پارتی پۆستێكى باڵا به‌مەحما خەلیل ده‌دات‌و هێزەکانی حەیدەر شەشۆ له‌شنگال كۆده‌كاته‌وه‌

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش بڕیاری تێکەڵکردنی یەکینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال (یه‌به‌شه‌ ـ YBŞ) لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتداو تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ دەزگا فیدراڵییەکانی بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی گۆڕانکاریی کارگێڕییەوە هاتوەتە ناو کایەکەوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییە ناوخۆییەکان، دیاریکردنی مەحما خەلیل وەک بەرپرسی نوێی لقی 17ی پارتی لەشنگال، وەک هەوڵێکی ستراتیژیی ئەو پارتە سەیردەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی پێشویی‌و زیندوکردنەوەی پڕۆژەی گەڕانەوەی ئیدارەی کۆن بۆ ناوچەکە.

پاشئەوەی یه‌به‌شه‌ بڕیاری تێکەڵبونیان لەناو هێزەکانی دەوڵەتدا جێبه‌جێكردو بەغدایان لەبری هەولێر هەڵبژارد، وادەرکەوت کە تەواوی نەخشەسازییەکانی پێشوی پارتی بۆ سەرلەنوێ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە توشی پەککەوتن بوە، لەبەرئەوە، پارتى لەئێستادا دەیەوێت لەڕێگەی کاراکردنی پێگەی مەحما خەلیل وەک کەسایەتییەکی ناسراوی شنگال، دەروازەیەکی نوێی سیاسیى بکاتەوە بۆ سەپاندنەوەی ئیدارەی پێشوو کە لایەنە نەیارەکان بەئیدارەیەکی بەسەرچوو وەسفیدەکەن.

بۆ دروستکردنی هاوسەنگی بەرامبەر بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندیی، شارپرێس زانیاریى ده‌ستكه‌وتوه‌، پارتی دیموكراتى كوردستان کار لەسەر پلانێکی نوێ دەکات کە بریتییە لەکۆکردنەوەو یەکخستنی تەواوی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی، لەوانەش هێزەکانی فەرماندەیی شنگال‌و هێزەکانی سەر بەحەیدەر شەشۆ لەناو چوارچێوەیەکی ڕێکخراودا، تا بتوانێت لەڕێگەی ئەوانەوە پێگەی خۆی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەمنییەکاندا بپارێزێت‌و نفوزێکی سیاسیى‌و سه‌ربازیى بەهێز بۆ لقی 17 دەستەبەربکات.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، لەبەرامبەر ئەم جوڵانەدا، دەنگە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێزدی جەختدەکەنەوە، شنگال موڵکی هیچ حزبێکی دیاریکراو نییەو چیتر قبوڵناکەن ئێزدییەکان وەک کارتێک لەململانێی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا بەکاربهێنرێن.

وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌شنگاله‌وه‌ ده‌ڵێت، "دروشمی سەرەکیی شەقام لەئێستادا ئەوەیە کە داهاتوی شنگال دەبێت لەلایەن خەڵکە ڕەسەنەکەی خۆیەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، نەک لەناو مەکتەب‌و ڕێکخستنە حزبییەکانداو سەردەمی سەپاندن‌و خۆسه‌پاندن بەسەر شنگالدا کۆتاییهاتوە".

بەپەلە