شارپرێس:
ڕۆژنامەی میدڵ ئیست ئای لەڕاپۆرتێکی شیکاریی بەپەلەدا ئاشکرایکردوه،
لیژنەی پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەڕاپۆرتێکی نهێنیدا، بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەسەر
تێوەگلانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیمارات لەبەکرێگرتنو گواستنەوەی چەکدارانی بەئەزمونی
کۆڵۆمبیا بۆ ناو خاکی سودان خستوەتەڕوو، بەمەبەستی شەڕکردن لەپاڵ هێزەکانی پشتیوانیی
خێرا (RSF)
دژ بەسوپای نیشتمانیی سودان.
تۆڕی گواستنەوەو بنکەکانی ڕاهێنان لەسۆمالیاو لیبیا
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکە پەردە لەسەر میکانیزمی گواستنەوەی چەکدارە بیانییەکان
لادەدات، کۆمپانیای ئەمنیی (GSSG) کە بنکەکەی لەئیماراتەو
پهیوەندیی نزیکی بەحکومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە، پرۆسەی بەکرێگرتنو گواستنەوەی چەکدارە
کۆڵۆمبیاییەکانی لەڕێگەی هێڵەکانی لیبیا، سۆمالیاو چادەوە بۆ ناو سودان ڕێکخستوە.
باس لهوهشكراوه، ئەم چەکدارانە لەناوچەکانی ئەبوزەبی، غەیاسیو ئەلوەسبە
لەناوخاکی ئیمارات، هاوکات لەبنکەی پۆلیسی دەریایی پۆنتلاند لەشاری "بۆساسۆ"ی
سۆمالیا ڕاهێنانیان پێکراوە کە سەرجەم تێچوو و چاودێریی پڕۆژەکە لەلایەن هێزە سەربازییەکانی
ئیماراتەوە دابینکراوە.
ئەرکی سەربازیی کۆڵۆمبیاییەکان لەجەنگی دارفوردا
بهگوێرهى زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەم یەکە بەکرێگیراوانە
ڕۆڵێکی سەرەکیو یەکلاکەرەوەیان لەبەرژەوەندیی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF)
لەهەرێمی دارفور گێڕاوە، بەتایبەتی لەکاتی گەمارۆدانو داگیرکردنی شاری ستراتیژیی
"ئەلفاشەر"دا، ئەرکە سەرەکییەکانیشیان بریتیبن لە(پێشکەشکردنی پاڵپشتیی
تەکنیکی، سەربازییو لۆجستیی مەیدانی، بەڕێوەبردنو ئاڕاستەکردنی فڕۆکە بێفۆکەسەکان
(درۆن)، سەرپەرشتیکردنی هێڵەکانی تۆپخانەو پاڵپشتیکردنی هێزی پیادە لەکاتی هێرشەکاندا).
کێبڕکێی کورسیی نەتەوەیەکگرتوەکانو وەڵامی ئەبوزەبی
ئاشکرابونی ئەم بەڵگە ئەمنییانە لەکاتێکدایە کە لانا نوسەیبە دیپلۆماتکاری
باڵای ئیماراتی، هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان
دەستپێکردوە.
لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەری فەرمیی سوودان لەبەریتانیا هۆشداریداوە کە
کاندیدبونی ئەم دیپلۆماتکارە نابێت ببێتە مایەی پشتگوێخستن یان شاردنەوەی ئەو تۆمەتە
نێودەوڵەتییانەی ئاڕاستەی ئیمارات کراون، لەبەرامبەردا، دەوڵەتی ئیمارات سەرجەم ئەم
ڕاپۆرتانە ڕەتدەکاتەوەو جەختدەکاتەوە، هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی سەربازیی لەجەنگی
ناوخۆیی سوداندا نییە.
