ئۆجەلان نەخشەڕێگەیه‌كى نوێ بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان‌و بەستنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان بەهەولێرەوە ڕاده‌گه‌یه‌نێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری فیکریی (کۆمینال)، لەوتارێکی تایبەتدا کە پشتی بەتیۆریی‌و ڕوانگەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەستوە، نەخشەڕێگەیەکی جیاوازی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەچوار پارچەی کوردستان خستوه‌ته‌ڕوو، ئۆجەلان جەختدەکاتەوە، بەهۆی جیاوازیی قوڵی کولتوری، مێژویی‌و سیاسیی دەوڵەتانی ناوچەکە، ناگونجێت تەنها یەک مۆدێلی بەڕێوەبردن بۆ هەموو پارچەکان پیادە بکرێت".


باشوری کوردستان؛ داڕشتنەوەی هەرێم لەکەرکوکەوە تا شنگال
ئۆجەلان لەم بڕگەیەدا پێشنیازی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لەپێکهاتەی حوکمڕانیی ئێستای هەرێمی کوردستاندا دەکات، ده‌ڵێت، "سیستەمی فیدراڵی بۆ باشور بەگونجاوترین مۆدێل دەزانم، بەو مەرجەی خودی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیی نوێ ڕێکبخرێتەوە‌و دەبێت پێکهاتەی نوێی هەرێمیش، تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان یان جێناکۆکەکانی وەک شنگال، موسڵ، کەرکوک‌و خانەقین لەخۆبگرێت‌و ببنە بەشێک لەم سیستمە دیموکراتییە".

ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای کوردستان؛ فیدراڵیی ئێران‌و پاراستنی دەستوریی سوریا
لەسەر ئاستی پارچەکانی دیكه‌ى کوردستان، لێکدانەوەکان ڕویان لەگۆڕینی فۆرمی دەوڵەتەکانە، ئاماژە بەوەدەکات، لەئێستادا تاران بەشێوەیەکی فەرمی دان بەمافە سیاسییەکانی کورددا نانێت، لێرەشدا ئۆجەلان پێشنیازدەکات، جێبەجێکردنی مۆدێلێکی فیدراڵی لەئێراندا لەسەر بنەمای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتی، دەبێتە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی سەرجەم گەلانی ئەو وڵاتە.

بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش ئۆجه‌لان پێیوایه‌، "پاراستنی کۆمەڵگەی خۆجێی‌و جێگیرکردنی مافەکان لەناو دەستوردا، وەک دەرفەتێکی مێژویی سەیر دەکرێت بۆ بونیادنانی په‌یوەندییەکی نوێ‌و داهێنەرانە لەنێوان کوردو دەوڵەتی سوریادا".

لەکۆتاییدا پاشخانی مێژویی کێشەی کورد دەبەستێتەوە بەپەیماننامەی قەسری شیرین لەساڵی 1639 پەیماننامەی زەهاو (قەسری شیرین) کە تێیدا بۆ یەکەمجار خاک‌و گەلی کوردستان لەنێوان سەفەوی‌و عوسمانییەکاندا دابەشکرا) جەختدەکاتەوە، تێپەڕاندنی ئەم دابەشبونە مێژوییە پێویستی بەتێگەیشتنی واقیعییانە هەیە بۆ تایبەتمەندێتیی هەر پارچەیەک.