شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق هۆشداریدا لەسستیی ڕێکارە کارگێڕییەکانو ئاڵۆزیی مامەڵەکانی تایبەت بەکڕینو فرۆشتنی زەویو خانوبەرەی هاووڵاتیانی مەسیحیو پێکهاتەکان، هاوکات لەگەڵ ئەم کێشە فیدراڵییە، مەلەفی موڵکەکانی کریستیان لەهەرێمی کوردستانو بەتایبەت لەشارۆچکەی عەینکاوەی هەولێر، ڕوبەڕوی کێشەی تاپۆکردنو ململانێی یاسایی بوەتەوە.
ڕاپۆرتی فەرمیی فەرمانگەی خۆپاراستن لەدەستەی دەستپاکی ئاشکرایدەکات، لیژنەی تایبەت بەپەسەندکردنی فرۆشتنی موڵکی کەمینەکان توشی پشێویی بوەو ڕاییکردنی هەر مامەڵەیەک زیاتر لەدوو مانگ دەخایەنێت، ئەمەش بەهۆی زۆریی ئەڵقەکانی گۆڕینەوەی نامەو وەڵام وەرگرتنەوە لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری خانوبەرە (تاپۆ).
بهگوێرهى ئامارەکان، ڕێژەی جێبەجێکردنی بەرنامەی شەفافیەت لەفەرمانگەی سەرەکیدا 80.44٪ بوە، بەڵام لەلقەکانی پارێزگاکان پاشەکشەیکردوە بۆ 48.95٪، بەشێوەیەک بەشی نەینەوا بەرزترین ڕێژەی تۆمارکردوە (76.5٪)و کەرکوک کەمترین ڕێژەی هەبوە (48.32٪).
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، مەلەفی موڵکەکانی کریستیانان ڕوبەڕوی جۆرێکی دیكه لەئاڵۆزیی بوەتەوە، لەشارۆچکەی عەینکاوەی سەر بەپارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاوڵاتیی کریستیان بەشێک لەزەویو خانوەکانی خۆیان لەکەرتی 147ی عەینکاوە فرۆشتە هاوڵاتیانی دیكهى دەرەوەی پێکهاتەکەیان (کوردە موسڵمانەکان)، لەئێستادا کێشەو ههڕهشهیهكى گەورە لەپرۆسەی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەدا دروستبوە.
ئەم دۆخە بوەتە هۆی ناڕەزایەتیی کڕیارە نوێیەکانو دروستبونی دۆخێکی نادیاری یاسایی لەناوچەکەدا، کە پێویستی بەدەستوەردانی فەرمیی لایەنە حکومییەکانی هەولێر هەیە بۆ پاراستنی مافی کڕیارو فرۆشیارو ڕێگریی لەگۆڕینی دیمۆگرافی یان تێکچونی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی.
عماد یوخنا، پەرلەمانی پێشوو و سەرکردەی کوتلەی سۆیانا-ی مەسیحی ڕایگەیاندوه، مەلەفی خانبەرەی مەسیحییەکان یەکێکە لەدۆسیە هەرە هەستیارەکان، چونکە پەیوەندیی بەمافی خاوەندارێتیی تایبەتو پاراستنی هاوڵاتیانەوە هەیە لەتەڵەی ساختەکاریی، دزینو دەستبەسەرداگرتنی زۆرداریی.
یوخنا داوایکردوه کە کاتێکی دیاریکراو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان دابنرێتو سیستەمی سکاڵا چالاک بکرێت.
هاوکات، دەستەی دەستپاکی داوای جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی کردوە بۆ ئەوەی دیوانی ئەوقافی مەسیحی، ئێزدییو سابیئەی مەندائی بتوانێت 50٪ی داهاتی خزمەتگوزارییەکانی بۆ خۆی بهێڵێتەوە، یوخنا پێیوایە، ئەم بڕیارە داراییە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستن بەبودجەی گشتییو پەرەپێدانی فەرمانگەکانی ئەوقاف لەپارێزگاکاندا.
کەرتی 147ی عەینکاوە، کە بە"موقاتەعەی 147 عەینکاوە" ناسراوە، یەکێکە لەکەرەتە گەورەکانی زەویو خانوبەرە لەشارۆچکەی عەینکاوەی باکوری هەولێر، ئەم کەرتە لەبنەڕەتدا موڵکی هاوڵاتیانی مەسیحی (کریستیانەکان) بوە، بەڵام لەماوەی ساڵانی ڕابردودا بەشێکی زۆری کڕینو فرۆشتنی پێوەکراوە، یاسای عێراقیو بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ڕێگریی لەگۆڕینی دیمۆگرافیی ئەو ناوچانە دەکەن کە تایبەتن بەپێکهاتە ئایینیو نەتەوەییەکان (وەک مەسیحیو ئێزدییەکان)، کاتێک هاوڵاتییەکی مەسیحی، موڵکەکەی دەفرۆشێتە کەسێکی دەرەوەی پێکهاتەکەی خۆی (کوردە موسڵمانەکان)، فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی هەولێر (تاپۆ) بهگوێرهى ڕێنماییەکان، پرۆسەی گواستنەوەی خاوەندارێتیو تاپۆکردنەکە ڕادەگرێت یان مەرجی توندی بۆ دادەنێت، لهبهرامبهریشدا لایەنی کڕیارەکان (موسڵمانەکان) پێیانوایە، پارەیانداوەو زەوییەکەیان بەگرێبەستێکی شەرعی کڕیوە، بۆیە ڕاگرتنی تاپۆکردن بە"پێشێلکاریی مافی خاوەندارێتیی تایبەت" دەزانن.
لایەنی لایەنە مەسیحییەکانو نوێنەرانی عەینکاوە-ش پێیانوایە، کڕینی بەلێشاوی زەوییەکانی عەینکاوە لەلایەن هاوڵاتیانی دەرەوەی پێکهاتەکەیان، ناسنامەی مێژوییو کولتوریی شارۆچکەکە تێکدەداتو خەریکە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچەکە دەگۆڕێت؛ بۆیە پشتگیریی لەڕاگرتنی ڕێکارەکانی تاپۆکردن دەکەن.
