سوریا خۆی بۆ ئەندامبون لەهاوپەیمانیی مەککە ئامادە دەکات و ئیسرائیلیش نیگەرانە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی زانیارییەکانی ئەسۆشێیتدپرێس، سووریا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەستبوونی بە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش دەکات کە بەشداریی عەرەبستان، تورکیا و پاکستان تێدایە و بە "هاوپەیمانی مەککە" ناسراوە.

 
دوو سەرچاوەی سووری ئاماژەیان بەوە داوە کە بڕیار لەسەر پەیوەستبوونی سووریا بە ڕێککەوتنەکە دراوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە. لە بەرانبەردا، سەرچاوە هەرێمایەتییەکە گوتوویەتی گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن.

سەرچاوەکە زیادیکردووە کە یەکێک لە نیگەرانییەکان ئەوەیە سووریا داوای پشتگیریی لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.

لەلایەکی ترەوە، بەرپرسیارێکی هەرێمیی بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتدپرێس (AP)ی ڕاگەیاندووە کە سووریا خۆی بۆ ناردنی شەڕکەر بۆ عەرەبستانی سعودی ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە جێگیر بکرێن و لەوانەیە دواتر بەشداری لە شەڕی دژی حووسییەکانی یەمەن بکەن.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا ناردنی هێز بۆ یەمەنی ڕەتکردۆتەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووری، ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و ڕیاز زیاتر پەیوەندی بە ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکانی سووریا و بەهێزکردنی تواناکانیانەوە هەیە.