ئیسرائیل دەیەوێت هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی پەیجەر دژ بەفەرماندە باڵاکانی ئێران ئەنجام بدات

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی پێشوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مۆساد" ئاشکرای کردووە کە ئیسرائیل توانای هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنیی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاو دژی بەرزترین فەرماندەکانی ئێران، لە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی "پەیجەر" کە لە ساڵی 2024دا دژی حزبوڵڵا ئەنجامدرا.

بەپێی ئەوەی کە کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لە عودێد ئێلام، جێگری پێشووی بەشی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی "مۆساد"، گواستییەوە، 4 فەرماندەی سەربازی و ئەمنیی لە ڕاستیدا کۆنترۆڵی ئێران دەکەن، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی سیاسیی تەنیا ڕۆڵی ڕواڵەتیی دەگێڕێت.

ئێلام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی وتوویەتی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژی سەرکردە سەرەکییەکانی ئێران، لە هاوشێوەی هێرشی پەیجەر دژی ئەندامانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە هەڵبژاردە بەردەستەکان.

ئەو جەختی کردۆتەوە کە ستراتیژیی ئیسرائیل لەسەر غافڵگیرکردن و هەنگاوی چاوەڕواننەکراو دامەزراوە و ئیسرائیل کارتێکی نهێنیی هەیە کە لە کاتی گونجاودا بەکاری دەهێنێت.

 

ئۆپەراسیۆنی پەیجەر لە 17 و 18ی ئەیلوولی 2024دا ئەنجام درا و بەهۆی تەقینەوەی هاوکاتی هەزاران ئامێری پەیوەندیی بێتەل لە لوبنان و سووریا، دەیان کەس کوژران و هەزاران کەسیش بریندار بوون. هەروەک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیستەمی فەرماندەیی حیزبوڵڵا هەبوو.

4 فەرماندەی کێن کە بڕیارەکانی ئێران کۆنترۆڵ دەکەن؟
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو 4 کەسە بریتین لە:
ئەحمەد وەحیدی: فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە و بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دادەنرێت. ناوبراو لەژێر سزای ئابووریی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپاییدایە.
حوسێن تەیب: سەرکردایەتیی هێزەکانی بەسیج دەکات؛ ئەو ڕێکخراوە نیمچەسەربازییەی کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا هەیە.

عەلی عەبدوڵڵاهی: بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و لەژێر سزای وەزارەتی دارایی ئەمریکادایە. هەڵوێستێکی توندی دژی واشنتۆن هەیە.

محسین ڕەزایی: یەکێکە لە کەسایەتییە دامەزرێنەرەکانی دامەزراوەی سەربازیی ئێران و پۆستی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی هەیە. ئەو بە تۆمەتی بەشداری لە پلاندانانی تەقاندنەوەی بینای کۆمەڵەی جولەکەکان لە بوینس ئایرەس لە ساڵی 1994دا، کە 85 کەسی کوشت، لەژێر داواکاریی گرتنی نێودەوڵەتیدایە.

ناکۆکییەکان لەناو سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران
ئێلام پێیوایە ئەم 4 فەرماندەیە تەنیا سیاسەتی سەربازیی ئێران دیاری ناکەن، بەڵکو بەردەوام هەوڵیان داوە کۆسپ بخەنە بەردەم هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.

 

بەپێی شیکاریی ئەو، سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران پێیوایە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داخستنی ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت، کارتی فشارێکی بەهێز دەداتە تاران و لە کۆتاییدا، ئیدارەی ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و قەیرانە ئابوورییەکانەوە ناچار بە پاشەکشە دەبێت.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێلام ئاماژەی بە ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان ئەو 4 فەرماندەیە کردووە و وتوویەتی سزاکان و گەمارۆی دەریایی ئەم ناکۆکییانەی خراپتر کردۆتەوە.

 

بە بۆچوونی ئەو، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ورد دژی بەرپرسە ئەمنییە باڵاکانی ئێران دەتوانێت کاریگەرییەکی دەروونیی گەورە دروست بکات و دامەزراوەکانی دیکەی ڕژێمیش تووشی شڵەژان بکات.

ئێلام پێیوایە کاریگەریی دەروونیی ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرە لەوانەیە لە هێرشێکی زەمینیی فراوان بەهێزتر بێت؛ چونکە دەتوانێت گومان و بێمتمانەیی لەناو بەرپرسانی ڕژێمدا بڵاو بکاتەوە، بە شێوەیەک کە هەر یەکێکیان گومان لە کەسی تەنیشت خۆی بکات و بیبینێت وەک گریمانەی سیخوڕ.