەڵامدەرەوەی داواکاریی خوێندکارانو تایبەتمەندییە ئەکادیمیو مێژوییەکانی ناوچەکە نین، ئەنجومەنەکە داوادەکات، "زانکۆکە ئەمساڵ بەپێگەی ئێستای خۆیەوە بەردەوامبێت، هیچ بەشێک دانەخرێتو گفتوگۆکانیش لەسەر بنەمای دامەزراندنی زانکۆیەکی تایبەتو سەربەخۆ بۆ ناوچەکە بەردەوامییان هەبێت".
بەیاننامەکە لەباڵەخانەی زانکۆی ڕۆژئاوا لەشاری قامیشلۆ، بەپشتبەستن بەبەشداریکردنی خوێندکارانو مامۆستایان، لەلایەن ڕۆژین ئۆسۆ هاوسەرۆکی زانکۆو خەلیل حوسێن مامۆستای زانکۆوە خوێندرایەوە.
ئەنجومەنەکە لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لەسەرەتای پڕۆسەکەوە پاڵپشتیی تێکەڵبونیان کردوەو لەمانگەکانی ڕابردودا ئامادەکاریی جدییو بەرفراوانیان بۆ پێشخستنی خوێندنی باڵا گرتوەتەبەر، بەڵام پاش کۆبونەوەی کۆتاییو هەڵسەنگاندنی داواکاریی خوێندکاران، ئەنجومەنەکە گەیشتوەتە ئەو دەرەنجامەی کە بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای سوریا لەسەر زانکۆکە، لەئاستی چاوەڕوانییەکانیاندا نینو وەڵامی داواکارییە ڕەواکان نادەنەوە؛ بهگوێرهى بەیاننامەکە، ئەم بڕیارانە لەڕاستیی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتیو مێژویی ناوچەکە دورن.
ئەنجومەنەکە داوای لەوەزارەت کردوه کە تایبەتمەندیی ناوچەکەو کوردبونی زانکۆی ڕۆژئاوا لەبەرچاو بگرێت، هاوكات داوایکردوه، زانکۆکە لەساڵی خوێندنی ئەمساڵدا بەتەواوی پێگەو سیستمی ئێستایەوە بمێنێتەوە، تائەوکاتەی لەڕێگەی گفتوگۆوە دەگەنە فۆرمۆلەیەکی گونجاو کە تایبەتمەندییە نەتەوەیی، ئەکادیمیو کولتورییەکان بپارێزێت.
لەبەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، نابێت چ بەشێک دابخرێت، چونکە سەرجەم بەشەکان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە کۆمەڵایەتی، ئەکادیمیو ژیانییەکانی ناوچەکە دامەزراون.
ئەنجومەنەکە سەرنجی بۆ ئەو بابەتەش ڕاکێشا کە خوێندکارانی کورد 12 ساڵە بەزمانی کوردی دەخوێننو گواستنەوەیان بۆ کۆلێژو زانکۆ عەرەبییەکان دەکرێت ڕوبەڕوی ئاستەنگی قورسیان بکاتەوە.
هاوكات ئەنجومەنەکە بارودۆخی سەختی ئابورییو بژێویی ناوچەکەی وەبیرهێنایەوەو ڕایگەیاند، خوێندکارانو خێزانەکانیان ناتوانن تێچوی گرنگی خوێندن لەپارێزگاکانی دیكهدا دابین بکەن.
ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاندوه، پڕۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان (Hevyazbarî) کە پێشتر ڕاگەیاندرابوو بەردەوامدەبێتو دەرەنجامەکانی لەئایندیەکی نزیکدا بڵاودەکرێنەوەو زانکۆکەش بەردەوامدەبێت لەسەر کارە کارگێڕییو پەروەردەییەکانی خۆی بەبێ پاشەکشەکردن، تائەوکاتەی زانکۆیەکی تایبەتو سەربەخۆ بۆ ناوچەکە بونیاد دەنرێت، بهگوێرهى بەیاننامەکە، زمانی خوێندن لەو زانکۆیەدا بەکوردیو عەرەبی دەبێتو سەرجەم بەشو پسپۆڕییەکانیش دەپارێزرێن.
لەکۆتاییی بەیاننامەکەدا، ئەنجومەنی زانکۆی ڕۆژئاوا ڕایگەیاندوه، بەشداریکردنی زانکۆکە لەناو سیستمی خوێندنی باڵای سوریادا جێگەی شانازییە بۆیان، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوی خوێندن، دەبێت دەرفەت بۆ گفتوگۆیەکی بونیادنەرو ئەکادیمی لەسەر داهاتوی زانکۆکە بڕەخسێنرێت، بەئامانجی پاراستنی مافو داهاتوی خوێندکارانو مامۆستایان.
