شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دانی بەوەدا نا کە شەڕی ئێران ڕۆڵی لە شکستە گەورەکەی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی کۆنگرێسدا هەبووە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەشێکی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، بەڵام هاوکات خەڵک گرنگیی ئەو کارانە دەزانن کە ئەنجامی داوە دژی ئێران. هەروەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنییە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شکستێکی کەسیی خۆی نازانێت و پیرۆزبایی لە دیموکراتەکان کرد، کە بە وتەی ئەو، بانگەشەیەکی بەهێزیان کردووە.
ترەمپ هۆشداریشی دا کە ئەگەر دیموکراتەکان پڕۆژە یاسای "شێتانە" بنێرن، مافی ڤیتۆی خۆی بەکاردەهێنێت.
هەروەک وتی ئەگەر ناوی لەسەر کارتی دەنگدان بووایە، کۆمارییەکان بە زۆرینەیەکی گەورە سەرکەوتنیان بەدەستدەهێنا.