شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی 3ی تشرینی دووەم کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران دەکەن، ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی خولی سەرۆکایەتییەکەی دەبێتەوە. بەڵام لەدەستدانی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە، بە مانای سنووردارکردنی توانای ترەمپ بۆ جوڵەکردن لە دۆسیەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ"، سەرۆکانی ئەمریکا لە ساڵەکانی کۆتایی خولەکانیاندا زیاتر گرنگی بە سیاسەتی دەرەوە دەدەن، بە تایبەتیی کاتێک پارتێکی دژبەر کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکات. باراک ئۆباما و جۆرج دبلیو بوش، سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا، لە دوو ساڵی کۆتایی خولی خۆیاندا هەنگاوی گرنگیان لەم بوارەدا ناوە.
بازرگانیی و باجە گومرگییەکان
باجە گومرگییەکان یەکێکن لەو بوارانەی ترەمپدا هێشتا ئازادییەکی فراوانی تێدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی دادگاکان بەکارهێنانی هەندێک دەسەڵاتی لەبارەی دۆخی فریاکەوتن سنووردار کردووە، بەڵام دەتوانێت بە پشتبەستن بە یاساکانی دیکە، باج لەسەر بەرهەم و وڵاتانی دیاریکراو دابنێت.
لە بەرانبەردا، دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن بە پەسەندکردنی یاسا و کۆنترۆڵکردنی خەرجییە حکومییەکان، هەندێک لە سیاسەتەکانی ترەمپ سنووردار بکەن و باجەکان هەڵبوەشێننەوە.
جوڵەی سەربازیی
بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بوارێکی دیکەیە کە ترەمپدا دەسەڵاتی فراوانی تێدا هەیە، ناوبراو چەندین جار هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازیی لە کوبا کردووە و دەرگای هێرشە فراوانەکان بۆ سەر ئێرانی بەڕوودا هێشتۆتەوە.
دیموکراتەکان دەتوانن لە ڕێگەی بودجەی بەرگرییەوە فشار بخەنە سەر ئیدارەی ترەمپ، بەڵام سەرۆک دەتوانێت ڤیتۆی هەر پاکێجی نوێی یارمەتییە سەربازییەکان بەکاربهێنێت، بە تایبەتیی بۆ ئۆکرانیا.
کۆنترۆڵی هەناردە و سزا ئابوورییەکان
کۆشکی سپیی دەسەڵاتی فراوانی هەیە بۆ سنووردارکردنی هەناردە و دانانی سزای ئابووریی. ئەمریکا دەتوانێت هەناردەی کەلوپەلی دووانە بەکارهێنەر ڕێکبخات، پارەکان بلۆک بکات و مامەڵە ئابوورییەکان ڕابگرێت. دیموکراتەکانیش دەتوانن چاودێریی زیاتر لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە بکەن.
کۆنترۆڵی چوونەژوورەوە و کۆچبەریی
ترەمپ بە پشتبەستن بە یاسای کۆچبەریی و هاووڵاتیبوون، دەسەڵاتی فراوانی هەیە بۆ سنووردارکردنی چوونەژوورەوەی بیانییەکان. لە حوزەیرانی 2025دا، سنووری لەسەر چوونەژوورەوەی هاووڵاتیانی 19 وڵات دانا، هەروەک دیموکراتەکانیش دەتوانن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە کارکردنی دامەزراوەکانی کۆچبەریی و ئاسایشی ناوخۆ، فشار بخەنە سەر ئیدارەی ترەمپ.
فرۆشتنی چەک
فرۆشتنی چەک بوارێکی دیکەیە کە کۆشکی سپیی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەیە. ترەمپ لەم ساڵدا دەسەڵاتی دۆخی فریاکەوتنی بەکارهێنا بۆ تێپەڕاندنی پێداچوونەوەی کۆنگرێس بە چەندین گرێبەستی چەکی ملیاردی لەگەڵ هاوبەشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەک، پاکێجی چەکی پێشنیارکراو بۆ تایوان بە نرخی نزیکەی 14 ملیار دۆلار، بۆتە خاڵی ناکۆکیی لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پەکین. ترەمپ تا ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر نەداوە و بە "کارتی مامەڵەیەکی زۆر باش" وەسفی کردووە.
لە کۆتاییدا، "بلومبێرگ" دەڵێت سەرەڕای گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە کۆنگرێس، دەسەڵاتە یاساییەکانی سەرۆک لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی، هێشتا بوارێکی فراوان بۆ ترەمپ دەپارێزن تا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی.
