تورکیا تاکۆتایی ئەمساڵ بنکەی سەربازیی زلیکان چۆڵ دەکات

عیراق

28 خولەک پێش ئێستا‌ 53 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەباح نوعمان، وتەبێژی سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە پرۆسەی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی تورکیا لە بنکەی سەربازیی زلیکان، لە ناوچەی باشیقە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێدەکات و تا کۆتایی ساڵی 2026 تەواو دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی بەرنامەی پلان بۆدانراو، لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوودا، بنکەی زلیکان بە تەواوی دەدرێتەوە بە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و بوونی سەربازیی تورکیا لەو بنکەیە کۆتایی پێدێت.

نوعمان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلعێراقییە، ئاشکرای کرد کە لیژنەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا دەستی بە کارەکانی کردووە، بۆ وەرگرتنەوەی بنکەی زلیکان و بەهێزکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان لە شنگال. ئەم لیژنەیە نوێنەرانی هەردوو لایەنی عێراقی و تورکی لەخۆدەگرێت و چالاکییەکانی لە ماوەی داهاتوودا زیاتر دەبن.

بەپێی وتەکانی نوعمان، چالاککردنەوەی ئەم لیژنەیە ئەنجامی تێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، و سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەکەیان لە نیویۆرکە لە 23ی ئەیلوولی ڕابردوو.

ئەو تێگەیشتنە هاوبەشانە چوار بنەمای سەرەکییان لەخۆگرتووە، کە بریتین لە قووڵکردنەوەی هاوکاریی ئەمنی و ستراتیژیی، بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە شنگال، کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزە تورکییەکان لە بنکەی زلیکان و فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری.

ئەلنوعمان ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشکەوتنەکانی شنگال، بە تایبەتی سپاردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە بە سوپای عێراق و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان، ڕۆڵێکی گرنگیان لە هاندانی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و رادەستکردنەەەی بنکەی زلیکاندا هەبووە.