گرژییەكانی زەیدی و حزبوڵڵا كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوەشاندەوە

عیراق

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 617 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران هەڵوەشایەوە بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر گروپە چەكدارەكان.

سەرچاوەیەك ڕایگەیاندووە، ناكۆكییەكان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەرەسەندنی نێوان حكومەت و حزبوڵڵا بووە، هەروەها پێشكەوتنی لیژنە چوار قۆڵییەكە لە دانوستانەكانی لەگەڵ گروپە چەكدارەكان سەبارەت بە ڕێككەوتنی سنوورداركردنی چەك.

بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر پێش ئەوەی وادەیەكی نوێ بۆ كۆبوونەوە فراوانكراوەكە دیاری بكرێت، بە مەبەستی ئەوەی ناكۆكییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا زیاتر نەبن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا كە ناڕەزایی لەنێو بەشێك لە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی زەیدی لە دژی حزبوڵڵا، هۆشداریشیدا لەوەی كە بەردەوامبوونی ئەم هەڵكشانەی زەیدی دەتوانێت پاڵ بە گروپە چەكدارەكانی دیكەوە بنێت بۆ ئەوەی هاودەنگی لەگەڵ ئەو گروپەدا بكەن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی دانوستانە بەردەوامەكانی سنوورداركردنی چەك.

پێشتریش سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند كە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لە ماڵی هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی كاردانەوەی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان حكومەت و حزبوڵڵا، هەروەها ئەو پرسانەی پەیوەستن بە كۆنترۆڵكردنی چەك.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادبوونی بەرچاوی ناكۆكی نێوان زەیدی و  حزبوڵڵا لەسەر بابەتی سیاسی، ئەمنی و ئابووری هەبوو. ئەمەش لەگەڵ شەڕی میدیایی و ڕێوشوێنەكانی حكومەت لەوانە چالاككردنی فەرمانی دەستگیركردن لە دژی ژمارەیەك كەسی داواكراوی سەر بەگروپەكە.

پرسی كۆنترۆڵكردنی چەك یەكێكە لە خاڵە دیارەكانی ململانێی نێوان حكومەت و گروپە چەكدارەكان، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی حزبوڵڵا، نوجەبا و سەید شوهەدا كە ڕەتیدەكەنەوە دەستبەرداری توانا سەربازییەكانیان بن.

هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لەم بابەتەدا پشتیوانی ڕاگەیەندراوی ئەمریكای وەرگرتووە، هەروەك وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی زەیدی بۆ سەروەری وڵات و دەستبەسەرداگرتنی چەك و ڕێگریكردن لە هێرشی چەكداری دووپاتكردەوە، هاوكات كۆشكی سپی جەختی لەسەر پێویستی گواستنەوەی چەكی گروپەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی كردەوە.