شارپرێس:
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومهتى عێراق بەبڕیارێکی
نوێ، کارکردنی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانی لەزانکۆو پەیمانگە ئەهلییەکاندا قەدەغەکردو
نوسراوێکی پێشوی ساڵی 2023ی لەوبارەیەوە هەڵوەشاندەوە، لەکاتێکدا وەزارەت بڕیارەکەی
بەپێویستیی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خاوەن بڕوانامە باڵا دانەمەزراوەکان لێکدەداتەوە،
ئەکادیمیستانو یاساناسان هۆشداریی لەدابەزینی ئاستی زانستییو بەفیڕۆچونی ئەزمونە
ئەکادیمییەکان دەدەن.
دکتۆر عیسام ئەحمەد عوبێدی ئەکادیمیست، ڕایگەیاندوه، بڕیارەکەی وەزارەت،
خاوەنی دوو ڕوی جیاوازە، لایەنی ئەرێنیو نهرێنى، ئهرێنیهكه ئهوهیه، ڕەخساندنی
دەرفەتی کارە بۆ خاوەن بڕوانامە باڵا نوێیەکان وەک وانەبێژ لەزانکۆ ئەهلییەکاندا،
هاوکات دەبێتە هۆی تەرخانبونی مامۆستایانی حکومی بۆ توێژینەوەی زانستی لەزانکۆکانی
خۆیاندا، نهرێنیهكهش بێبەشکردنی زانکۆ ئەهلییەکانە لەو ئەزمونە ئەکادیمییە کەڵەکەبوەی
مامۆستایانی حکومی کە ساڵانێکی درێژ لەپسپۆڕییە وردەکاندا بەدەستیانهێناوە، ئەمەش
زیان بەکوالێتیو ئاستی زانستیی زانکۆ ئەهلییەکان دەگەیەنێت ئەگەر شوێنگرەوەی
گونجاو نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبڕیارەکەیدا (کە لە 5ی ئهم مانگهدا) دەرچوە،
ڕایگەیاندوە، قەدەغەکردنەکە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانو ناوەندی وەزارەت
دەگرێتەوە کە وەک وانەبێژ یان ڕاوێژکار لەکەرتی ئەهلی کاردەکەن، بەمەش بڕیاری پێشوی
2ی ئایاری 2023 هەڵوەشاوەتەوە.
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کێشەیەکی یاسایی دروستدەکات؛ چونکە بڕیارەکە
تەنها ئەو مامۆستایانە بەدەردەکات کە ڕاژەکانیان بهگوێرهى یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی
(ژمارەی 25ی ساڵی 2016) بۆ زانکۆ ئەهلییەکان گواستراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، ئەمیر
دەعمی پسپۆڕی یاسایی بۆ (عالهم جهدید) قسهیكردوهو وتویهتى، "وەزارەت دهسهڵاتى
ڕێکخستنی کارگێڕیی هەیە، بەڵام بڕیاری نوێ نابێت ببێتە هۆی پەکخستنی دەقێکی یاسایی
بهركار".
دەعمی ئاماژەی بەمادەی 47 لەیاسای ژمارە 25ی ساڵی 2016 کرد کە بەڕونی
ڕێگەیداوە زانکۆ ئەهلییەکان سود لەخزمەتو ئەزمونی مامۆستایانی حکومی وەربگرن بەمەرجی
ڕەزامەندیی زانکۆکانی خۆیان، بۆیە دەبێت بڕیارە نوێیەکە بەشێوازێک لێکبدرێتەوە کە یاساکە
پەکنەخاتو ئەو گرێبەستانەش کە پێشتر بەشێوەیەکی یاسایی کراون، هەڵنەوەشێنێتەوە.
بڕیارە نوێیەکە کە واژۆی د.حەیدەر بەهادین حەسەن وەزیری خوێندنی باڵاو
توێژینەوەی زانستیی عێراق لهسهره، جەختدەکاتەوە، ئامانجی سەرەکی، پڕکردنەوەی کەمیی
میلاکی زانکۆ ئەهلییەکانە لەڕێگەی دامەزراندنی دەرچوە نوێیەکانەوە، بەڵام د.عوبێدی
پێیوایە، سەرکەوتنی بڕیارەکە بەژمارەی هەلی کارەکان ناپێورێت، بەڵکو بەپاراستنی
هاوسەنگیی نێوان کار پێدانی گەنجانو پاراستنی ئاستی زانستیی زانکۆکان دەپێورێت،
چونکە خوێندنی باڵا دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاریی کەمکردنەوەی بێکاری نییە، بەڵکو ئەرکی
سەرەکیی دروستکردنی مەعریفەو پێگەیاندنی عەقڵەکانە.
