میدیای فەرمی ئێران بۆ خەڵکی وڵاتەکەی: خۆتان بۆ تەقینەوەی ئەتۆمیی ئامادە بکەن

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3844 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ سێشەممە، تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییان سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردن لە ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەی ئەتۆمیدا بڵاوکردەوە، هەروەها داوای کرد ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ سەلامەت بوون لە شەپۆلەکانی تەقینەوە و پیسبوون بەهۆی تیشکەوە، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ مانەوە لە شوێنە پارێزراوەکاندا بۆ ماوەی لانیکەم 24 کاتژمێر.

ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هۆشدارییانەی کە تاکەر کارڵسۆن، میدیاکاری ئەمریکی دوێنێ دووشەممە بڵاویکردەوە، لەبارەی ئەگەری پەنابردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزێکی ئەتۆمی لە ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فشارێکی چڕ دەخاتە سەر واشنتن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.

بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی ئێران، لە ڕێنماییەکاندا هۆشداری دراوە لە تەماشاکردنی ڕاستەوخۆی ئەو ڕووناکییە بەهێزەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە دروست دەبێت، داواشکراوە هاووڵاتییان لە پشت بەربەستەکانەوە خۆیان حەشار بدەن، لەسەر زەوی پاڵبکەون و سەر و دەموچاویان دابپۆشن، پاشان ڕاستەوخۆ دوای تێپەڕبوونی شەپۆلی تەقینەوەکە خۆیان بگەیەننە نزیکترین باڵەخانە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر دورکەوتنەوە لە شوێنە کراوەکاندا بە مەبەستی سەیرکردن یان وێنەگرتن، خۆلادان لە پەنابردن بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکان، دوورکەوتنەوە لە پەنجەرە و دیوارەکانی دەرەوە.

بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوون بەهۆی تیشک، ڕێنماییەکان پێشنیازی خۆشتنیان کردووە بە ئاوی شلەتێن و سابوون و بەکارهێنانی شامپۆی ئاسایی بەبێ نەرمکەرەوە، هەروەها لە حاڵەتی نەبوونی دەرفەتی خۆشتنیشدا، پاککردنەوەی بەشە دانەپۆشراوەکانی جەستە بە ئاو یان کلێنسی تەڕ.

هاوکات داوا کراوە پشت بە ئاوی لەقتوونراو و خۆراکی داپۆشراو ببەسترێت، هەروەها بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لەناو پەناگەکاندا بمێننەوە، جگە لەوە لە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر یان دەرکەوتنی مەترسیی داڕمانی باڵەخانەکان، بگوێزنەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر.