شارپرێس:
دوای دوساڵ لەگفتوگۆو
مانگێک بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی کۆتاییدا، مەلەفی چەکی گروپە چەکدارەکان لەعێراق
هێشتا بەناڕونی ماوەتەوەو ناکۆکییەکی قوڵ لەسەر شێوازی ڕادەستکردنی چەکەکان، دابەشکردنی
پۆستەکانو سنوری لێکگەیشتن لەگەڵ واشنتۆندا هەیە.
سەرچاوە ئاگادارەکان لەناوخۆی
هاوپەیمانیی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ئاماژە بەچەند سیناریۆیەکی جیاواز دەکەن؛
هەندێک پێیانوایە، چەکەکان لەناو کۆگاکانی حەشدی شەعبیدا دەشاردرێنەوە، لەکاتێکدا
هەندێکی دیكه دەڵێن بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان
واشنتۆنو تاراندا، گروپە چەکدارەکان دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.
پەرلەمانتارێکی شیعە ڕایگەیاندوە،
لەبەر مەترسیی شەڕی ناوچەیی، گروپە گەورەکان چەکەکانیان نادەن بەحکومەت، تەنانەت هەندێکیان
مەرجی قورس دەسەپێننو دەڵێن ئەمە "چەکی ئیمامی مههدیه"و ڕادەستناکرێت،
عەلی زەیدیی دوای دیدارەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترهمپو بەمەبەستی ڕێگریکردن لەبڕینی
بودجەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە، وادەی کۆتایی مەلەفەکەی لە30ی ئەیلولەوە درێژکردەوە
بۆ 30ی حوزەیرانی داهاتوو.
شارەزایان پێیانوایە،
ئەم لێکگەیشتنە سیاسییە تەنها بۆ ڕێکخستنی چەک نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دابەشکردنی
نوێی دەسەڵاتو پۆستی وزاری، بۆ نمونە، "کەتائیبی حزبوڵا" داوای پۆستی
گرنگی وەک سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی دەکات بەرامبەر پابەندبونی بەڕێککەوتنەکە.
وتەبێژێكیش لهفراکسیۆنی
(حقوق ـ باڵی سیاسی کەتائیب) ڕایگەیاندوە، هێشتا سەرۆک وەزیران خۆی واژۆی لەسەر ڕێککەوتنەکە
نەکردوە بەهۆی ترسی لەکاردانەوەی ئەمریکا، لەلایەکی دیكهشهوه، شیکەرەوە سیاسییەکان
دەڵێن، ئەو لیژنەیەی دانوستان دەکات فەرمانی فەرمی حکومەتی پێ نییە، بەڵکو لیژنەیەکی
تەوافوقی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە.
شارەزایانی سیاسیی دەڵێن،
ناکۆکی بنەڕەتی لەسەر واتای "ڕادەستکردن" خۆیەتی؛ ئایا بەمانای لێسەندنەوەی
چەکەکەیە، یان تەنها تۆمارکردنو کۆگاگردنیەتی لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا بەشێوەیەک
کە تەنها بەفەرمانی سەرۆک وەزیران بجوڵێندرێن؟ ئەم پرسیارە هێشتا بەکراوەیی ماوەتەوەو
گروپەکانی وەک "ئەنساروڵڵای ئەوفیا" سەرباری ناوهێنانیان لەلیستی ئەو لایەنانەی
چەکیان داناوە، هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان بدەن بەدەستەوە.
