یوسف گۆران: سازدانی دانیشتنی پەرلەمان بەبێ یەکێتيی زیان بەسەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د.یوسف گۆران ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاردانەوەی توندی لەسەر کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نیشانداو پڕۆسەکەی بەسەرکێشییەک ناوبرد کە "یەکڕیزیی‌و سەقامگیریی هەرێم" دەخاتە مەترسییەوە، ده‌شڵێت، "دۆخی ئێستای پەرلەمانی كوردستان بەدیمەنێکی کۆمیدیی کۆنی هونەرمەند فوئاد ئەلموهەندیس ده‌چێت".


یوسف گۆران لەڕەخنەیەکی تونددا، بەراوردی دۆخی ئێستای پەرلەمانی کرد بەدیمەنێکی کۆمیدیی کۆنی هونەرمەند فوئاد ئەلموهەندیس کە تێیدا پزیشکەکە دەڵێت، "گرنگ نییە نەخۆشەکە مردوە، گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو، ئێستاش مەترسییەکە لەوەدایە دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردبێتەوە، بەڵام خودی ئەزمونی هەرێمی کوردستانمان کوشتبێت".

یوسف گۆران ئاماژەی بەوەکردوە، "خاوەنی ئەم هەوڵە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەڕێگەی گوشارو ڕێگه‌ی نایاساییەوە توانیویەتی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران کۆبکاتەوەو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەمە ناکۆکیی سیاسیی قوڵتر دەکاتەوە".

جەختیشیکردەوە، "هەرێمی کوردستان تەنها چەند کورسییەکی پەرلەمانی نییە کە بەشێوازی بیرکاریانە کۆبکرێنەوە، بەڵکو ئەزمونێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی‌و شەراکەتی ئاڵۆزی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکە (پارتی‌و یەکێتیی) دامەزراوە".

لەپەیامەکەدا مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ى یه‌كێتیى هۆشداریداوە، "بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێم بەبێ لێکتێگەیشتنی هاوبەش، دەرگا بەڕوی قەیرانێکی زۆر قوڵتردا دەکاتەوە کە لەوانەیە داڕێژەرانی ئەم دانیشتنە بیریان لێنەکردبێتەوە".

ئەم پەیامەی یەکێتیی لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی یەکێتیی کۆبوەوەو دەستەی سەرۆکایەتیی خولی نوێی پەرلەمانی هەڵبژارد.