شارپرێس:
هاوشانی دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی یەکینهكانى
بهرخۆدانى شنگال (یهبهشه) لەناو دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکاندا، سەرنجەکان
چونەتەسەر ناوچەی شنگال؛ هەنگاوێک کە ڕەهەندەکانی لەسنوری ناوخۆیی بەغداو هەولێر تێدەپەڕێتو
تێکەڵ بەو پڕۆسەی ئاشتییە دەبێت کە لەنێوان ئەنكەرەو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا
گەیشتوەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
لەکاتێکدا تورکیا پێیوایە، کۆتاییهێنان بەبونی
پێکهاتە چەکدارەکانی سەر بەپەکەکە لەعێراق بەشێکە لەچارەسەری ئەو مەترسییە ئەمنییانەی
کە داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناڕەزایەتی بەرامبەر
بەئەنجامدانی ئەم لێکتێگەیشتنانە بەبێ بەشداریپێکردنی خۆى دەردەبڕێت، ئەمەش پرسیار
گەلێکی زۆر لەسەر داهاتوی ڕێککەوتنەکەو لێکەوتەکانی لەسەر ڕێڕەوە تورکییەکە دەهێنێتە
ئاراوە.
حکومەتی عێراق لەڕۆژى 26ى ئۆکتۆبەردا، دەستپێکردنی
کۆتاییهێنان بەدۆخی سەربازیی سەربەخۆی یهبهشهو تێکەڵکردنی ئەندامانیانی لەناو هێزەکانی
دەوڵەتدا ڕاگەیاند، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە نزیکەی 5300 شهڕڤانى ژنو
پیاو دەگرێتەوە، لەنێویاندا ئەندامانی یهكینهكانى ژنانى شنگال (یهژهشه).
هاوکات هێزە فیدراڵییەکان چەند پێگەیەکی سەربازییان
لەچیای شنگال وەرگرت، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی
دامەزراوە فەرمییەکاندا، بەڵام وردەکاریی میکانیزمەکانی تێکەڵکردنەکەو خشتەی کاتییەکەی
بەتەواوی ڕون نەکراوەتەوە، لەبەرامبەر هەڵوێستێکی کوردیدا کە نوێنەرایەتی حکومەتی
هەولێر دەکاتو پێداگریی لەسەر بەشداریپێکردنی لەهەر ڕێککەوتنێکدا دەکات بهتایبهت
لهشنگال.
ئەم هەنگاوە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئەنكەرە هەیە
کە یهبهشه بەبەستراوە بەپەکەکەوە سەیردەکاتو بونی پێکهاتەی چەکداری نزیک لەو
پارتە لەناو عێراقدا وەک درێژکراوەی ئەو مەترسییە دەبینێت کە دەیەوێت لەڕێگەی پڕۆسەی
ئاشتییەوە کۆتایی پێبهێنێت.
سەرچاوەیەک لەپارتی یەکسانیو دیموکراتی گەلان
(دەم پارتی) ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتیی نێوان حکومەتی تورکیاو پەکەکە دەکەوێتە ژێر
کاریگەریی مەلەفی گروپو تاقمە چەکدارە عێراقییەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی هەردوو حکومەتی
بەغداو هەولێر کە ئەنكەرە بەدرێژکراوەی پەکەکەیان دادەنێت سەرەڕای ئەوەی گروپی غەیرە
تورکین.
ئەو سەرچاوەیە کە پارتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیریی
سەرەکی لەنێوان ئەنكەرەو ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەگێڕێت، ڕونیکردەوە،
حکومەتی تورکیا لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەغداو هەولێردا هەیە سەبارەت بەداواکارییەکەی
بۆ کۆتاییهێنان بەهەر بونێکی چەکداریی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقو حکومەتی
هەرێم، بەڵام بونی ناڕێککەوتنی زۆر لەنێوان بەغداو هەرێمدا گەیشتوەتە کێشەی شنگالو
ئێستا مەترسیی پەکخستنی لێکتێگەیشتنەکان دروستدەکات ئەگەر چارەسەرێک بۆ ڕازیکردنی
سەرجەم لایەنەکان نەدۆزرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە لەئهستهمبوڵهوه قسهیكردوهو
وتویهتى، "هەریەکە لەبەغداو هەولێر پاڵپشتیی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان ئەنكەرەو پەکەکە
دەکەنو پڕۆسەی چۆڵکردنی سەربازگەکانی پەکەکە لەناوچەکانی باکوری عێراق (ههرێمى
كوردستان) بەشێوازێکی نەرمتر بەڕێوەدەچێت بهبەراورد بەهەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی
هەر گروپێک کە درێژکراوەی عێراقیی هەبێت، وەک ئەوەی لەکێشەی یهبهشه لهشنگالدا
هەیە.
ئەنكەرە پهیوەستبونی مەلەفی شنگال بەلێکتێگەیشتنە
ئەمنییەکانی لەگەڵ بەغدادا ناشارێتەوە، لە23ی سێپتەمبەری ڕابردودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆک کۆماری تورکیاو عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی دەسەڵاتی
دەوڵەتی عێراق بۆ شنگالو کۆتاییهێنان بەبونی "چەکدارە دەرەکییە نایاساییەکان
ڕێککەوتن".
هەردولایەن پێشڕەوی لەم ڕێکارانەیان بەستەوە
بەڕادەستکردنی قۆناغ بەقۆناغی بنکەی سەربازیی تورکیی (بەعشیقە - زیلکان) بەحکومەتی
فیدراڵیی عێراقو داهاتوی بونی سەربازیی تورکیا لەعێراق بەشێکی بەستراوەتەوە بەئاستی
توانای بەغدا بۆ گرتنەدەستی بەرپرسیارێتیی ئەمنیو کۆتاییهێنان بەو پێکهاتانەی کە
تورکیا ناڕەزایەتییان لەسەر دەردەبڕێت، بەڵام لێکتێگەیشتنی عێراقی-تورکی کە دەرەنجامەکانی
لەشنگال دەستی بەدەرکەوتن کردوە، ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیی هەولێر دەبێتەوە کە پێداگریی
لەسەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆ دەکات لەڕێککەوتنە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانەی کە بەبەشێک لەهاوکێشەی
سەقامگیریی کوردستانی عێراقیان دادەنێت، لەنێوانیاندا شنگال.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا تۆمەتباردەکات
بەوەی کە لەڕێککەوتنە نوێیەکەی شنگالدا ڕاوێژی لەگەڵ نەکردوەو هۆشداریدا، هەر ڕێککەوتنێک
لەسەر بنەمای ههماههنگى لەگەڵ هەرێمدا نەبێت، هاوکاریی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی یان
ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال ناکات کە لەناو کەمپەکانی
هەرێمدا نیشتەجێن.
ئۆغور ئەرجان نوسەرو شیکەرەوەی سیاسیی تورک
دەڵێت، "پەککەوتنی ڕێککەوتنی شنگال بەهۆی ناڕەزایەتیی هەولێرەوە، مەرج نییە بەمانای
داڕوخانی تەواوی ڕێڕەوی ئاشتیی تورکیا بێت لەنێوان حکومەتو پەکەکەدا، بەڵام دەکرێت
یەکێک لەمەلەفە هەرێمییە پهیوەستبوەکانی ئاڵۆزبکاتو ڕێگریی لەپێشڕەویی پڕۆسەکە
بکات کە لایەنی کوردی گلەیی لەسستییەکەی دەکات".
ئەرجان وتویهتى، "سەرکەوتنی پڕۆسەی
ئاشتیو بەردەوامییەکەی لەتورکیا، لەلایەکەوە پێویستیی بەڕاگرتنی شەڕ لەناوخۆی
تورکیاو ڕاگەیاندنی دەستبەرداربونی تەواوی پەکەکە لەچەک هەیە، بەڵام لەلایەکی دیكهوه
پێویستیی بەچارەسەرکردنی چارەنوسی ئەو پێکهاتانە هەیە کە لەدەرەوەی سنورەکان بەو
پارتە چەکدارەوە بەستراونەتەوە، لەگەڵ دیاریکردنی داهاتوی ئەندامان، پێگەو چەکەکانیان
بەشێوازێک کە مەرجەکانی ئەنكەرە جێبەجێبکات".
ئەو پسپۆڕە ڕونیکردەوە، مەترسیی گەورە بۆسەر
ڕێڕەوی ئاشتی لەتورکیا ئەوەیە کە ناڕێککەوتنی بەغداو هەولێر لەسەر شنگال ببێتە هۆی
ئەوەی تێکەڵکردنی یهبهشه ببێتە گۆڕانکارییەکی ناتەواو کە کۆتایی بەسەربەخۆیی سەربازییو
پهیوەستبونە ڕێکخراوەییەکانی ئەو گروپە چەکدارە نەهێنێت؛ ئەمەش بۆ تورکیا بەمانای
جێبەجێنەکردنی تەواوی مەرجی دەستبەرداربونی کۆتایی لەچەک دێتو دەبێتە هۆی دواخستنی
ڕێڕەوی سیاسییو یاسایی پڕۆسەی ئاشتیی لەناوخۆی تورکیادا کە لایەنی کوردی داوای دەستپێکردنی
خێرای دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەلەفی شنگال بوەتە تاقیکردنەوەیەکی
نوێ بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا، بەڵام لەدەرەوەی سنورەکانو لەژێر سێبەری پێداگریی
بەغدا لەسەر دەسەڵاتی فیدراڵیی خۆییو ناڕەزایەتیی هەولێر لەسەر دورخستنەوەی بەڕێوەدەچێت.
